توندوتیژی دژ بە ژنان گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار

11:22 - 2022-09-21
نەسرین کوردە
340 خوێندراوەتەوە

توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان پرسێکی هەستیارە و پێویستە قسەی لەسەر بکرێت، هەموومان تێروانینی خۆمان  هەبێت بەرامبەر بەئازادی و مافی مرۆڤ و  کەلتووری توندوتیژی و فەلسەفەی لێبوردەیی. 
لە دروستبوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە ژنان  باشتر توانیویانە بوونی خۆیان بپارێزن، چونکە  مام جەلال پشتوپەنای ژنان بووە، ئێستاش خۆشبەختانە کاک قوباد تاڵەبانی لەسەر خەتە بۆ داکۆکیکردن لە ژنان، ئەمەش جێگەی دەستخۆشییە و سەلماندویەتی کە یەکێتی سۆشیال دیموکراتە.     
توندوتیژی و کوشتنی ژنان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا  بۆتە یەکێک لەو دیاردە سلبیانەی کە مەترسی و کاریگەریی خستۆتە سەر شوناس و جیهانبینی نەتەوایەتیمان. 
هۆکاری ئەمەش، زاڵبوونی عەقڵیەتی خێڵەکییە و کەمی ئاستی هۆشیارییە لای تاکەکانی کۆمەڵ و بە کەم زانینی ژنان.   
بە هۆکاری ئابوورییش، تاکو ئێستا ژنانی ئێمە هەر چاویان لەدەستی پیاوە و خۆیان داهاتێکیان نییە، ئەگەر هەشیان بێت زۆرجار پیاو دەستی بەسەردا گرتووە.
 لە کۆمەڵگەی ئێمەدا واباوە کە دەبێت ژن هەرچاوی لەدەستی پیاو بێت.
 لە سیستمی زۆربەی زۆری وڵاتاندا ئەرکی بەڕێوەبردنی خێزان لەسەر هەردوو رەگەزە، بەڵام کۆمەڵگەی ئێمە بەشێکی تائێستا ئەوە پەسەند ناکات کە ژن کاربکات و لەو رێگەیەوە داهاتێک بۆ خۆی پەیدا بکات.  
خراپ بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیا، ئەمە زۆر بە سەختی هاتە هەرێمەکەی ئێمەوە و کاری پێدەکرێت، چەندین حاڵەتی کوشتن و توندوتیژی لە رێی خراپ بەکارهێنانی مۆبایلەوە سەرچاوەی گرتووە،  هەزمنەکردنی ئەو باهۆزەی تەکنۆلۆژیا و ئامڕازەکانی پەیوەندیکردن، رێگربووە لەوەی لەگەڵ گەشەی فیکری وەریبگرین، نەبوونی یاسایەک کە ژن بپارێزێت، بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگەی ئێمە تائێستا عەقڵی خێڵ بەرێوەیدەبات. 
ئەم راستیەش لەهەموو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا رەنگیداوەتەوە، بۆیە لەهەر کۆمەڵگەیەکدا خێڵ دەسەڵاتی هەبێت یاسا کەمتر دەتوانێت خۆی بسەپێنت. 
بەهۆی نەبوونی سیستمێکی پەروەردەی تازە، تائێستا چاکسازی زانستی نەکراوە لە سیستمی پەروردە و یاسا پلان بۆدانەنراوە، بە ئومێدی ئەوەی پلان و چاکسازی بکرێت لە یاسای توندویژیدا کە گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار و خراپ لەسەر دەروونی تاکاکان دەوەستێتەوە. دیاردەیەکی ترسناکە و پێویستە کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوەکان و یاسا و ئاسایش لە بەرژەوەندیی گشتی، ئەم دیاردەیە سەرکۆنە بکرێت.
ژمارەی تاوانەکانی ئەم چەند مانگە پێمان دەڵێت، دەستی تاوان و تاوانکاری لە کۆمەڵگەی کوردیدا گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار، کاتی ئەوە هاتووە هۆشیاریی کۆمەڵایەتی تاک پەرەی پێبدرێت و کۆمەڵگە لە مەترسییەکانی ئەم جۆرە دیاردانە هۆشیاربکرێتەوە، دەبێ بەرپرسان بێدەنگ نەبن، خۆیان لە بەخەمەوە هاتنی ئەم دیاردانە نەشارنەوە، چونکە خزمەتکردن بە کۆمەڵانی خەڵک و بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانییان  هەموان بەرپرسیارین لێی.

وتارەکانی نوسەر