کورد بەرەیەکی پێکنەهێناوە بۆ ئەوەی لەگەڵ دیمەشق بە یەکگرتوویی گفتوگۆ بکات
گفتوگۆ و وتووێژی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نۆێی سوریا، هەرچەند لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا بەتەواوی چڕبۆتەوە، بەڵام رەوشی کورد لە سوریا جێگیر نییە، چونکە کورد بەرەیەکی پێکنەهێناوە بۆ ئەوەی لەگەڵ دیمەشق بە یەکگرتوویی گفتوگۆ بکات، هەرلایەنە و لە بەرژەوەندیی خۆیەوە سەیری دۆسیەکە دەکات.
کورد بەشدار دەبێت لە بوونیادنانەوەی سوریا
ئەوەی پێویستە کورد لێی ئاگادار بێت، ئەوەیە لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ دیمەشق نابێت رۆژئاوا لە خشتە ببرێت، چونکە بەزارەکی بەڵێن بە وان دراوە کە کورد بەشدار دەبێت لە بوونیادنانەوەی سوریای نوێدا، بەڵام ئایا هەرێمی کوردستان لە چ روویەکەوە دەتوانێت هاوکاری رۆژئاوا بکات، لە کاتێکدا دەبێت چاوەرێی حاڵەتی لەناکاویش بکرێت لە سوریادا.
چونکە شەڕی لایەنە سەرەکییەکانی سوریا لەسەر پۆست دەست پێدەکات، کوردیش داوای پۆستی نەکردووە و بۆ پارسنگی هێزیش هەموو لایەنەکان پێویستییان بە کوردە، هەرچەندە پێگە و قورسایی کورد لەسەر نەخشەی ئەنجومەنی نێودەوڵەتی وەک رابردوو نییە، بەڵام لە رووی ژمارەوە کورد لەو وڵاتە کەم نییە و نابێت وەک تەماشەکەر بڕوانێتە بارودۆخەکە، هەرچەند بە گوێرەی ئەزموونی رابردوو کورد لە دەرئەنجامی ئەو گفتوگۆ ودانووستانانەی پێشوو کراوە، داخوازی و داواکانی کورد جێبەجێ نەکراوە، بۆیە دەبێت کورد خۆی یەکلابکاتەوە و لەگەڵ ئەو لایەنە بەهێزەی حکومەت پێکدەهێنێت گفتوگۆ بکات بۆ ئەوەی بەشدارییەکەی واقعی و کاریگەر بێت ولایەنێکی سەرەکی بێت و هەر داوایەکی هەیە جێبەجێ بکرێت، لەگەڵ ئەوەی چاوەڕوان ناکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا حکومەتی نۆێی سوریا پێکبهێنرێت.
یاریزانی سەرەکی بێت
بە گوێرەی راگەیاندراوەکان و بۆچوونی زۆربەی چاودێران، کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی ئەنجومەنی ئاسایش، لەسەر دۆسیەی سوریا بە هەنگاوێک دەژمێردرێت بۆ ئەوەی کۆمەڵی نێودەوڵەتی فشارەکانی زیاد بکات، بۆ ئەوەی کورد لایەنێکی سەرەکی نەبێت و تەنها بۆ ئەوە بەشداری بکەن، تەواوکەری پێکهاتە نیشتیمانییەکان بن، بەمەش کاریگەریی و بەشداربوون، تارادەیەک رووکەش دەبێت، هەر بۆیە پێویستە کورد خۆی بۆ هەموو سینارێوکان ئامادە بکات و لەگەڵ ئەوەی رەنگە مەحاڵیش بێت، ئەوا پێویستە کورد هەڵوێستیی یەکگرتووی خۆی رابگەیەنێت، بۆ ئەوەی هەر وەکو هەیە، یاریزانێکی سەرەکی سەر گۆرەپانی سیاسی سوریا بێت.