عیراق وڵاتی ئینقیلاب!

09:36 - 2022-08-29
شوان کەریم کابان
364 خوێندراوەتەوە

بە بڕوای من کارتێکردنی وشەی ئینقیلاب لە مرۆڤ زیاتر و کاریگەرترە وەک لە وشەی کودەتا. 
ئینقیلاب وشەیەکی عەرەبییە، واتە ھەڵگەڕانەوە، یان سەرەوژێربوون، لەم عیراقەدا ناوی زۆر ھاتووە و زۆریش بیستراوە و لە ھەمووشی زەرەرمەندتر و خراپتریش، زۆر روویداوە. 
چواردەی تەمموزی 1958 زەعیم عەبدولکەریم قاسم، ئینقیلابی بەسەر حوکمی پاشایەتیدا کرد و پاشاشیان کوشت، لێرەوە عیراق چووە قۆناغێکی ترسناکەوە. 
لە ھەشتی شوباتی 1963 دا، موشیر عەبدولسەلام عارف كە جێگری سەرۆک وەزیران بوو، بە ھاوکاری چەند ئەفسەرێک ئینقیلابی بەسەر عەبدولکەریمدا کرد و عەبدولکەریمیان گوللەباران کرد و دەسەڵاتیان گرتە دەست.
 حوکمی عەبدولسەلام تا ساڵی 1966 بەردەوام بوو، پاش ئەوەی لە رووداوێکی تەمومژاویدا بە ھۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیەوە گیانی لەدەستدا و عەبدولڕەحمان عارفی برای دەسەڵاتی گرتە دەست تا 17 ی تەمموزی 1968 کە بەعسییەکان  ئینقیلابیان بەسەردا کرد و دەسەڵاتیان گرتەوە دەست  و نایف عەبدولڕەزاق بووە سەرۆک وەزیران و لە 30 ی تەمموزی ھەمان ساڵدا بەعسییەکان لەناو خۆیاندا ئینقیلابێکیان کرد و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی خۆیانیان دوور خستەوە و دواتر لە دەرەوەی عیراق کوشتیانن و ئەحمەد حەسەن بەکر بووە سەرۆک کۆمار و سەدام حسێن بووە جێگری. 
سەدام حسێن  لە 16 ی تەمموزی 1979دا بەناوی نەخۆشی و نەبوونی توانای راییکردنی کاروباری دەوڵەت و حزبەوە ئەحمەد حەسەن بەکری لابرد و لەجێی ئەو خۆی بووە سەرۆکی عیراق و سەرۆکی حزبەکەی. لەگەڵ ئەویشدا ژمارەیەک سەرکردەی دەستڕۆیشتووی بەعسی لەکار لاداو کوشتنی.
 کەواتە لە ماوەی 16 ساڵدا، لە عیراقدا پێنج ئینقیلاب روویداوە، چواریان لە مانگی تەمموزدا بووە، ھەربۆیە زۆرێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی وای بۆ دەچن ئەوەی سەماحەتی سەید موقتەدا سەدریش، دەچێتە هەمان چوارچێوەوە ئەگەر هەمان ئامانجی ئینقیلاب بپێکێت، ئەوەش لەکاتێکدایە کە پێش هەڵبژاردنەکەی ساڵی رابردوو بە چەند مانگێک بڕیاری دابوو واز لە سیاسەت بهێنێت. چونکە بەگوێرەی ئەوەی ئێستا کە سەید موقتەدا سەدر دەیەوێت، ھەموو دامودەزگاکانی وڵات پەکبخات، ئینقیلابێکی بێ چەندوچۆنە، چونکە سەرەتا ئەندام و لایەنگرانی رەوتەکەی ھاندا پەرلەمان داگیربکەن و ئەم داگیرکارییەشی بەداخەوە ناونا شۆڕشی عاشورا بۆ راکێشانی سۆزی خەڵک! پاش ئەوەش پەرلەمانی کردە چێشتخانەیەکی رۆژانە و ھەموو رۆژێک سێ ژەم خواردنی تێدا دابەشدەکرا و ئاژەڵ و باڵندەی تێدا سەردەبڕرا. 
ئەوەی جێی سەرنجە لەم پەلامارەی لایەنگران و ئەندامانی رەوتی سەدردا، دەزگا ئەمنییەکان ھیچ ھەڵوێست و رێگرییەکیان نەکرد و پەرلەمانیان زۆر بە ئاسانی داگیرکرد، بیانووەکەش ئەوەبوو ئەوە ناڕەزاییەکی ئاشتیانەیە، لەکاتێکدا دیمەنەکە دیمەنێکی داگیرکاری بوو. 
رووداوی لەم شێوەیە تەنھا لە ئەمریکا و ئۆکرانیا روویانداوە! رێگری نەکردن لە ئەندام و لایەنگرانی رەوتی سەدر لە چوونە نێو پەرلەمان، لایەنگران و خودی سەید موقتەدای ھاندا تا قۆناغی دووەمی پیادە بکەن ئەویش هێرشکردن بوو بۆسەر ئەنجومەنی باڵای دادوەریی تا لەوێ مانبگرن، بەو هۆیەشەوە ئەنجومەنەکە و دادگای باڵای فێدراڵ و ھەموو دامودەزگا پەیوەندیدارەکان کاروبارەکانیان رابگرن و بەمەش پاش پەکخستنی دەسەڵاتی یاسادانان، دەسەڵاتی دادوەریشی پەکخست. 
ئێستا ئینقلابەکە یەک ھەنگاوی ماوە، ئەویش دەستبەسەراگرتنی ئەنجومەنی وەزایران و پەکخستنی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە! 

وتارەکانی نوسەر