کوردستانێکی سەربەخۆ و ئاوەدان وەهمە؟

10:01 - 2022-09-08
کەنار قاسم
606 خوێندراوەتەوە

چەند لە هۆزەکان ئیمپراتۆریەتیان دامەزراندووە و لە گەلان زاڵبوون بەسەر ئەوانی تردا و چەند دوورگەی بچووک بوونەتە ئیمپراتۆریەتێک کە خۆر لەسەری ئاوا نابێت، لاوازەکان هێزی رەها کۆدەکەنەوە، راستیەکەشی ئەوەیە بچووکترینیان بەهێزترە، چونکە چڕیەکی کۆکراوەی تێدایە و وزەیەکی تەقینەوەی گەورەی تێدایە.
دەمەوێت بڵێم، جیهان لە گۆڕاندایە، ئەو ململانێیانەی تیایدا روودەدەن، قۆناغێکی نوێ بەدی دەهێنن و میللەت رۆڵی خۆی دەگێڕێت هەتا سەرکردەی بەتواناو وەبەرهێنانی تێدا بێت و بیباتە ئاسۆی شارستانییەت و جەوهەرێک لە ویژدانیدا شاراوە بێت، ئێمە دەتوانین ئەو سەرکردایەتیە بۆ خۆمان دیاریبکەین کە خۆمان دەمانەوێت، دەتوانین بگەین بە ئاستی میللەتانی جیهان ئەگەر خۆمان بمانەوێت، کوردستانێکی سەربەخۆ و بەهێز و ئاوەدان و پێشکەوتوو، هاوشانی میللەتانی جیهان وەهم نییە، بەمەرجێک یەک دەنگ بین و لە چاکسسازییەکان بەردەوام بین و گەنج پێبگەیەنین و تواناکانی گەنج بەهەند وەربگرین و ئەزموونی بەتەمەنەکان پشتگوێ نەخەین و هێز و دەسەڵاتمان بۆ خزمەتی خۆمان بێت نەوەک دژی یەکتر بەکاریبهێنین، پارتەکان  لەجیاتی نمایشی ترس و دزی و تۆقاندن و ماف خواردن، لە خەمی کوردستانێکی بەهێز و ئاوەداندابن. 
رەشبینەکان ئەوەی سەرەوە بە وەهم دەبینن ؟ لە کاتێکدا وەهم خۆی ئاگادارییەکی پێشوەختەیە لە دۆخێکدا عەقڵەکانی تر درکی پێ ناکەن.
لە سەردەمی ئێمە و چەند دەیەیەک پێش ئێستا بەشێکی زۆری ئەو شتانەی ئەمڕۆ دەژین وەک وەهم بوون.
ئایا ئەو پێشهاتانەت بە خەیاڵتدا هات کە لە سێ دەیەی رابردوودا روویان دا؟
ئایا باوەڕت بەوە هەبوو جیهان لەسەر شاشەیەکی بچووک لە مۆبایلێکدا کۆدەبێتەوە کە لە گیرفانتدا هەڵیدەگریت؟
رەنگە کەسێک بڵێت ئەمە وەک یەک نییە، لە کاتێکدا ژیان یەک وێنەیەکە ناتوانرێت دابەش بکرێت، پەرەسەندنەکان لە هەموو ئاستەکاندا خێراتر دەبن، کێ خەیاڵی دەکرد یەکێتی سۆڤیەت کۆتایی دێت، تەنانەت سەرکردە گەورەکانیشی وا بیریان نەدەکردەوە.
رۆڵی گەلان هاوشێوەیە و هەموو نەتەوەیەک گەشتێکی بە شکستەکاندا کردووە و هیچ میللەتێک وەک خۆی نامێنێتەوە، چەند میللەت لە هیچەوە دەستیانپێکرد و زاڵبوون و ئیمپراتۆریەتەکانیان دروستکرد،  ئەوەی توانیان لە مرۆڤایەتیدا کردیان، هێشتا جیهان لەسەر هەمان ریتمی هەمیشەیی دەجووڵێت.

وتارەکانی نوسەر