گەنج و رۆڵی راگەیاندن

10:27 - 2022-09-06
نەسرین کوردە
934 خوێندراوەتەوە

خەریکە گەنجی ئەم سەردەمە ئاگایان لەوە ببرێ کە پاشە رۆژیان لەبەردەم مەترسیدایە،  هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی لەوپەڕی لاوازیدایە، لاسایی کردنەوەی گەنجانی ولاتە خواپێداوەکان لە خشتەی بردوون، پێویستە بیر لە پاشەڕۆژی نیشتمانەکەیان بکەنەوە و کارێک بکەن کەس نەتوانێ جارێکی تر ئەنفالمان بکاتەوە.
 مرۆڤ کە نیشتمانی داگیرکرابێ خۆشی  داگیرکراوە، گەنجی کورد خاوەنی کەسایەتی خۆیەتی لە زێدی  خۆیدا بژی وەکو ئەوەی هەرگیز نەمرێت، ئاوها وڵات ئاوەدان بکاتەوە.
دەزگای  راگەیاندن بە بینراو و بیتسراوەوە، کاریگەری دروست دەکات جا چ لایەنی باش بێت یان خراپ، ئەگەر باش بەکارهات ئەوا کاریگەری باشی دەبێت، وە ئەگەر بە پێچەوانەوە بوو ئەوا کاریگەریی خراپی دەبێت، لێرەدا زیاتر مەبەست لە دەزگای راگەیاندنەکانی کۆمەڵگەی خۆمانە. 
ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی تەماشابکەین دەبینین بۆشاییەکی هزری گەورەیان لەلای گەنج  بنیات ناوە، ئەویش بە پەخشکردنی ئەو بەرنامە و پرۆگرامانەی کە رۆژانە دەبینرێت بەشێکی گەنجانیان بێهۆش کردووە. شێوازەکانی خۆشەویستی هەتا نێوان خێزان  کوڕان و کچان، تا وایلێهاتووە  هەندێک  لە گەنجەکانمان هۆشیان لەسەر خۆیان نەماوە و پاڵەپەستۆیەکی گەورە و خراپی خستۆتە سەر بیریان و بەرەو هەڵدێری چوون و تووشی جۆرەها هەڵە و گرفت بوون. دەکرێت هەموو جۆرە بەرنامە و پرۆگرامێک هەبێت، بەلام لەگەڵ کۆمەڵگە و دابوونەریتی کورد بگونجێت  ئەقڵییەتی سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگە و گەنجاندا هەڵبکات  و کاردانەوەی باشی هەبێت، پێویستمان بەشتی گەلێک باشتر هەیە کە بمانگەیەنێتە ئاستی پێشکەوتن و رێنیشاندەریش بێت بۆ گەنج لە کۆت و بەندی چەق بەستن و دواکەوتن دەربازیان بکات، بیروهۆشیان فراون بکات واز لە لاساییکردن بێنێت.   
پێویستە چەندین بەرنامە و پرۆگرامی تاییبەت بە خودی گەنجان هەبێت لەسەرجەم کایە جیاجیاکان، بەشێوەیەکی زۆر باش خێزان رۆڵیان هەبێت لە پەروەردەکردنی گەنج  و چۆنیەتی  چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانیان، چونکە راگەیاندن وزەیەکی لە رادەبەدەری هەیە بۆ دەست بەسەراگرتنی ئەقڵ و هۆشی گەنج و ئاراستەکردنیان بە بەرنامەی تۆکمە ئەقلانی، لەهەمان کاتدا راگەیاندن دەورێکی کاریگەری هەیە  لە خۆڵقاندنی رۆشنبیری گشتی لای  سەرجەم تاکەکان بەتایبەتی گەنج. 

خۆشەویستی نیشتمان، هانمان بدات خۆمان نەخەینە بەر شەپۆلی مەرگ

راگەیاندن  دەورێکی کارگەری هەیە لە دروستکردنی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی و وروژاندنی هەست و سۆزی گەنج لەگەڵ پاراستنی سەقامگیری و ئاساییش وسیستمی سیاسی و زۆر بواری دیکە. بۆیە دەمەوێ  بڵیم بەشێوەیەکی روونتر دەزگای راگەیاندن بۆ بیناکردنی کۆمەڵگەیە، بەتایبەتی گەنج و پەروەردەکردنیان بە زانست و مە عریفە و بەرنامەی رۆشنبیری جۆراوجۆر، نەک دەزگایەک بێت بۆ لەخشتەبردن و هەڵوەشاندنی گەنجان، هەر بۆیە گرنگە و دەبێت سەرجەم دامودەزگاکانی راگەیاندن گۆڕانکارییەکی رادیکاڵی چڕوپڕ لە بەرنامە و پرۆگرامەکانیاندا بکەن، ناوەدێکی بەهێزبن بۆ گۆڕینی ئەقڵییەتی گەنج و فراوانکردنی بیر و هۆشیارییان بە کۆمەڵێ ئایدیای نوێ و داهێنانی گرنگ.

وتارەکانی نوسەر