تابلۆی دیداری سودانی و بایدن

روونبوونەوەی دیمەنێكی چەواشەكراو

09:39 - 2024-04-17
جەمال ئارێز
69 خوێندراوەتەوە

رەنگە لەدوای پرۆسەی ئازادیی عیراقەوە و لە ماوەی حكومڕانیی حەوت كابینەی حكومەتی عیراقدا، چەندین دیداری رەسمی و ناڕەسمی لە نێوان سەرۆكەكانی ئەو چەند ساڵەی ئەمریكا و سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی ئەو حەوت كابینەیەی عیراقدا بەڕێوەچووبێت، جا دیدارەكان لە كۆشكی سپی بووبن، یان لە پەراوێزی كۆبوونەوەی لووتكەی نەتەوە یەكگرتووەكان، یان داڤۆس و...هتد. 
ئەوەی لەم دیدارەی نێوان بایدن و سودانی-دا، دیمەنە تەڵخكراو و شێوێنراوەكەمان بۆ روون دەكاتەوە، بەشداریكردنی سەفین دزەیی لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانە كە بە تەرجەمەی سیاسی دەكاتە وەزیری دەرەوەی هەرێمی كوردستان.
بەشداریی بەڕێز دزەیی، جگە لەوەی یەكەمجارە ئەندامێكی وەفدی هاوڕێی سەرۆك وەزیرانی عیراق، یان هەر وەفدێكی باڵای حكومەتی فیدراڵ بەرپرسێكی كوردی ناو ئیدارەی هەرێمە بەتایبەتی لە دیداری لووتكە لە كۆشكی سپی، هاوكات لە هەلومەرجێكیشدایە كە هەندێك لێپرسراوی باڵای هەرێمی كوردستان لە دوای دەرچوونی بڕیارەكانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵیی عیراقەوە، دەیانەوێت ئەو وەهمە لە زیهنی خەڵكی هەرێمدا بچەسپێنن و بیكەنە واقیع كە بەغدا گەرەكێتی لەڕێی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵییەوە هەرێمی كوردستان لە قاڵب بدات و بێهێزی بكات.

 

نابێت بیر لەوە بكەینەوە لە عیراقدا لەخێریدا شەریك و لە شەڕیدا تەریك بین

 

 

خۆی بۆخۆی لەوە باشتر ئەوەیە كە كاك سەفین دزەیی جگە لە پۆستە رەسمییەكەی لەناو حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، لەڕووی ئینتیمای حزبییشەوە سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانە و لە بازنەی بڕیاری رەسمیی ئەو حزبەشەوە نزیكە، چونكە بەشێك لەو كارەكتەرە سیاسی و شرۆڤەكارانەی كە شرۆڤەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بە دژایەتیی هەرێم و قەوارە دەستوورییەكەی دەكەن، دەبێت ئەم بەشدارییەی كاك سەفین لە وەفدی رەسمیی عیراقدا بكەنە خاڵی وەرچەرخان لە شرۆڤەكردنی رووداوەكاندا و وەك خەڵكی ئاسایی رووداوە سیاسی و بڕگە و ماددە دەستوورییەكان بە مەیلی تەسكی حزبی، شینەكەنەوە.
دوورنییە خەڵكانێك لەناو دامودەزگا رەسمییەكانی عیراقی فیدراڵدا هەبن خوازیاری ئەوەبن كورد مافی ئۆتۆنۆمییەكەی 1974-1991 یشی نەبێت، بەڵام ئیدی ئەو مافە فیدراڵییەی ئێستا هەیە پەیوەستە بە دەستوورێكەوە كە زۆرینەی گەلی عیراق پەسەندیان كردووە بە هێز و لایەنە كوردستانییەكان و گەلی كوردستانیشەوە، مانەوەی قەوارەی هەرێمیش چەندە پەیوەستە بە بەغداوە، هێندە و زیاتریش بەندە بە پابەندیی خۆمان بە ناوەڕۆكی دەستوورەكەوە، چەندیش زیاتر ململانێكەمان دەستوورییانە بكەین، هێندە زیاتر پاساو و بیانووی لایەنە ناحەزەكان دەبڕین، ئەوەش بەوە دەكرێت ئەركە دەستوورییەكانمان جێبەجێبكەین بۆئەوەی بۆ سەندنی مافە دەستوورییەكانمان دەنگمان دلێربێت و بەڵگەی بەهێزی شەراكەتمان بخەینەڕوو، واتە نابێت بیر لەوە بكەینەوە لە عیراقدا لەخێریدا شەریك و لە شەڕیدا تەریك بین.

وتارەکانی نوسەر