باجی چەواشەکاریی گرانە!

09:50 - 2022-08-30
هیوا محەمەد
414 خوێندراوەتەوە

لە کۆبوونەوەکەی سەرۆکی حکومەت لەگەڵ سەرپەرشتیاری دەزگا میدیاییەکان، بە روویەکی سوورهەڵگەڕاوەوە کۆمەڵێک گازندەتان کرد، گوایە میدیاکان بێسەروبەرن، کەچی هەموو بەیانییەک هەڵدەستی و دەبینی ئێوە لە پێش هەموو کەسەوە درۆ و چەواشەکاریی بڵاودەکەنەوە. 
کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رۆژی 08-28 دەمانزانی سەعات چەند دەبەسترێ، ئێوە پێش بەستنی فاڵتان بۆ گرتەوە و وتتان کەسێک نایەوێت ناوی خۆی بڵێت ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کرد.
لە زاری ( ئەو کەسەوە) بەرنامەی کۆبوونەوەکەتان خستە روو، زۆرێکتان لابرد و هەندێکتان لە جێگەی دانا، کە ئەننەما ئێوە پێشتر نەخشەکێشی کۆبوونەوەکە بوون.
بەڵام کاتێک کۆبوونەوە کراو بەیانی کۆتایی دەرچوو، زۆرێک لە درۆکانی ئێوە( کە بەمەستی راکێشانی سەرنجی خوێنەر و بەرز بوونەوەی ژمارەی فۆلۆکانتان) دەیکەن پووچەڵ بۆوە.
ئێوە نین دەڵێن ئێمە هیچ هاوکارییەک لە حكومەت وەرناگرین، بەڵام دەیان کەسایەتی ناو حکومەت و حزب لەژێرەوە پارەتان دەداتێ  بۆ ئەوەی بەیانیان لەگەڵ هەستانی تاکەکان و چوونە ناو کۆمەڵگەوە، بەم درۆ بریقەدارانە مێشکیان پڕ بکەن بە باسێک کە هێشتا نەکراوە؟
ئەمەیە ئەرکی میدیای دەستپاک کە لە خزمەتی کۆمەڵگەدا بێت و بڵێت ئێمە دەمانەوێت کۆمەڵگەکەمان بە شارستانی بکەین؟
ئێوە بەم کارانەتان کە زۆر پشت بە زانیاری بێ سەرچاوە و نادروست و خەیاڵ دەبەستێت، سەر لە تاکەکانی کۆمەڵگە دەشێوێنن، تەنانەت هەواڵی کەش و هەواش بە دروستی بڵاوناکەنەوە، هەفتەی مووچە وەک خۆی ناڵێن و دواتر پۆزش دەهێننەوە گوایە خەتای حکومەتە رۆژەکەی گۆڕیوە، بە مەرجێک ئەوەی ئێوە دەیکەنە هەواڵی بەپەلەی دابەشکردنی مووچە هێشتا لە وەزارەتی دارایی دەرنەچووە.
ئەوە لای ئێوەیە رۆژانە دەبیسترێت کە کەسێک لەناو کۆبوونەوەکەوە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات وتی!
سیاسەتی (کۆکردنەوەی خەڵکتان لە دەوری خۆت) گرتۆتەبەر، بەمەش هیچ جیاوازیتان نابێت لەگەڵ ئەوکەسەی کە بە نمایشکردنی لەشی خۆی سەدان هەزار فۆلۆی رۆژانەی هەیە.
ئەوە هەڵەی حکومڕانی نییە کە ئێوە تاکی سەقەتی بۆ دروست بکەن، وڵات بەبێ حکومەت بەڕێوە ناچێت، دەکرێت کەموکووڕیی هەبێت، دەکرێت گەندەڵی ببێتە هۆکاری لادانی هەر حکومەتێك، بەڵام بە رۆشنبیرکردنی خەڵک و وریاکردنەوەی بۆ گرتنەبەری رێگەچارەی ژیرانە و زانستیانە.
بیر لەوە بکەنەوە کە ئەو تاکەی ئێوە بە درۆ و بوختان مێشکی پڕ دەکەن، سبەینێ بە رووی خۆشتاندا دەوەستێتەوە، چونکە نازانێت راست و چەپ لەکوێدایە و هیچ بۆچوونێکی گونجاوی نییە بۆ چارەسەر، هەر لەبەر ئەمەشە کاتێک خۆپیشاندانێک بۆ داوایەکی رەوا رێکدەخرێت، دەبینیت چەندین کەس دزەدەکەنە ناویەوە و ئاراستەی خۆپیشاندانەکە دەگۆڕن بۆ پشێوی و تێکدان.
ئەوانە لەوانەن کە رۆژانە گوێ لە هەواڵە بێسەروبەرەکانی ئێوە دەگرن. درۆکردن بەلاشە و هیچی تێناچێت، بەڵام باجی ئاشکرابوونی گرانە، ئیتر ئەو پشتوپەنایانەتان(سەرچاوەی داراییتان) بە هێواشی لێتان دەبنەوە و خۆتان بەتەنها وەک مەڕی لە ران بەجێماو دەمێننەوە.

بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست سەر لە تاکەکانی کۆمەڵگە دەشێوێنێت

وتارەکانی نوسەر