یەکێتی چی دەکات؟

11:38 - 2022-12-22
کاروان سامان
706 خوێندراوەتەوە

گرێدانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی بەغدا بەزنجیرە کۆبوونەوە و کۆکردنەوەیان لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ، سەرەڕای هەبوونی ناکۆکیان لە پرسە سیاسییەکان و لە هەرێمی کوردستانیش دانیشتن و گفتوگۆکردن لەگەڵ کەسی یەکەمی لایەنە سیاسییەکان لە سەر کۆی پرسەکانی پەیوەست بە ژیانی خەڵک و نوێکردنەوەی پەیمان و پشتیوانی باشوور بۆ رۆژئاوا و کۆبوونەوە لە خاکی رۆژئاوا ،  لێرەش سازش و دانبەخۆداگرتن لەپێناوی پاراستنی ئاسایش و ئەمنیەتی هەرێم و پەرتەوازە نەبوونی زیاتری ناوماڵی کورد لە هەرێم لە بەرامبەر جێبەجێنەکردنی داوای خەڵک و نەبوونی دادپەروەری لە خزمەتگوزاری و دابەشکردنی داهات لە هەرێمی کوردستان، هەروەها پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی خزمەت کە لە ئەنجامی نادادی حکومڕانی و بەئامانجی سزا دێنە پێش چەند ناوچەیەکی دیاری کراوی هەرێم، راشکاوی و چاڵێنجی شافافیەت وەک رێگایەکی مۆدێرنی گەیاندن بۆ سەلماندنی راستی زانیارییەکانی داهاتی زۆنی سەوز بۆ خەڵک و جیهان و بە روونی دەستخستنە سەر کەموکوڕییەکانی حکومڕانی و جیاکارییەکان و وتنی حەق و مافی خەڵک بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی حزبی، لەلایەکیترەوە جموجوڵی خێرا و دروست و ئامادەیی یەکێتی و کورد لە کۆی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەستپێشخەرییەکانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ژینگەی سیاسی  ئاڵۆزی ناوچەکەدا.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ‏سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەم هەنگاوانەی تەنها بۆ ڕاستکردنەوەی رێرەو و بەدەستهێنانی دادپەروەری لە حکومڕانی هەرێمی کوردستان نەکردووە بەڵکو ئەمە وزەیەکی نوێیە لە ئەنجامی پڕبوونی کاسەی سەبری خەڵک و قبووڵنەکردنی نادادی و ناعەدالەتی لە حکومڕانی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا و تێگەیشتن لە خەم و داوای خەڵک هاتوەتە کایەوە.
لەم ئەزموونەدا خەڵک پێی وایە قسەی دڵی هەموان دەکات پێشی وایە ئەم سەرۆکە بەگیانی حزبە پڕ خەبات و قوربانییەکەی سەرکێشی گەورە دەکات بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی گەورە و بەرقەرارکردنی دادپەروەری لە حکومڕانی هەرێمی کوردستان، ئەم هەنگاوانە بە هەموو ئاراستەکان و ئامادەیی کارا و کاریگەری یەکێتی لە چەقی پرسەکانی عیراق و هەرێم و رۆژئاوا بەو هەڵوێست و هەنگاوانە ئومێدی خەڵکی هەرێمی کوردستان و زۆربەی لایەنە سیاسییەکانە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سیاسەتێکی دروست و حەکیمانە پیادە دەکات، بەرپرسیارانە مامەڵە دەکات بۆ رێکخستنی نێوماڵی کورد و رێکخستنەوەی پڕۆسەی سیاسی لە عیراق و بە ئاگایی و تێگەیشتن لە مەترسییەکانی تیرۆر لەسەر ناوچەکە، هەوڵ دەدات گەلی کورد ئامادەیی کارای لە بابەتە هەستیارەکان و پێگەکانی چارەسەر هەبێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەناوخۆش هەوڵی جدی دەدات بۆ وەدەستخستنی دادپەروەری لە حکومڕانی هەرێمی کوردستان و بەدەستهێنانی مافی خەڵک لە خزمەتگوزاری بەبێ جیاوازی ناوچەیی لە هەرێمی کوردستان.
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هۆشیارن و دەزانن کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەروبەندی بەکردارکردنی بەڵێنەکانیدایە کە بە دەنگدەرانی داوە، خەریکە وەفا و شکۆی زیاتر دەدات بە خوێنی شەهیدان و کەسوکارەکانیان، یەکێتی قوربانی دەدات و بڕیاردەدات بۆ بەدەستهێنانی خزمەتی هاوسەنگ و دادپەروەر بۆ هەموو ناوچەیەکی هەرێمی کورستان، هەموانیش دەیزانن داهاتی زۆنی سەوز شەفافە، ناعەدالەتی گەورە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لەسەر حسابی  سامانی خەڵکی هەرێمی کوردستان هەیە هەنگاوە کردەییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڵوێستەکانی رابردوو ئێستای  سەلماندوویەتی کە یەکێتی خاوەن هەڵوێستە لە پرسە نیشتمانییەکاندا، ئەمە سەلماندنی راست و دروستی سیاسەتی ئێستای یەکێتیی نیشتمانیی کورستانە بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەسەر  بیر و باوەڕ و هەڵوێستەکانی سەرۆک مام جەلال بەدرێژایی مێژوو لە کۆی پرسەکانی پەیوەست بە گەلی کورستان.
خەڵک بەدرێژایی مێژوو لە عیراق و بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان تینووی سەرکردەیەکی راشکاو و بوێرن لەبڕیاردان هیوایان لەسەر ئەم هەنگاوە کردەییە خێرایانە لە ئان و ساتی خۆیدا هەڵچنیوە، کەجگە لە باشترکردنی دۆخی حکومڕانی لە هەرێم و بەهێزترکردنی پێگەی گەلی کورد لە عیراق، دەکرێت ئامانجی گەورە لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەوە بەدیبهێنین.

وتارەکانی نوسەر