قۆرخکاری لە میدیادا بابەتێکی نوێ نییە لە جیهاندا، هەر لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی کاری رۆژنامەوانی و دوای قۆرخکاری ئابووری دەسەڵات نۆرەی قۆرخکردنی میدیا دێت.
لە هەر کۆمەڵگەیەکدا ئەوکاتەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و پێنەدانی زانیاری و رۆڵپێدان بە کۆمەڵێک میدیای دیاریکراو، دەرەقەتی هۆشیاری تاک و رۆژنامەنووس و پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا نایەت، ئیتر رێگای ئەلیکترۆنی بۆ سانسۆر خستنە سەر میدیاکان و ناچالاک کردن و داخستنیان دەبێتە سزایەکی نوێ بۆ کارکردنیان بە پێچەوانەی ئاراستە و بەرژەوەندی تایبەت، بە ناوی رێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنییەوە.
بەکار هێنانی سۆشیال میدیا بۆ خزمەتی خۆیان
پاشان ئاراستەکردنی کۆمەڵێکی تر لە میدیا بۆ گۆڕینی رای گشتی لەسەر پرسێک لە قازانجی دەسەڵات یان لایەنێکی دەسەڵاتدار لە حکومەت دێتە ئاراوە، دەکرێت بڵیێن دیکتاتۆرییەکی مۆدێرن بە بەرگێکی دیموکراسییەوە بەتوندی کار لەسەر ڕای گشتی ئەکات و میدیا بەتەواوی قۆرخدەکات لە بەرژەوەندی تەنها یەک لایەن و دەستە.
لە کۆندا قۆرخکاری بریتی بووە لە پێدانی زانیاری و هەواڵی ئامادەکراو بە ئامانجێکی دیاریکراو بە کەناڵ و میدیایەکی سنووردار بۆ گۆڕینی رای گشتی لەسەر پرسێکی دیاریکراو، کە هەمیشە بەشێک بوون لە پەردەپۆشکردن و بە لاڕێدا بردنی کەیس و بابەتەکان، ئەمە جگە لە ترس و تۆقاندن و گرتن و هەڕەشە لە میدیاکاران، لە لایەکی ترەوە سنووردارکردنی رووماڵکردن لە کۆمەڵێکی تری میدیا، بەشداری پێنەکردن و رێگریکردن لە کارکردنیان.
خێراترین و کاریگەرترین جۆری میدیا میدیای ئەلیکترۆنییە، لە هەرێمی کوردستانیش لە دەرەوەی یاسا و رێنماییەکان بێسنوور پێگەی ئەلیکترۆنی هەن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کۆنترۆڵکردن و سنووردارکردنی لە ئەرزی واقعدا هەوڵێکی بێ ئەنجام دەبێت، بۆیە رێگای تر گیراوەتە بەر و کاریگەرییەکانی دەرکەوتوون لە ئایندەیەکی نزیکدا روونتر و زیاتر دەردەکەوێت، ئەویش بە وەرگرتنی رەزامەندی و ناساندنی پێگەکانی حکومەت و چەند پێگەیەکی تری نزیک لە دەسەڵات وەک پێگەیەکی فەرمی لە لای کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناسێنراون، کە وێنای مۆڵەتی نێودەوڵەتی دەکات بۆ کارکردن کە جێگرەوەی مۆڵەتی کاکردنی دەوڵەتن.
ئاوێتە بوونی سۆشیال میدیا و رای گشتی
بۆیە چیتر سنووردارکردنی چالاکی و میدیاکانی هەرێمی کوردستان کارێکی هێندە قورس نابێت، دەشکرێت بە بڕیاری رەسمی ئەم هەنگاوانە بۆ سنووردارکردنی توانا و بوونی میدیای ئەلیکترۆنی جێبەجێ بکرێت، دواجار قۆرخکردنی میدیای ئەلیکترۆنیش ئاسایی دەبێتەوە و ئاسانتر لەهەر جۆرێکی تری میدیا توانای سانسۆرکردن و لەناوبردنی دەبێت.
دەبێت بەگرنگیەوە لە ئاوێتە بوونی سۆشیال میدیا و رای گشتی بڕوانین، ئەمڕۆ گەورەترین جەنگ سۆشیال میدیا دەیکات، کاریگەرییەکانی هێندە خێران بۆتە جێگرەوەی جەنگی ئابووری و سەربازی و فکری و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی کە داهاتووی هەر کیانێک پەیوەستە پێیانەوە.
بۆیە پێویستە خاوەن میدیا ئەلیکترۆنییەکان لە هەرێمی کوردستان ئەگەر حزبن یان حکومەت یان سەرمایەدار، کە خۆیان بە بەشێک لە میدیای خزمەتکاری خەڵک دەزانن، رێکارە رەسمییەکان بگرنە بەر و هەستن بە ناساندنی پێگە و میدیاکانیان لە کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە کۆمپانیای نێودەوڵەتین و لە چوارچێوەی سیستمی سەرمایەداریدا بەرژەوەندی خۆیان و دەوڵەتیان لەبەرچاو دەگرن، بۆ ئەوەی لە کۆت و بەند و سانسۆری نێودەوڵەتی یان هەرێمیی کە هەندێک جار لایەنێکی دیاریکراو پێی هەڵدەستێت، رێسەکەیان لێ نەکاتەوە خوری.