(23)
هه‌رچه‌نده رۆمان جیهانێكی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه كه خه‌یاڵی نووسه‌ره‌كه‌ی دروستی ده‌كات، به‌ڵام هه‌میشه بنه‌مایه‌كی راسته‌قینه‌ی هه‌یه، خۆی له‌و كاركته‌ر و رووداوانه‌دا ده‌بینێته‌وه كه پێش نووسینی حیكایه‌ته‌كه هه‌بوون، پێش ئه‌وه‌ی ببنه دێڕه‌كانی رۆمانێك، جه‌نگ به‌هه‌موو دڵڕه‌قی و ترسه‌كانییه‌وه هه‌میشه سه‌رچاوه‌یه‌كی ئیلهام به‌خشه بۆ رۆماننووسان، به‌تایبه‌تی له‌دوای دووه‌م جه‌نگی جیهانییه‌وه، به‌و ئه‌ده‌به دژی جه‌نگ وكاولكارییه‌كان و ده‌سه‌ڵاته تۆتالیتارییه‌كان وه‌ستاونه‌ته‌وه، ده‌نگی قوربانییه‌كانیان به‌زیندوویی راگرتووه، له‌وانه، كامۆ، بیكێت، سارته‌ر، نۆرمان میلله‌رو ده‌یانی تر.
هه‌موو ئه‌و گه‌لانه‌ی به‌قۆناغی جه‌نگدا تێپه‌ڕیون، ئه‌ده‌به‌كه‌یان پڕه له‌و چیرۆك و رۆمانانه‌ی گوزارشت له‌جه‌نگ ده‌كه‌ن، كتێبه‌كانی مێژوو و سیاسه‌ت باسی سه‌ركه‌وتووه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام رۆمانه‌كان باسی شكست و خه‌مه‌كانیش ده‌كه‌ن، گه‌لێك رۆمانی جه‌نگم خوێندۆته‌وه كه رۆمانه‌كان و نووسه‌ره‌كانیشیان به‌ناوبانگن، به‌ڵام چه‌ند رۆمانێك هه‌یه له‌یاده‌وه‌ریما نه‌خشبووه، هه‌رچه‌نده نووسه‌ره‌كانیان به‌ناوبانگیش نین له‌وانه رۆمانی زه‌ماوه‌ندێكی دڕندانه‌ی-ی یان فلمینك، له‌باره‌ی ئه‌م رۆمانه‌وه له‌ده‌فته‌ری ساڵی 1995دا نووسیومه: (نیكۆل-ی دایك و لۆدۆ-ی كوڕی هه‌ردووكیان قوربانین، له‌ئه‌نجامی لاقه‌كردنی نیكۆله‌وه له‌لایه‌ن چه‌ند سه‌ربازێكی ئه‌مریكییه‌وه لۆدۆ دێته دنیاوه، ئه‌مه دوای كۆتاییهاتنی دووه‌م جه‌نگی جیهان، ئه‌و رۆژانه‌ی سه‌ربازه ئه‌مریكییه‌كان فه‌ره‌نسا جێده‌هێڵن و به‌ره‌و ئه‌مریكا ده‌گه‌ڕێنه‌وه، ئه‌و سوپا ئه‌مریكییه‌ی هاتبووه فه‌ره‌نسا بۆ رزگاركردنیان له‌داگیركه‌ری ئه‌ڵمانیای نازی.. نیكۆل و لۆدۆ ده‌بوو بمرن، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی رۆماننووس بێده‌سه‌ڵاته‌و نازانێت چۆن كۆتایی به‌ڕووداوه‌كانی رۆمانه‌كه‌ی بهێنێت، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی ئازاره‌كانی ئه‌و دوو كاركته‌ره له‌وه قووڵتر‌و گه‌وره‌تره به‌رگه‌ی ژیان بگرن، چونكه هه‌ندێجار مه‌رگ تاقه رێگه‌یه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، هێزی رۆمانه‌كه له‌وه‌دایه رۆماننووس وریایانه ئه‌و رووداوه‌ی كردووه به‌گرێیه‌كی ده‌روونی نه‌ك به‌ته‌نیا بۆ هه‌ردوو كاركته‌ره‌كه به‌ڵكو گرێی ده‌روونی هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌كه،..رۆمانه‌كه پڕێتی له‌ئاماژه ، له‌هه‌مووی روونتر ئه‌وه‌یه كه هه‌میشه تاك و كۆمه‌ڵگه‌ی فه‌ره‌نسی خۆی به‌شایسته‌ی پێشه‌نگایه‌تی خۆرئاوا ده‌زانێ نه‌ك ئه‌مریكا..).