لە وڵاتانی پێشکەوتوودا فەرمانگەی پۆستە و گەیاندن دامەزراوەیەکی چالاک و کارایە و خزمەتێکی بەرچاو بە خەڵک دەکات، بەشێوەیەک هەریەکەیەکی نیشتەجێبوون و هاووڵاتییەک، هەر مارکێت و فرۆشگایەک، هەر دەزگایەکیش، سندوقی پۆست و ئەدرەس و ناونیشانی تایبەتی خۆی هەیە، بۆ ئەوەی مەوعید و کۆنتاکت و پەیوەندییان بەیەکەوە پتەو و بەهێزبێت ئیشوکارەکان لە رێی مەوعید و تەلەفۆن و پۆستەوە بکرێت، ئەمەش وا دەکات رۆتین و قەرەباڵغی لەسەر دەزگاکانی حکومەت کەم ببێتەوە کاروبارەکان بە باشی رایی ببن و گلەیی و گازندەنەمێنێت
جێگەی سەرنجە لە سەرجەم شاروشارۆچکەکانی کوردستان فەرمانگەی پۆستە و گەیاندن هەیە، بەڵام تەنها ئیشوکاری نێوان فەرمانگەکان دەکات، بۆیە بۆ نەهێشتنی رۆتین و پیادەکردن و چاکردنی ئەو سیستەمە و چۆنێتی رێکخستنی دامەزراوەی پۆستە لە وڵاتان لە خوارەوە بە چەند خاڵێک دەخەینەڕوو...
-ئەدرەس و ناویشان بەم شێوە رێکخراوە ناوی هاووڵاتی، ناوی گەڕەک، ناوی شەقام، ژمارەی دەرگا، پۆست کۆد، ژمارەی تەلەفون.
-هەر یەکەیەکی نیشتەجێبوون، هەر دەزگا و مارکێت و فرۆشگایەک سندوقی پۆستی تایبەتی خۆی هەیە.
-دەبێت هەر هاووڵاتیەک ئەدرەس و ناونیشانی خۆی بزانێت.
-ئەگەر خێزانێک لە یەک یەکەی نیشتەجێبووندابن، هەر هەموویان یەک ئەدرەسیان دەبێت.
-پەیڕەوکردنی ئەم سیستەمە ئاسانکاریی تەواو دەکات بۆ هێزە ئەمنییەکان بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و ئاگاداربوون لە هاووڵاتیان.
-بۆ سەرکەوتنی ئەم سیستەمە دەبێت ئەدرەسی هاووڵاتیان و شوێنەکان ببەسترێت بە مانگی دەستکردەوە، ئەمەش وادەکات ئاسانکاریی بۆ شۆفێران دروست بێت بۆ دۆزینەوەی ناونیشان کە لە رێی ئامێرێکەوە دەبەسترێت بە شوێن چەرخی ئۆتۆمبێلەوە بۆ تۆمارکردنی ئەو ئەدرەسەی بۆی دەچێت و بە دەنگ و هێما بۆ ئەو مەبەستە رێنمایی دەکات.
-لەسەر هەر نوسراوێک بۆ هاووڵاتی دەکرێت دەبێت لەبەشی سەرەوەی نوسراوەکەدا ئەدرەس و ناوونیشانی بنوسرێت.
-بەبێ بوونی ئەدرەس و ناونیشانی تایبەت هیچ کەسێک بۆ کارکردن وەرناگیرێت.
-ئاساییە کەسێک ئەدرەسی کەسێکی تر بکاتە سەر ئەدرەسی خۆی.
-بۆ ئەوەی نهێنی نووسراوەکان پارێزراو بێت، کاتێک دەخرێتە زەرفەوە، لە بەشی سەرەوەی زەرفەکەدا بۆشاییەک هەبێت بە نایلۆنی ئاوی دابپۆشرێت بۆ ئەوەی ئەدرەسی هاووڵاتی دەربکەوێ و بزانرێت بۆ کوێ دەڕوات.
-دەبێت رۆژانە هەر هاووڵاتییەک تەماشای سندوقی پۆستی خۆی بکات بۆ ئەوەی بزانێت و ئاگادار بێت هیچ پۆستێکی هەیە یان نا.
-پێداویستییەکانی پۆستە بریتییە لە جانتا، پاسکیل، ماتۆرسکیل، ئۆتۆمبێل، هەروەها بۆ بەخشینی سیمایەکی جوان کارمەندانی پۆستە جلوبەرگو ئامێر و کەرەستەکان یەکپۆشە، واتە یونیفۆرم دەپۆشن.
لە هەرێم دەوترێت فەرمانبەری زۆر هەیە و سوود لە توانایان وەرناگیرێت، بۆیە حکومەتی هەرێم لە رێی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنەوە کار بۆ ئەوە بکات مامەڵە و ئیشوکاری خەڵک لە رێی پۆست و پەیوەندی تەلەفون و مەوعیدەوە رێکبخرێت، بۆ ئەوەی قەرەباڵغی و رۆتین لەسەر دەزگاکان نەمێنێت و گلەیی و گازندەی هاووڵاتیان دروستنەبێت.