هەمواری یاساکان گرنگترە لە وادەی هەڵبژاردن

10:49 - 2022-08-16
هیوا محەمەد
306 خوێندراوەتەوە

هەروەک ئەوەی ئێمە هێندە لەناو سیستمی دیموکراسیدا قاڵ بووبینەوە، چەند رۆژێکە لەلایەن هەندێک بەرپرسانی هەرێم و هەندێک لە لایەنە سیاسییەکانەوە باس لەوە دەکرێت ئەگەر هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا نەکرێت، ئەوا دیموکراسیی هەرێم دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و لەناو( مەحافلی دەولیدا) ئابڕوومان دەچێت.
ئەوان سوورن هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت، چونکە خۆیان بڕیاریان لەسەر داوە، بەڵام بە یاسایەکی پڕ لە کەموکووڕییەوە.
پەنابردن بۆ نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عیراق و هێنانی بۆ کۆبوونەوەی حزبەکان، بە مەبەستی رەسمی پێدانی کۆبوونەوەکانە، ئەمە لەکاتێکدا کە زۆرینەی حزبە سیاسییەکان دەیانەوێت شێوازی هەڵبژاردن دیاری بکرێتەوە و یاساکانی هەموار بکرێنەوە، چونکە لە دوای تێپەڕبوونی چەندین خولی هەڵبژاردن دەردەکەوێت کە نادادپەروەریی هەیە لە چۆنێتی دەنگدان لە رووی بازنەکانەوە و دابەشکردنی کورسییە کۆتاکان و تۆماری دەنگدەران، کە ئەمانە رێخۆشکەرن بۆ ساختەکاری.
لە چالاکییەکی سەربازیدا دەبێت چەکدارەکان پێش هەر شتێک خۆیان ئامادە بکەن لە رووی چەک و جەستە و هەموو پێویستییەکانی دیکەوە دواتر  بەرەو شوێنی ئۆپەراسیۆنەکەیان بچن.
هەڵبژاردن دەبێت رەزامەندیی هەموو لایەنە سیاسییەکانی لەسەر بێت کە تێیدا بەشدار دەبن، یان لانیکەم زۆرینەیان پێی رازی بن، دەنا چۆن دەگونجێت ئەو زۆرینە ناڕازییە بچنە هەڵبژاردنێکەوە کە سوور بزانن لایەنی دەسەڵاتدار دەیەوێت هەروەک ئەوانی پێشوو لە رێگەی ئەم یاسا ناتەواوەوە جارێکی تر بەشێکی زۆری کورسییەکان بۆ خۆی ببات و بڵێت ئێمە زۆرینەمان هێناوە و جار لەدوای جار دەنگەکانی هەڵکشێت و لایەنەکانی دیکە دابەزێت؟ لەکاتێکدا کە ماوەیەکی زۆرە خەڵک لەو شیوازە فەرمانڕەواییە نیگەرانە، کەچی بە پێچەوانەوە دەنگەکانیان زیاتر دەبێت، بۆیە دەبێت ئەو مووە لەو ماستەدا بدۆزرێتەوە و دەربهێندرێت!
چوونە ناو هەڵبژاردنەوە بەم هەیکەلەی ئێستای کۆمسیون و یاسا بەسەرچووەوە، لە بەرژەوەندیی حزبەکاندا نییە بەگشتی، جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان.
ئەوەش دۆخی هەرێم دەشێوێنێت و دەیخاتە ناسەقامگیرییەوە، بۆیە دەبێت وادەی هەڵبژاردن دوابخرێت، لانیکەم بۆ سێ مانگ لەدوای وادەی دیاریکراوەوە، لەگەڵیدا پەرلەمان بکەوێتە شەن و کەوی یاسای هەڵبژاردن، بەتایبەتی لەسەر ئەو چەند خاڵە بە تەوافوق رێکەوتن بکرێت.
سەیرە بۆچی هەرێم دوو ساڵ بە پەرلەمانی داخراوەوە بەڕێوەچوو، بەڵام بە دواکەوتنی هەڵبژاردنی نوێ بۆ چەند مانگێک لە وادەی دیاریکراو کاول دەبێت و لە مەحفەلی دەولیدا ئابڕووی دەچێت! گرنگ نەهێشتنی گومانەکان و هەڵبژاردنێکی خاوێنە بە یاسا و تۆمارێکی خاوێن، ئەگەر ئەوە نەکەین بەوە هەرێم ئابڕووی دەچێت.
دۆخی هەرێم و ناوچەکە هێندە لەبار و ئاشتی ئامێز نییە تا گوێ نەدرێتە سیاسەتی تەوافوق و هەرکەس بیەوێت خۆی بسەپێنێت، دەبینین چۆن عیراق دابەش بووە و هەریەکەشیان خۆی بەوی دیکە ناگۆڕێتەوە و تەنها عیراق و عیراقییەکان وەک خەڵک زیانیان پێدەگات؟

هەرێم دوو ساڵ بە پەرلەمانی داخراو بەڕێوەچووە، لەبەر ئەمە بە دواکەوتنی وادەی دیاریکراو بۆ چەند مانگێک کاول نابێت، گرنگ نەهێشتنی پاشقولەکانە کە بە پەنارتی وەرناگیرێت و دەڵێن بردمانەوە

وتارەکانی نوسەر