باکگراوند

ئەندامی دیکۆر

10:12 - 2024-04-21
جەمال ئارێز
69 خوێندراوەتەوە

(41)

چەند ئەڵقەیەک لەمەوبەر ئاماژەمان دابوو بەوەی کە خوێنی گەلان وابەستەی ڤیتۆی زلهێزەکانە، هێشتا مانگێک بەسەر ئەو مانشێتەدا تێنەپەڕیووە، هەمان سیناریۆ دووبارە بۆوە.
قسەکردن لەسەر بابەتی فەلەستین، قسەکردنە لەسەر گرفتێک کە هاوشێوەی دۆخی خۆمانە بە هەندێک جیاوازییەوە، بەڵام دواجار ئەوانیش موبتەلای هەمان دەرد و مەینەتین و لەگەڵ کەیسی کورد و گەلانی بەشمەینەتی ناوچەکەدا گیرۆدەی هەمان ئەو دەردەسەرییانەن.

رەنگە لە کۆی 193 وڵاتەکەی جیهان و 15 ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش، قسەی سەرەتا و کۆتایی، تەنها بۆ پێنج زلهێزەکە بێت و ئەوانی تر لە دیکۆرێک بەولاوە هیچی تر نەبن.

فەلەستینییەکان سەرەڕای پشتیوانیی لانیکەمی 20 وڵاتی عەرەبی و دەیان وڵاتی ئیسلامی و بوونی چەندین بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، هێشتا کەیسەکەیان هەرجارەی بە پاساوێکی پێنج زلهێزەکەی جیهان دەخرێتە ناو پێچ و پەنای فەرامۆشکردن و بەجێهێشتنی لەژێر تەپ و تۆزی سەر رەفەکانی ناوەندە بڕیار بەدەستەکانەوە، خۆ ئەگەر بەراوردی بکەین بە کەیسی کورد کە هیچ پشتیوانییەکی نێودەوڵەتیی و ئیقلیمیی نییە، بەدرێژایی مێژووش تەنها یەکجار و لە ساڵی 1991 دا وەک لایەنێکی مرۆیی و بە هەوڵی فەرەنسا  لەناو ئەنجومەنی ئاسایشدا و لەژێر ناوی پارێزگاری لە مافی مرۆڤ لە (باکووری عیراق) ئاوڕی لێدراوەتەوە.
باکگراوندی کێشەی فەلەستین جگە لەوەی لە ساڵی 1967-ەوە و لە سایەی جیهانی دوو جەمسەریدا و بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی قسەی لەسەر کراوە و لەوکاتەوە ئیسرائیل بەو بڕیارە پابەندکراوە کە دەبێت لە زەوییە داگیرکراوەکان بکشێتەوە، جگە لەوەش لە رێکەوتننامەی کامپ دەیڤیددا لە ساڵی 1979، ئیسرائیل گفتی بە میسر داوە کە ئەو کێشەیە بە ئاشتییانە چارەسەر دەکات، دوای ئەوەش لە ساڵی 1988-ەوە فەلەستین، وەک ئەندامی چاودێر لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانیپێدانراوە و نێردەی خۆی لەو رێکخراوە نێودەوڵەتییەدا هەیە، پاشانیش رێکەوتننامەی ئۆسلۆی ساڵی 1993 هەیە کە نەخشە رێگەی دوو دەوڵەتی تێدا پەسەند کراوە، کەچی سەرباری هەموو ئەوانەش لەبەرئەوەی بەرژەوەندیی پێنج زلهێزەکەی ئەنجومەنی ئاسایش هیچ کاتێک لە خاڵێکدا یەکانگیر نەبووە و هەر بە پێنج هێڵی تەریب رێدەکەن، کەیسەکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. 
تەنانەت لە دوا هەوڵ و کۆبوونەوەی چوارشەممەی رابردووی ئەنجومەنەکە بۆ بوونی فەلەستین بە ئەندامی تەواوەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بینیمان چۆن ڤیتۆی یەکێک لە زلهێزەکان، پڕۆژە بڕیارەکەی پووچەڵکردەوە و کێشەکەی بردەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم، ئەمەش ئاماژەیە بەوەی کە رەنگە لە کۆی 193 وڵاتەکەی جیهان و 15 ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش، قسەی سەرەتا و کۆتایی، تەنها بۆ پێنج زلهێزەکە بێت و ئەوانی تر لە دیکۆرێک بەولاوە هیچی تر نەبن.

وتارەکانی نوسەر