باکگراوند

ئەنفال لە ناو و ناوەڕۆکدا

09:58 - 2024-04-14
جەمال ئارێز
83 خوێندراوەتەوە

(40)

پڕۆسەی رەشەکوژیی و زیندەبەچاڵکردن مێژووەکەی چەند دوور و کۆن بێت، لەو راستییە ناگۆڕێت کە نابێت شەرعییەتی پێبدرێت و پیرۆزیی پێ ببەخشرێت، چونکە مێژووی مرۆڤایەتی زۆر رووداوی هاوشێوەی ئەنفالمان بۆ دەگێڕنەوە، بەڵام بکەرانی ئەو کۆمەڵکوژییانە یان ناتوانن یان بە دەگمەن روویان دێت خۆیان بکەنە خاوەنی و شانازیی پێوەبکەن.
ئەنفالکردنی کورد بەو ناو و ناونیشانە دەشێت مێژووەکەی بگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1988، بەڵام باکگراوندی بیرۆکە و تێڕوانینی قڕکردنی خەڵکی کوردستان بەتایبەتی لە باشووری کوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ قووڵایی ئایدیۆلۆژیا و بیری بەعس و حزبە رەگەزپەرستە هاوشێوەکانی، بەو پێیەی هەر لە سەرەتاکانی دامەزراندنی بەعسەوە تێڕوانینی ئەو حزبە و میشێل عەفلەقی تیۆرسینی حزبەکە بەو دیدگایە بووە کە لەپێناوی بەدیهێنانی ئامانج و دروشمە سەرەکییەکانی حزبەکەیان (أمة عربیة واحدة... ذات رسالة خالدة) واتە (نەتەوەیەکی عەرەبیی یەکگرتوو و خاوەن پەیامێکی نەمر)، بۆچوونیان بەرامبەر ئەو نەتەوە و پێکهاتانەی دیکەی لکێندراون بەو جوگرافیایەی (ئیستیعمار)ی خۆرئاوا لەناو چوارچێوەی وڵاتە عەرەبییەکاندا، ئەوەبوو کە دەبێت ئەو نەتەوە و پێکهاتانە لەناو نەتەوەی عەرەبدا بە زمان و کەلتورەوە بتوێنرێنەوە.

ناونیشانی ئەنفال دەشێت مێژووەکەی بگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1988، بەڵام لە بنەرەتدا دەگەڕێتەوە بۆ ئایدیۆلۆژیای بەعس بەرامبەر نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکە

رەنگە ئەو شێوازە بەتەنها لە وڵاتە عەرەبییەکاندا نەبووبێت، بەڵکو لە تورکیا و ئێرانیش بەهەمان شێوە کار لەسەر ئەو تواندنەوەیە کرابێت چ بۆ نەتەوەکان و چ بۆ ئایین و ئاینزا جیاوازەکان لە نەزمی گشتیی ئەو وڵاتانە و نەتەوەی سەردەست، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە تەنها ئۆپەراسیۆنەکانی (شوبات تا ئەیلولی 1988) بە ناوی ئەنفال رووپۆشکراوە، دەنا پڕۆسەی تواندنەوە و کۆمەڵکوژیی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ناو ئەو جوگرافیایەی کوردستانی بەسەردا دابەشکراوە و ئەو نەتەوە و ئایینانەش کە کەوتوونەتە ناو چوارچێوەی (نیشتمانی عەرەب) و وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەگشتی، لەڕووی پراکتیکییەوە بە هەمان میتۆد و فەلسەفە بەڕێوەچوون، بە جیاوازیی قەبارەی قوربانی و کاولکارییەکانەوە، واتە هەمان ناوەڕۆک بووە بە ناونیشان و تایتڵی جیاواز و ژمارەی قوربانیی جیاوازەوە.
ئەمڕۆ کە یادی 36-ەمین ساڵی ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییە دەکەینەوە، نەوەیەک پێگەیشتووە کە تەنها پێویستی بەوە نییە چیرۆکە تراژیدییەکانی جینۆساید و کۆمەڵکوژییەکەی بۆ بگێڕینەوە، بەڵکو پێویستە ئەوەیان تێبگەیەنین کە هەموو وابەستەبوونێکی کوێرانەی نەتەوەییبوون بەرەو شۆڤێنیزمییان دەبات تا رادەی ئەوەی پێودانگە مرۆییەکان فەرامۆش بکەن و خۆیان لە قوربانییەوە ببن بە جەللاد و دواتریش تاوانەکانیان بە سەروەریی بۆخۆیان تۆمار بکەن و چاوەڕوانی ستایش بن، وەک بەعسییەکان و هاوشێوەکانیان کردوویانە لە مێژوودا.

وتارەکانی نوسەر