کریمیا لە ناوچەیەکی گەشتیارییەوە بۆ بەرەی جەنگ

12:40 - 2022-09-01
جەمال ئارێز
488 خوێندراوەتەوە

نیمچە دورگەی کریمیا دەکەوێتە باشووری خۆرهەڵاتی ئۆکرانیاو باشوور و باشووری خۆرئاوای روسیاوە و بەسەر دەریای رەش-دا دەڕوانێت، جگە لەلای باکووری خۆرئاوایەوە، هیچ وشکانییەک بە زەویی دیکەوە گرێی ناداتەوە، جگە لە پشتوێنەیەکی وشکانیی بەرتەسک نەبێت. 
ئەو ناوچەیە ئەگەرچی لە مێژووی خۆیدا جەنگ و کاولکاریی زۆری لەنێوان تورکیای عوسمانی و روسیای قەیسەری بەخۆوە بینیووە، بەڵام لە سەردەمی سۆڤیەتی جارانەوە و لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە گۆڕاوە بۆ هەرێمێکی گەشتیاری، ئەوەش دوای بنیاتنانەوەی ژێرخانە ئابوورییەکەی و ئەو گەشەپێدانەی تێیدا کرا. لەو رووەشەوە گەشتیارێکی زۆر لە سەرجەم جیهانەوە روویان تێدەکرد بەهۆی بنیاتنانی هۆتێل و سەیرانگەی کەشخە و ئەو کانیاوە سروشتییانەوە کە هەندێک بۆ چارەسەری سروشتی رووی تێدەکەن. جگە لەوانەش چەندین هۆکاری دیکەی وەرزشی تاکەکەسی و بەکۆمەڵی تێدایە وەک هەڵگەڕان بەچیا و سواربوونی بەلەمی خێرا و هێواش و خۆهەڵخستن لەبەرخۆرو...هتد.

دوورگەی کریمیا

شوێنە هەرە گرنگە  گەشتیارییەکانی کریمیا

*قەڵای گیای سنۆنۆ، ئەم قەڵایە دەکەوێتە باشووری کریمیا-ەوە کە بەسەر هەڵدێری ئۆرۆراوەیە و لەسەر 200 مەتر دووجا زەوی بە بەرزیی 12 مەتر لە ساڵی 1912دا بنیاتنراوە، گرنگییەکەی لەوەدایە کە بۆ ماوەی 30 ساڵ لە ترسی داڕمان داخراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە بوومەلەرزەیەکی بە‌هێز رزگاری بووە و هیچی لێ نەهاتووە، پاش نۆژەنکردنەوەی ئێستا بە رووی گەشتیاراندا کراوەیە.

*کۆشکی لیڤادیا
ئەم کۆشکەش بۆخۆی سەرنجڕاکێشە بۆ گەشتیاران، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی گرنگی بە هونەری تەلارسازیی دەدەن، ئەم کۆشکە پێشتر شوێنی حەوانەوەی پاشاکان بووە، ناوکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گوندەی تێیدا بنیاتنراوە بەناوی لیڤادیا.

*دۆڵی تارمایی دەمرچی
ئەمەش دۆڵێکی دڵڕفێنە و ئەوانەی حەزیان بە بینینی جوانیی سروشتە ناتوانن فەرامۆشی بکەن، تەنها چەند کیلۆمەترێک لە (ئەلوشتا)وە دوورە، چەند تاشە بەردێکی گەورەی بەپێوە وەستاوی تێدایە کە چەندین سەدەیە بە راوەستاوی بەرگەی هەموو کارەساتە سروشتییەکانی گرتووە و وەک خۆی ماوەتەوە و بۆئەوەش ئەفسانەیەک داتاشراوە کە گوایە کاتێک قەرەجەکان ویستوویانە ئەو ناوچەیە داگیر بکەن زۆر دڵڕەقانە مامەڵەیان لەگەڵ دانیشتووانەکەی کردووە، سروشتیش تۆڵەی لێکردوونەتەوە و کردوونی بە پەیکەری بەردین.

*باخچەی رووەکەکان
ئەم باخچەیە دەکەوێتە گوندی نیکیتا-وە لە نزیک یاڵتا، ناوچەیەکە کە چوار وەرزە لە زۆریی و هەمەڕەنگیی رووەکەکانیدا سەوزدەچێتەوە، جگەلەوەش چەندین جۆر گوڵی لێ دەڕوێت کە شێوەی نامۆیان هەیە و پێشتر نەبینراون و وەک شەپۆلێکی گوڵی رەنگاوڕەنگی کراوە دێتە پێشچاوی گەشتیار.

 *تاڤگەی گەرگور
جوانترین تاڤگەکانی کریمیا، دەکەونە ناوچەی وەشتا-وە کە تەنها لە رێگەی رۆیشتن بە بێشەڵان و دارستانێکدا گەشتیار دەتوانێت سەردانی بکات، مەرجیش نییە ئەگەر گەشتیار بیەوێت بچێتە سەردانی ئەو تاڤگەیە، رێبەری گەشتیاریی یاوەریی بکات. 

*گڕکانی کاراداغ
زۆر زەحمەتە گەشتیار بتوانێت بۆی بڕوات، مەگەر زۆر سەرکێش بێت، کە دەیانەوێت لە یەکێک لە لووتکەکانی نزیک ببنەوە، ئەگەرنا هەمووان لە دوورەوە تەماشای دیمەنە دڵڕفێنەکەی دەکەن و هەندێکیش بە سواری بەلەم لێی نزیک دەبنەوە تا لە نزیکترەوە جوانیی سروشتەکەی ببینن. بەجۆرێک لە کەنارەکانی نزیک نەبنەوە چونکە گڕکانەکە راستەوخۆ دەڕژێتە سەر کەنارەکە.

*کیپ تەرخنکوت
ئەم شوێنە دەکەوێتە ئەوپەڕی خۆرئاوای کریمیا-ەوە و سروشتەکەی بایی ئەوە سەرنجڕاکیش نییە کە گەشتیار رابکێشێت، بەڵکو گرنگییەکەی لەو مەلەی ژێرئاوەیدایە کە گەشتیار لە کاتی مەلەکردندا بەژێر ئاوەکەدا تووشی چەندین ئەشکەوت دەبێت لە ژێر ئاوەکەدا و هەروەها پاشماوەی چەندین بەلەم و پاپۆڕ و کەرەستەی نقومبووی دیکە دەدۆزێتەوە. 

لە بەهەشتەوە بۆ دۆزەخ
ئەم هەرێمە یاخود ئەم نیمچە دورگەیە بەو هەموو خەسڵەتە گەشتیاریی و دیمەنە دڵڕفێنەوە کە لە رابردووی دووردا بە جەنگ و ماڵوێرانیدا رەت بووە تا بۆتە ئەو بەهەشتە رازاوەیە، دووبارە لە ململانێ و جەمسەربەندیی زلهێزەکاندا تێوەگلاوە و پێناچێت ئەگەر عەقڵە هۆشمەندەکان فریا نەکەون بۆ پاراستنی،  دووبارە نەبێتەوە بە مەیدانی جەنگێک کە هێشتا کۆتاییەکەی دیارنییە.

وتارەکانی نوسەر