بۆچی تائێستا عیراق ئاسمانی نەبوو بیپارێزێت؟

09:56 - 2025-06-26
هیوا محەمەد
43 خوێندراوەتەوە

لە بەغدا هەندێک لە کەڵە سیاسییەکان لەبەرامبەر مافێکی هەرێم یان هەڵوێستێکی هەرێم، خێرا پەنا بۆ پاراستنی سەروەریی عیراق دەبەن، کەچی بۆ لایەنە ئیقلیمی و نێودوڵەتییەکانی تر، هەرچەند بە ئارەزووی خۆیان خاکمان دەبەزێنن و بنە و بارەگای خۆیانی تێدا دادەمەزرێنن، کەس ورتەی لێوە نایەت، خۆ ئەگەر گوێمان لە وتەیەکیش بێت، لە پاڕانەوە زیاتر نییە یان ناڕەزایی دەربڕینێکی رەسمیی بێ کاریگەرە، یان خستنەگەڕی کارتی ئاو و نەوت، لەسەر حسابی هەرێم.

 

هەر مەترسییەک ببێت بۆ سەر عیراق، هەرێمی کوردستان خۆی بە بەرپرس نازانێت لە داکۆکیکردن لێی، چونکە بەغدا تائێستا لە سزادانی هەرێم و خەڵکەکەیدایە و هیچ هەڵوێست و هەنگاوێکیشی بۆ پاراستنی سەروەریی وڵاتەکەی نییە

چەند ساڵێکە سوپای تورکیا لەناو هەرێمی کوردستاندا دەیان سەربازگە و خاڵی دیکەی داناوە، بەڵام بەغدا نەیتوانیوە لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە بە گەڕانەوە بۆ یاسای نێودەوڵەتی، رێگریی بکات لە بوونی ئەو سوپایە لە هەرێمی کوردستانی سەر بە عیراقی فیدراڵ و نەگەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی ئەمە پێشێلکردنی سەروەریی عیراقە!.
ناوی عیراق زڕاوە، لەهەر جێیەکی ئەم دونیایە گوێیان لەم ناوە بێت، خوێن رشتن و تیرۆریان بیر دەکەوێتەوە، وەک ناوەندی پێگەیاندنی هەستی تیرۆر دەیبینن، ئێرە شوێنی لەدایک بوونی تیرۆری دوای نەمانی رژێمی بەعس بوو، لە ئەنسارولئیسلام و جوندلئیسلام بۆ داعش، هەموویان لێرەوە سەریانهەڵدا.
ئەم وڵاتە بەوە دەزانن کە هەر لایەنێک هێزی هەبێت دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی تەراتێنی تێدا بکات، بێ پرس خۆیان دەکەن بەناو خاکەکەیدا و دێن و دەچن، لە دەرەوە فەرمانی بۆ دەردەچێت چی بکات و چی نەکات، ئەگەرچی وڵاتێکە پەرلەمان و حکومەتی خۆی هەیە و بە هەڵبژاردن کراوە، بەڵام هەڵوێست و هەنگاوە ستراتیژییەکانی لە دەرەوە دەسەپێندرێت و سەرچاوەکەیان پەرلەمانی وڵات نییە.
نوێترین رووداو، بەزاندنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان و عیراق بە گشتییە لەلایەن فرۆکەکانی ئیسرائیلەوە، هەروەها رەتدانەوەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، لەکاتێکدا هیچ رێککەوتنێکی دوو قۆڵی نییە لە نێوانماندا کە رێگە بەوە بدات هەرکات ویستیان بیبەزێنن، هەردوولاشیان گلەیی دەکەن لەوەی چۆن دەهێڵن ئەمە رووبدات.
هەرچی ئیسرائیلە، ئەگەر نەیتوانیبایە ئاسمانی عیراق ببەزێنێت و پیایدا تێپەڕێت بۆ ئێران، ئەوا ئەستەم بوو بتوانێت بە فڕۆکە لەو وڵاتە بدات، ئێرانیش بە هەمان شێوە بەسەر عیراقدا نەبوایە، نەیدەتوانی ئەمە بکات، ئەمەش دەیتوانی پێشگیری بکات لە روودانی ئەم هێڕشانە بۆ سەر یەکتر، لەولاشەوە ئەمریکا بەهەمان شێوە. ئێستا خاک و ئاسمانی عیراق کراوەیە، بۆ هەر هێزێک، وڵاتێک، لایەنێک کە پێ بخاتە ناوییەوە و ئاسمانەکەشی ببەزێنێت!.
وڵاتێک نەتوانێت ئەم سەروەرییانەی خۆی بپارێزێت، ئیتر وڵاتی چییە؟ با فڕۆکەیەکی سەربازیی، بێ مۆڵەتی پێشوەختە بەسەر ئاسمانی کوێتدا بڕوات، بزانن رێگریی لێدەکرێت یان نا؟ هەروەک ئەوەی لە دوا رۆژی ئەو جەنگەدا لە قەتەر روویدا.
لەیەکەم رۆژی راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران، بە فەرمانی ترەمپ، بەدوایدا سەرۆکی حکومەتی عیراق دەڵێت لە هەوڵی ئەوەداین بەرگریی ئاسمانی بەهێز بکەین و رێگەنادەین ئاسمانی وڵاتەکەمان ببەزێنرێت (ئەمە لەپاش ئەوەی بۆ 12 رۆژ ئاسمانی عیراق کرابووە رێڕەوی تێپەڕینی هەزاران موشەک و فڕۆکە) نوێنەری عیراق لە ئەنجومەنی ئاساییش لە هەفتەی رابردوودا وتی ئەمشەو 20 فڕۆکەی ئیسرائیل بەسەر پارێزگاکانی زیقاڕ و دیوانیە و نەجەفدا تێپەڕیون.
مانەوەی ئەم  وڵاتە بەم کراوەییە، سەروەرییەکەی دەخاتە ژێر مەترسییەوە، ئیتر ئەمەش نەخرێتە ملی کورد و بڵێن دەیانەوێت عیراق دابەش بکەن، ئەم وڵاتە ئاوا لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە دابەشکراوە و سیاسییەکانی بەغداش زۆربەیان تەسلیمی ئەم ئەمری واقیعە بوون و دەسەڵاتی رێگریی یان رەتدانەوەیان نییە، هەژموونی لەدەستدراوی بەغدا بە ئاسانی ناگەڕێتەوە، دڵنیاشم هەر مەترسییەک ببێت بۆ سەر عیراق، هەرێمی کوردستان خۆی بە بەرپرس نازانێت لە داکۆکیکردن لێی، چونکە بەغدا تائێستا لە سزادانی هەرێم و خەڵکەکەیدایە و هیچ هەڵوێست و هەنگاوێکی بۆ پاراستنی ئەم وڵاتە نییە لەبەرامبەر هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی، تەنها بە کورد فێرە!. هێندەی لەڕووی ئەوە دەوەستێتەوە کە کەرکوک کوردستانی بێت، هێندە ناتوانێت رێگریی لە تەنێکی غەریب بکات کە بەسەر ئاسمانەکەیەوە بێت.

وتارەکانی نوسەر