بیروبۆچوونی ئەرێنی و نەرێنی لە کاری حزبیدا

10:24 - 2024-02-08
هەستیار مارف ئاغا
213 خوێندراوەتەوە

هەستیار مارف ئاغا

بیرو بۆچوونی ئەرێنی و نەرێنی هەردووکیان لە ژیاندا بە کەڵکن، بۆ نموونە گەردیلەکانی ئاو هەڵگری بارگەی موجەبن و لە هەمان کاتدا هەڵگری بارگەی سالبیشن، واتە ئاو دیوێکی سالب و دیوێکی موجەبی هەیە، ئەمەش وا لە گەردیلەکان دەکات، تایبەتمەندیی خۆیان هەبێت و بتوانن بە ئاسانی کارلێکبکەن لەگەڵ زۆربەی پڕۆتینەکان و پێکهاتە کیمیاییەکانی وەک شەکر و خوێیەکان بتوێننەوە.
لە دروستبوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، چەندین ئایدیۆلۆژیا و رەوت و بیروبۆچوونی  جیاواز تێیدا بەشداربووە، ئەمەش وایکردووە ئەم حزبە لەگەڵ هەر چوار لادا کارلێکبکات و کارابێت و پێکهاتە و تایبەتمەندییەکانی خۆشی لەدەست نەدات. 
سەرەڕای زۆریی بەرە و پێکهاتەکانی ناو یەکێتی، بیروبۆچوونی ئەرێنی یەکێتی لەوەی کە دەستبکات بە خەبات و بە شۆڕش و قوربانیدان، لە سەختترین بارودۆخدا، گەواهی ئەو راستییەن کە ئەم حزبە رادەستبوون و دەستەمۆبوون  و هەرەسهێنان نازانێت، ئەم هێزە بێوچانە و ناسرەوێت تا سەرجەم  ئامانجەکانی گەل بەدینەهێنێت. سەرەڕای سەرکەوتنی یەکێتی لە خەباتدا و بەدیهێنانی ئازادی و دیموکراسی و رزگاری بۆ گەلەکەی، سەرەڕای هەوڵ و بەشداریی کارای یەکێتی لە دروستکردنی قەوارەیەکی یەکگرتوو لە هەرێمدا، هێشتا ئەم حزبە بە رۆحێکی وەرزشیی گەنجانەوە تێدەکۆشێت و رۆژ بەڕۆژ پردی برایەتی و پێکەوە ژیان و حوکمڕانیی راستەقینەی هاوبەش، بەهێزتر دەکات. 
سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتی بەتەنگ داواکاریی سەرجەم چین و توێژەکانەوەن و هەرگیز رێگریی لە ئازادیی رادەربڕین ناکەن و گردبوونەوەکانیش ناشێوێنن.
بیرکردنەوەی ئەرێنی لە یەکێتیدا سەبارەت بە پرسە نیشتمانی و چارەنووسسازەکان، هەڵوێستێکی جوامێرانەیە و هەمیشە  چاوەڕوانی ئەنجامی باش و دڵخۆشکەر دێنێتە ئاراوە.
یەکێتی هیچ کاتێک هەست بە بێزاری ناکات، تەنانەت لەو کاتانەشدا کە  پلان و بەرنامەکان بەو شێوەیەی چاوەڕوان دەکران نەڕۆن، ئەو  هەر بەردەوامدەبێت لە خەبات و کۆڵنادات لە تێکۆشان. 
بەردەوامبوون لە خەبات، واتا دڵسۆزی و بڕوابەخۆبوون و دووبارە و قبووڵنەکردنەوەی شکست، ئەم شێوازی کارکردنەش تەنها لە یەکێتی دەوەشێتەوە کە بەم شێوازە بیربکاتەوە و خەبات بکات.
بەهۆی بیرکردنەوەی ئەرێنی و بڕوا بوون بە دۆزی رەوای کورد و هەوڵی پاراستنی یەکڕیزیی و برایەتی، توانا و تاقەت و بیرکردنەوەیەکی بەهێزی وا لە ناو یەکێتیدا دروستبووە، کە ئەم حزبە دەتوانێت هەمیشە وەک هێزێکی پاڵنەر  و کارا ئاراستەکان یەکبخاتەوە و سەرجەم کێشەکان تاوتوێبکات و لە رێگەی سازان و دیالۆگەوە چارەسەری خێرا و گونجاو بدۆزێتەوە.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین مەل بە باڵێک نافڕێت و هیچ کات گومانی خراپ بە توانا و بیروبۆچوونی ئەرێنی یەکێتی نابرێت.

لە سەرەتاکانی شۆڕشی نوێوە، یەکێتی سەرەڕای بوونی یەک هێزی چەکدار، بەرەی چەند رێکخراوێکی سیاسی لە هەناوی خۆیدا کۆکردبۆوە

وتارەکانی نوسەر