سیاسەت و بازرگانی

10:07 - 2022-08-22
هەستیار مارف ئاغا
661 خوێندراوەتەوە

سیاسەت و بازرگانی کردن دوو بابەتی جودان، خەڵکی سیاسی گرنگی بەکاری سیاسی دەدات و خۆی بۆ ئەو بوارە تەرخان دەکات.
خەڵکی سەرمایەدار یاخود بازرگان گرنگی بە کاری بازرگانی و کڕین و فرۆشتن یان سەرمایەگوزاری دەدەن، دوای پاشەکەوت پارە و سەروەت و سامانی خۆیان دەکەون و پەرەی پێدەدەن.
ئاساییە، سیاسەتمەدار دەوڵەمەندبێت، مافی خۆیەتی، سەرەڕای کاروباری سیاسی، بەدوای بژێوی ژیاندا بگەڕێت. 
ناکرێت لەبەر ئەوەی سیاسی بیت، ئیتر دەبێت هەژاربیت، بەڵام دەبێت سەرچاوەی دارایی کەسی  سیاسی ئاشکرا بێت و بە رەنجی شانی خۆی پەیدای بکات نەک لە رێگەی بەکارهێنانی پلە و پۆستەکەیەوە، چونکە ئەوان بەرپرسیارن و بەرپرسیارێتی خەڵکیان لە ئەستۆدایە و نوێنەری خەڵکن و هەمیشە چاوی چاودێرانیان لە سەرە. 
هەڵەکردن یاخود کەوتن و مایەپووچ بوون لە بازرگانیدا، ئاساییە و بازرگانی زیرەک لەدوای هەموو کەوتنێک هەڵدەستێتەوە.
 هەڵەکردنی سیاسییەکان یاخود تێوەگلانیان لە گەندەڵی و سکاندەڵ و بەکارهێنانی پلە و پۆست بۆ مەرامی کەسی، باجەکەی قورس دەبێت و هەتا هەتایە پێوەی داناڵێنێت، لە ژیانی سیاسی و کارگێڕیدا رەنگدانەوەی خراپی دەبێت لە لای هاووڵاتی و لە کۆمەڵگەدا بە گشتی سەرزەنشت دەکرێت.
لەچەند رۆژی رابردوودا چەند بڕیارێکی جوامێرانەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، تایبەت بەوەی کە نابێت ناونیشان و بەرپرسیارێتی لێپرسراوە، حزبی و حکومییەکان، لە سنووری شاری سلێمانیدا، بەکاربێت بۆ دەستکەوتی تایبەت و کەسی، بەتایبەت بۆ وەرگرتنی زەوی و زار و موڵکی گشتی،  یاخود گوشار بخرێتە سەر فەرمانبەران و دامەزراوە حکومییەکان، هەموانی دڵخۆشکرد.
دەرکردنی ئەم جۆرە بڕیارانە لەم ئاستە باڵایانەدا گرنگن بۆ کۆمەڵگە و تۆکمەکردنی کاروباری دامودەزگاکانی حکومەت و سەربەخۆکردنی دەسەڵاتی فەرمانبەر و لێپرسراوی بەڕیوەبەرایەتییەکان و سەرۆکی شارەوانییەکان و پارێزگار کە چیتر هیچ بەرپرسێکی حزبی و حکومی یان سەربازیی، ناتوانێت بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان، ناونیشان و پۆستی خۆی بەکاربێنێت بۆ بەرژەوەندی کەسی.
هەروا ئەمە ژیانی شارستانی شیاو دەگەڕێنێتەوە بۆ خەڵک و متمانە و دڵنیایی هاووڵاتیان بە دەستەڵات دروست دەبێتەوە.
دەکرێت بۆ لەمەودوا خەڵک چاوەڕوانی کردنەوەی پڕۆژەی زیاتری ئاوەدانی بن لە هەموو بوارەکاندا.
دەکرێت لەمەو دوا زیادکردنی ئاشکرا و تەرخانکردنی دوکان و کۆشک و موڵک و ماڵ و گرێبەستەکان بە بێ دەڵاڵ و سەرانە، بەڕیوەبچێت. 
سەرجەم ئەرک و فەرمانەکان دەگەڕێنەوە بۆ خاوەنەکانیان و زیادەڕۆی و دەستتێوەردان نامێنێت.

وتارەکانی نوسەر