تەشقەڵە بە خانەنشینان مەکەن

09:55 - 2024-04-15
جەمال ئارێز
59 خوێندراوەتەوە

گواستنەوەی شوێنی وەرگرتنی مووچە لەم بانک بۆ ئەوی دیکە یان لەم بنکە بۆ ئەوی دیکە کارێکی ئاسایی و رۆتینی حکومییە بۆیە رەنگە بۆ منی رۆژنامەنووس نەبێت دەستوەردانی تێدا بکەم، بەڵام ئەوەی دەهێنێت نەک من وەک رۆژنامەنووس، بەڵکو هەموومان دەستوەردانی تێدا بکەین و قسەی لەسەر بکەین، ئەو تەشقەڵەیەیە کە بە مووچەخۆرانی خانەنشین دەکرێت.
هەموان بەشی خۆمان کەسوکارمان هەیە و بیرۆکراسییەت و رۆتینی فەرمانگەکان لە کەسمان شاراوە نییە، تەنانەت بۆخۆشمان وەک هەر هاووڵاتییەکی دیکە کارمان دەکەوێتە فەرمانگەکان و بەریەککەوتنمان لەگەڵ ئەو رۆتینە بێمانایانەدا هەیە کە دەشێت بە هەڵواسینی تابلۆیەک زۆر لەو رۆتینانە چارەسەر بکرێت، بەڵام بۆ ناکرێت هێشتا دیار نییە.

 

ئەوەی ناڕاست‌ و نەگونجاوە، ئەو یاریکردن و تەشقەڵەیەیە کە بەو پیرە پیاو و پیرە ژنانە دەکرێت کاتێک دەبینین سێ مانگ لە بنکەیەک یان لە بانکێک مووچەی وەرگرتووە

 

ئەوەی زیاتر دەهێنێت قسەی لەبارەوە بکرێت وەرگرتنی مووچەی خانەنشینانە، چونکە راستە ساڵانە ژمارەیەکی نوێ لە لە فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی بە هۆی مەرجی تەمەنەوە خانەنشین دەبن و وا پێویستە دابەشبکرێن بەسەر بنکە و بانکەکانی دابەشکردنی مووچەی خانەنشیناندا، بەڵام ئەوەی ناڕاستە و نەگونجاوە، ئەو یاریکردن و تەشقەڵەیەیە کە بەو پیرە پیاو و پیرە ژنانە دەکرێت کاتێک دەبینین سێ مانگ لە بنکەیەک یان لە بانکێک مووچەی وەرگرتووە،  بەڵام لەپڕ و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، ناوەکەی دەگوێزرێتەوە بۆ بنکەیەکی دیکە ئەوەش دوای نۆرەگرتنێکی زۆر بۆ مووچە لە بنکەکەی پێشووی کاتێک دەگاتە بەردەم پەنجەرەی وەرگرتنی مووچەکەی ئینجا پێی دەڵێن مووچەکەت لێرە نەماوە و گواستراوەتەوە بۆ فڵانە بنکە. لەکاتێکدا دەکرێت مانگی پێش گواستنەوەکەی ئاگاداربکرێتەوە و پسووڵەیەکی لەگەڵ مووچەکەیدا بدرێتێ کە ناونیشانی بانک یان بنکە نوێیەکی تێدابێت تا تووشی ئەو دەردەسەریی و نۆرە گرتنە بێ هوودەیە نەبێت.

وتارەکانی نوسەر