ستەم هەر ستەمە، هەرکەس بیکات

10:45 - 2025-06-30
هیوا محەمەد
113 خوێندراوەتەوە

راپەڕینی 1991 لە سنووری راپەڕینەوە دەستیپێکرد، هاتە سلێمانی و دوای چەند رۆژێک، هەولێریشی بزواند و دڵنیای کردن کە سەرکەوتن مسۆگەرە و چیدی ترس لە هەستانەوە و گەڕانەوەی دوژمن نەماوە.
ئیتر بەدوایدا دهۆک و کەرکوک و شارۆچکە و گوندە کوردستانییەکانی تریش راپەڕین و سەرکەوتن. هۆکاری ئەم راپەڕینە ستەمی زۆری دوژمن بوو، چەوساندنەوە بوو، کوشتن و بڕین و لە سێدارەدان و ئەنفالکردن و سووتاندنی زێدی باپیرانی سەدان هەزار جووتیار بوو.
ستەمی ئێستا چییە؟
ستەم جۆری زۆرە، جار هەبووە کەسێک لەسەر دزینی نانێک گیراوە و زیندانی کراوە، چونکە دزی هەر دزییە، کەم بێت یان زۆر، ستەمیش هەر شێوەیەک بێت، کەم یان زۆر هەر ستەمە، هەر حکومڕانییەک لە خزمەتی خەڵکدا نەبوو، ئاڕاستەی کۆمەڵگەکەی بەرەو دڵەڕاوکێ و ناسەقامگیریی برد، گەندەڵیی کرد و قووتی خەڵکی دزی، لەسەر سامانی وڵات سەدان کۆشک و ئۆتۆمبێل و فڕۆکە و شتی گرانبەهای دروستکرد و کڕی، هەرکەس بە خوێی چێشت بەخۆی گەیشت دەوڵەمەندی کرد، سەرەڕای هەموو ئەمانەش بەبەرچاوییەوە سەدان هەزار خێزانی کەم دەرامەت لە وڵاتەکەیدا بژی و بێ لانە و حاڵ بن، ئیتر چۆن نابێتە ستەمکار؟
خەڵک چی بکات بۆ راگرتنی ستەمکاری؟
بڕیار نییە ئەوانەی حکومڕانیی دەکەن، تەنها لە خزمەتی خۆیان و دەورووبەریان و حزبی خۆیاندا بن و بشڵێن ئێمە وڵات بەڕێوەدەبەین، لەمانەمان زۆر بینیووە، نزیکترینیان رژێمی بەعس بوو، دەستەیەکی ملیۆنێری ئەو دەمە، خاوەن عەشیرەت و پێگەی کۆمەڵایەتی، دەیان دەستەبژێر لە عەشیرەتە بەناوبانگەکانی عیراق و عەرەب شانازییان پێوە دەکردن، چەندین شاعیری میللی بە شان و باڵیاندا هەڵی دەدا، دەیان سروودی پیاداهەڵدان بەسەر بەعس و سەدامدا، تەنانەت بەسەر حەلای کچی و عودەی و قوسەی کوڕی وتران و لە گوێی عیراقییە بەعسییەکاندا دەنگی دەدایەوە و دەوترایەوە.
ئێستا ئێمە لێرە و لەوێ لە هەندێک پارچەی جوگرافیای ئەم هەرێمە، خەریکە دەگەڕێینەوە بۆ ئەو دۆخە، ئەو دەم دەستە دەستە، خەڵک لەسێدارە دەدرا، شۆڕشێک ئامادەی گیانفیدایی بوو لەسەر پێی خۆی راوەستابوو، بەڵام ئەمڕۆ بکەرانی ئەو خەباتەی رابردوو، ئەوانەی قوربانییان دا، پاشماوەی ئەو قوربانییانە، نایانەوێت ماندوێتی و خوێنی شەهیدەکانیان بەفیڕۆ بڕوات و لە سایەی سیاسەتی قۆرخکاری و بەتاڵانبردنی سامانی وڵات، ئەمان هەواڵی گەیشتنی مووچەکەیان بە گرنگترین شت بزانن! 
ئیتر ئەم ستەمی حکومڕانییەی ئێستا جیاوازیی لەو جۆرە و ستەمەکانی دیکە چییە؟  ئێستا ئەوانەی ئێمە هێناماننە سەر ئەم تەختی پاشایەتییە، خۆیان لەڕێگەی راگرتن و دواخستنی مووچەکانمانەوە بە جۆرێکی تر و بە دیوێکی تردا ستەممان لێ دەکەن!
ئاخر گەلۆ ئەمە ستەم نییە؟ خۆیان بوونەتە ملیاردێر و بە ئێمەش دەڵێن کەرامەت لە پێش پارە و مووچەوەیە؟  پێم بڵین ئاخۆ کەسێک هەیە بێ خواردن بتوانێت تەنها بە کەرامەت درێژە بە ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵی بدات؟ ئەی ئەگەر مووچەخۆرەکەی دایک و باوکی، مووچەکەی وەرنەگرێت و نەیباتە بازاڕ و خەرجیی نەکێشێت، بازاڕ چۆن گەرم دەبێت و بازاڕی کڕین و فرۆشتن چۆن گەرم دەبێت؟ چۆن هەمووان بەم ئاڵوگۆڕە دەتوانن پێداویستییەکانیان بەدەستبهێنن؟
پێویستە خەڵک لەڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە سزای ئەو دەستەیە بدەن کە دەستیان گرتووە بەسەر قووتی خەڵکدا و نایانەوێت هەموو داهاتەکانی هەرێم بۆ بەغدا ئاشکرا بکەن، چونکە ئەگەر ئەمە کرا، ئەوا بواری پڕکردنەوەی گیرفان بە ناشەرعی نامێنێت و تا دێت چاوچنۆک تر دەبن، چونکە ئەوانەی دەوریان بەرەو زیادبوون دەچن!

وتارەکانی نوسەر