لە باوکەوە بۆ کوڕ، دیپلۆمات و سەرکەوتوو

10:52 - 2022-03-29
بەشدار عەبدولڕەحمان
497 خوێندراوەتەوە


باسکردن لە سەروەرییەکانی یەکێتی بۆ هەموان جێگای شانازییە و پێویستە دەست بەو مێژووە پڕ لە دەستکەوتەوە بگیرێت، بەڵام شەڕی داهاتوو و مانەوەیەکی بەهێزی وەک ئێستا ئەرکە و دەبێت بکرێت.
ئەو جووڵە سیاسییانەی ئەم دواییەی وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پرسی یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار لەهەموو روویەکەوە وەک کار و کردەوە بەجێن و جێگەی شانازین، بۆ ئەوەی جارێکی دی هەق بدرێتەوە بە خەرمانەی دەسکەوتەکان و بپارێزرێن و شانازیش بە پێگە و سەنگی یەکێتی لە هاوکێشە و رووداوەکان بکرێت، یەکێتییەک بۆ پاراستنی ئایندەی گەلەکەی لەسەر دەستی بافڵ جەلال تاڵەبانی هەنگاوی کردەیی نا بۆ داڕشتنی پلانێکی دوور مەودا، ئەو دەزانێت چی دەکات، خوێنی باوکی لە لەشیدایە و سەنگ و پێگەی یەکێتی لەگەڵدایە، مێژوو کوردایەتی، دەستکەوت، خەبات، خەرمانەن و دەبێت شانازیان پێوەبکرێت.
لە پرسی دانانی سەرۆک کۆمار، یەکێتی بە خوێندنەوەی دۆخی ناوچەکە و سیاسەتی دوورمەودا و هەڵبژاردنی رێگەی راست، بە ئەنجامدانی دەیان دیدار و کۆبوونەوەی پڕ لە دەستکەوت، جێبەجێکاری دیسپلینی حزبیی خۆی بوو، توانی ژمارەیەکی قورس و خوێندراوە بێت، بگرە لەو یارییە یاریزانێکی سەرەکی و وەک هەمیشەش سەرۆک و وەفدە یاوەرەکەی یاریزانی لێزانن و زانیویانە چی دەکەن و لەپێناوی گەلەکەیان چی بەدەستدێنن، بۆیە پێویستە ئێستا لە هەموو کات زیاتر پشتیوانی ئەو سەرکردایەتییە بکرێت و هەوڵەکانیان بەرز بنرخێندرێت و لەو شەڕە ئیرادەییەی کە تا ئێستا کردوویانە و دەیکەن جێنەهێڵدرێن.
لامان روونە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی زیاتر لە یەکێتی و سەرۆک و سەرکردایەتییەکەی دەکەن، لە رابرودوودا بینرا بە ئێستاشەوە زۆریان هاتن و خۆیان تاقیکردەوە و تەمەنی سیاسییان درێژ نەبوو و درێژیش نابێت، بەڵکو وەک هەمیشە دەرکەوتەوە کە ئاسۆی روونی دواڕۆژی گەلەکەمان لەدەست حزبەکەی مام دایە و لە ئێستاشدا بە باشترین شێوە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرکردایەتی دەکات و تواناکانی نیشانی هەموو لایەک داوە، بۆ ئەمەش وتە بەنرخەکەی جەنابی مام جەلال هەمیشە لەسەر زاربێت کە دەیفەرموو: (مانەوەمان، سەروەریمان، گەشەسەندنمان، بەندە بەیەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) ەوە.

وتارەکانی نوسەر