بەهێزبوونەوەی یەکێتی چ پەیوەندییەکی بە خواستی هاووڵاتییانەوە هەیە؟

10:02 - 2024-09-19
نەسرین کوردە
211 خوێندراوەتەوە

یەكێتی بە درێژایی تەمەنی خەباتی لەسەرەتاوە تا ئێستا و بەپێی گۆڕانی قۆناغ و هەلومەرجەکان، هەمیشە پشت و پەنای هاووڵاتییان بووە و مێژووش ئەو شایەتییەی بۆ دەدات کە لەزۆربەی بوارەكاندا رچە شكێن بووە، ئەوەش هەر لە هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێ-وە دەتوانین بۆی حساب بکەین کە بوێریی و لەخۆبوردووییەکە مایەی هەڵوێستە لەسەر کردەنە، دەنا بەو ماوە کەمە نەدەبووە مەکۆی لەئامێزگرتنی سەرڕاستترین و بوێرترین تێکۆشەران و رێبوارانی ئازادیی.

گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوونە خێراکانی سێ ساڵی رابردووی یەکێتی لەناوخۆی حزب و لەسەرئاستی هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکەش وا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەخوازێت کە بەبڕوابوونەوە بە ئایندەی باشتر، هەوڵی بەهێزکردنەوەی زیاتری یەکێتی بدەن

سەرکەوتن لە دوای 16 ساڵ
شۆڕشێک کە بە کەمترین ماوەی زەمنی بەراورد بە شۆڕشی گەلانی ناوچەکە و لەماوەی 16 ساڵی پڕ توندوتیژیی و کارەسات و جینۆسایددا، بەڵام توانیی لانیکەمی 51 ٪ی رێگەکەی ببڕێت و ئازادییەکی رێژەیی لە باشووری کوردستاندا بهێنێتەدی دیارە ئەوەش بە قۆستنەوەی دەرفەتی دۆخی بابەتیی جەنگی کەنداو، بەڵام ئەوەش لە ئەنجامی باش خوێندنەوەی هاوکێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکاندا لەلایەن ی.ن.ک-ەوە ئەو دەرەنجامە بەدی هێنرا کە راپەڕینێکی جەماوەریی سەرتاسەریی بەشوێن خۆیدا هێنا، کە سەركردایەتییە دانا و بوێرەکەی و شەهید و پێشمەرگە چاونەترس و ئازاكانی یەکێتی تێیدا بوونە پاڵپشتی بەرجەستە و فیعلیی جەماوەری خەڵکی كوردستان تاگەیاندنی بە دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان. 
هەر ئەو یەکێتییە بە لێهاتوویی و دانایی سەرۆک مام جەلال و پشتبەستن بە بنەماكانی دیموكراسی، سیمای شۆڕشەکە لە شۆڕشی چەکدارییەوە گۆڕا بۆ شۆڕشی گەشەپێدان و ئاوەدانی لە زۆربەی بوارەکاندا. 

خۆ تەکاندن لە گرفتە حزبییەکان
ئەگەرچی مێژووی ژیانی ناوخۆی حزبیی یەکێتی لەدوای راپەڕینەوە هەوراز و نشێو و گرفتی حزبیی جیاجیای بە خۆوە بینیووە و لە هەندێک وێستگەدا لە رەوتی بەرەوپێشچوون خاوی کردووەتەوە بەتایبەتی لە قۆناغی راگوزەری دوای نەخۆشکەوتن و ماڵئاوایی سەرۆک مام جەلال، بەڵام یەکێتی توانی بە هیممەتی هەموو تێکۆشەرە راستەقینە و پەرۆشەکانی ئەو قۆناغە تێپەڕێنێت و پشتبەستوو بەو جەماوەرە دڵسۆزەی و بە هیممەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بە خێراییەکی باش ئەو قۆناغە نەخوازراوە تێپەڕێنێت و لە ماوەیەکی قیاسیی کەمدا هەنگاو بە هەنگاو کێرڤی سیاسیی حزبەکە لە ئاستی ناوخۆیی و عیراقی و ئیقلیمی و دەرەکیدا بەرەو هەڵسانەوە و سەركەوتن و پەرەپێدان بەرزبکاتەوە و بیکاتەوە بەو هێزە سەرەكییەی گۆڕەپانی سیاسی عیڕاق کە رۆڵی كاریگەر و قسەی سەرەكیی هەبێت لە سەرجەم پرسە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی عیراق و هەرێمی کوردستاندا، کە ئەوەش نیشانەی ئەوەیە چۆن ئەنجامی شۆڕشەکەی لە 16 ساڵدا دا بەدەستەوە، لەو قۆناغە زەحمەتەی (2012 - 2022)ش نەک هەر هەستایەوە، بەڵکو بەرەو گەشە و بوژانەوەش هەنگاوی نا، ئەوەش لەکاتێکدایە کە زۆر حزب هەن لەم سەردەمەدا کە  لە یەکەم کەوتنیناندا ئیتر هەستانەوە و سەرپێکەوتنەوەیان زەحمەتە، هەڵبژاردنەکەی 2021ی ئەنجوومەنی نوێنەران و 2023ی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش دەکرێت وەک خاڵی وەرچەرخان و بەرجەستەبوونی ئەو هەستانەوە و گەشەیە وەسفبکەین.  

بەرنامەی ئایندەی یەکێتی
ئێستا کە بڕیارە هەڵبژاردن بۆ شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان لە 20/10/2024دا بەڕێوەبچێت، یەكێتی دیسانەوە بە بەرنامەیەكی هەمەلایەنەی تێروتەسەلەوە بۆ هەموو بوارەكان هاتووەتەوە مەیدان و بەڵێنی جێبەجێکردنی خاڵ بەخاڵیشیانی دەدات و هەوڵی لێبڕاوانەشی داوە هەموو خواست و ئامانجەکانی خەڵكی كوردستان لە چوارچێوەی بەرنامەکەیدا جێ بکاتەوە، کە لەسەروو هەموویانەوە پێداگرییە بۆ دانانی دەستوورێكی گەل پەسەند بۆ هەرێمی کوردستان لەناو پەرلەمانی داهاتوودا و پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزاری سەردەمییانە و گۆڕانکاریی  ریشەیی لە فەلسەفەی پەروەردە و تەندروستی و شارەوانی و ئاوەدانی بە پێوەری هاوچەرخ.
هەنگاونان بۆ چەسپاندنی پایە بنەڕەتییەکەی فەلسەفەی سۆشیال دیموکرات کە دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و چاودێریی بازاڕ و دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوونە بۆ هەمووان و چەسپاندنی یاسای بیمەی كۆمەڵایەتییە 
لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا یەکێتی تەواوی تواناكانی خستووەتەگەڕ بۆ دەستەبەرکردنی ئاسوودەیی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان بەگشتی و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و  رەخساندنی دەرفەتی کار لە رێگەی پشتیوانیی پڕۆژەی هەمەلایەنەی وەبەرهێنان و کەرتی تایبەت لەڕێگەی ئیدارە خۆجێییەکان و تیمە وزارییەکەی لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ سەرەڕای ئەوەش گرنگیدەان بە کایەی رۆشنبیریی و گەشەپێدانی بوارەكانی هونەر و وەرزش و ئەدەب بۆ بەدەرخستنی تواناكانی لاوان لە هەردوو رەگەز و پەرەدان بە توێژینەوەی زانستی و بەزانستیکردنی زیاتری پرۆگرامەکانی خوێندن.

نموونەکانی سێ ساڵی رابردوو 
گۆڕانکاریی و بەرەوپێشچوونە خێراکانی سێ ساڵی رابردووی یەکێتی لەناوخۆی حزب و لەسەرئاستی هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکەش وا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەخوازێت کە بەبڕوابوونەوە بە ئایندەی باشتر، هەوڵی بەهێزکردنەوەی زیاتری یەکێتی بدەن، تا هەوڵەکان بۆ چاکسازیی و گۆڕانکاری و بەدیهێنانی ئامانجەکان خێراتر بن و چونکە هێزێک لەسەر ئەرزی واقیع توانیبێتی لەو ماوە دیاریکراوەدا لە زۆر بواردا لاسەنگیی هاوکێشەکە بەرەو هاوسەنگ بوونەوە ببات، دڵنیایی زیاتریش دەدات بە خەڵک کە کێ دەتوانێت لەئاستی بەڵێنەکانیدا بێت و ئایندەیەکی روونتر مسۆگەر بکات.

وتارەکانی نوسەر