نەسرین کوردە
رێکنەکەوتنی کورد لەگەڵ رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی پێشووی عیراق، زۆرێکی بەهۆی کێشەی کەرکوكەوە بووە، کە ویستویانە لەو هەموو رێککەوتنانەدا کورد سازش لەسەر کەرکوک بکات و دەستبەرداری بێت، بەڵام خۆشبەختانە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، توانی ئەم جارە لە رێگەی هەڵبژاردنەوە، پۆستی پارێزگار بەدەستبهێنێت، بەهیمەتی کوردە کەرکوکییەکان کە مایەی دڵخۆشی بوو بۆ کورد.
ئەگەرچی قۆناغی دوای پرۆسەی ئازادیی عیراق، بەهەر هۆکارێکی خودی خۆمان و عیراق و دەرەکییەوە، نەمانتوانیوە وەک پێویست کەرکوك بەدەستبهێنینەوە، یان بە ئاڕاستەی باشتر کاری بۆ بکرێت.
جیهانی سیاسی گورز وەشاندنە بە شێوازی جیاجیا و بردنەوەی هەل و دەرفەتەکانە بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی خاك و نیشتمان، بەڵام ئێمەی کورد زۆر هەل و دەرفەتی زێڕینمان لە کیس چووە کە دەکرا دەستکەوتی باشترمان هەبوایە، ئەوەی ماوەتەوە لە دەست کورد ئەوەیە چۆن دەتوانێت بە خۆیدا بچێتەوە و گەرموگوڕتر و بە وریاییەوە بەشداریی لە سەرژمێریی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بکەین، چونکە هەموو لایەك ئەوە دەزانێت کە ئەمڕۆ شەڕ شەڕی ژمارەی دانیشتوانە لەوێشەوە شەڕی دەنگ و خۆسەلماندنی نەتەوەکانە لەوێ، هەموو لایەکیش ئەوە دەزانن، کێشەکان لەو ناوچانەدایە کە خاڵی گرنگی یەکلاکەرەوەیە بۆ کورد.
ئەگەر لەم پڕۆسەیەدا کورد ژیرانە و وردبینانەتر بە گرنگیپێدانی پڕ بایەخ ترەوە کار بۆ ئەم پڕۆسەیە بکات و تێیدا رێژەی زیاتری سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئەوا بەرچاوڕوونییەک پیشانی تەواوی عیراق وجیهان دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو تەم و مژەی کە هەیە دەڕەوێتەوە، ئەم ئەرکەش بە تەنها ناکەوێتە ئەستۆی لایەنێک یان چەند کەسانێکەوە، بەڵکو بە لایەنی ماددی و مەعنەوییەوە بەهەست و نەستی هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیەوە بەستراوەتەوە.
دەبێت هەموان شان بدەنە بەر ئەم ئەرکە مێژووییە، لە هاندانەوە تا دەگاتە یارمەتی ماددی و مەعنەوی، ئەویش دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی کورد، لە رێگەی یەک گوتاری و یەک هەڵوێستی و بەدەمەوەچوونی کێشە و گرفتەکانی خەڵک و ئاسانکاریی بۆ خەڵک و دابینکردنی پێداویستییەکان، چونکە ئەگەر دوێنێ خەباتی شاخ و قوربانیدان پێویست بووبێت، ئەوا ئەمڕۆ ئامادەبوون و خۆسەلماندن هیچی لەوە کەمتر نییە، دەتوانن بێ لەرێگەی بەشدارییکردنەوە لە سەرژمێرییدا وەک تاکی کورد، وەڵامی هەموو ئەو شتانە بدەینەوە و خۆمان بسەلمێنین.
ئەرکمان زۆر قورسترە لە رابردوو، دڵسۆزیمان و هەستی نەتەوایەتیشمان گرنگە بۆ چارەنووسی ئایندەمان. لەم پڕۆسەیەدا کورد خۆی تاکە باڵە و تاقانەیە و ناشبێ چاوەڕوانی کەس بکەین، بەڵکو تەنها باوەڕ بە ئیرادەی خۆمان دەمانگەیەنێتە ئامانج و بیریشمان نەچێت زۆر نەیارمان هەن کە بەوپەڕی تواناوە کار بۆ سڕینەوەمان دەکەن، بەتایبەتی لەو ناوچانە.