حزبایەتی و سیاسەتکردن، بۆ خزمەتی گەل و نیشتمانە، بۆیە یەکێتی لەم پێناوەدا سەریهەڵداوە و دروستبووە.
ساڵ و مانگ و رۆژێک نییە پێیدا تێنەپەڕین و یادی شەهیدبوونی سەرکردەیەک یان قارەمانێکی یەکێتی، تێدا نەکرێتەوە.
گەورەترین حزب، زۆرترین ئەندامی کارای هەبێت یەکێتییە، گەورەترین حزب خاوەنی زۆرترین ژمارەی شەهید بێت و زۆرترین ئۆرگانی چالاکی هەبێت، هەر یەکێتییە.
ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی هەمەڕەنگن، تێیاندایە خوێندەوارە و رۆشنبیرە، مامۆستای زانکۆ و پرۆفیسۆرە، سیاسییەکی ژیرە، شۆڕشگێڕی دێرینە و پێشمەرگەیە و تێیاندایە شێرەژنە .
زۆریی ژمارە و جۆر و تایبەتمەندیی ئەندامانی یەکێتی، ئاشکرایە و ئەم خەسڵەتانە وایکردووە، ئەم حزبە هەمیشە حەز بە نوێبوونەوە و گۆڕانکاری بکات، لە پێکهاتە و لە پەیکەربەندیی خۆیدا داهێنان بکات.
ماوەیەکە مەکتەبی رێکخستن سەرقاڵی گۆڕینی شێوازی رێکخستن و پەیکەربەندیی سەرجەم بەشەکانیەتی، بەجۆرێک کە لاوی نوێ و شێوازی نوێی کارکردن و هەیکەلێکی رێکخستنی نوێ بێنێتە ئاراوە.
ئەم گۆڕانکارییانە دەرەنجامێکە کە یەکێتی لە کۆنگرەی پێنجەمدا بڕیاری نوێی لەسەر دابوو.
ناوی نوێ و بەشی نوێ و ئەندامی نوێ هەموو سازدەکرێت و لە رێگەی رێکخستنەوە دەخرێتە خزمەت کۆمەڵانی خەڵکەوە، ئەو خەڵکەی سەرۆک مام جەلال هەمیشە وەک مەرجەع پشتی پێدەبەستن و باسی لێوەدەکردن.
یەکێتی داربەڕووی سەوزبوونەوە و داینەمۆی نوێبوونەوەیە، چونکە ئەم حزبە هەر لەسەرەتای دروستبوونییەوە تا ئەمڕۆ، کۆمەڵێک شۆڕشگێڕ و لاوی خوێنگەرم، کۆمەڵێک بیرمەند و خاوەن ئایدیۆلۆژیای سەردەمیانە، بەڕێوەیان بردووە و بە شێوازێکی نوێ لە خەبات هاتوونەتە مەیدانەوە.
لە هەموو سەردەمێکدا یەکێتی خۆنەویستانە دەستی بردووە بۆ گەورەترین داواکاری و زیرەکانە بە میکانیزمێکی نوێ کوردایەتی کردووە.
خۆڕاگریی حزب و جوامێریی سەرکردە و نەبەردی رۆڵەکانی، شاهیدی ئەوی بۆ دەدەن.
راستگۆیی لە کرداردا و خۆنەویستیی لە بڕیاردا، گەواهی ئەو راستییەن کە تا یەکێتی هەبێت لەپێناوی خاک و خەڵک و نیشتماندا خەبات دەکات، تا یەکێتی هەبێت گیانی بەرەنگاریی زیندوو دەبێت و سازش ناکات.
بۆ شادکردنی دڵی دۆست و ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی، بۆ زیاتر خزمەتکردنی رێبازی مام و یەکێتی، مەکتەبی رێکخستن بە دروشمی «میتۆدێکی نوێ بۆ رێکخستنێکی سەردەمیانە» کۆنفراسی خۆی سازدەکات.
نوێبوونەوەی ئۆرگانەکان پێدانی وزەی زیاترە بە سەرتاپای یەکێتی