دەرەنجامەکانی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا

10:37 - 2022-10-09
شوان کەریم کابان
637 خوێندراوەتەوە

جەنگی روسیا لە دژی ئۆکرانیا— ناتۆ، مانگی شوبات دەستیپێکرد، روسیا ناوی نا پرۆسەی تایبەت لە ئۆکرانیا، خۆرئاوا و بەشێکی وڵاتان بە جەنگی دوژمنکاری روسیا دژ بە ئۆکرانیا ناویان برد. 

سەپاندنی سزا بەسەر روسیادا
رۆژێک پاش هەڵگیرسانی جەنگەکە، خۆرئاوا دەستیان بە پڕۆسەی سەپاندنی سزا کرد بەسەر روسیادا و تادێت سەختتری دەکەن، پێشتریش پڕوپاگەندەی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە روسیا بە هەفتەیەک ئۆکرانیا دەگرێت، تاوەکو پێچەوانەکەی ببێتە هۆی ئیحراج کردنی روسیا. 
جگە لەوە، ئەوروپا و ئەمریکا کەوتنە ناردنی چەکی جۆراوجۆر و کەلوپەلی جەنگی و دەیان سەتەلایتی ئەمریکا و ئەوروپا جوڵێنران بۆ سەر ئاسمانی روسیا و ئۆکرانیا بۆ کۆکردنەوەی زانیاری جەنگی لەبەرژەوەندی سوپای ئۆکرانیا.
 ئەمە جگە لە بەخشینی دەیان ملیار دۆلار و هاوکاری هەواڵگری و راهێنان و ناردنی شارەزایانی سەربازی. 
هەموو ئەمانە لەکاتێکدایە کە سکۆت رێتەری کۆنە ئەفسەری هەواڵگریی هێزی دەریایی ئەمریکا و سەرۆکی تیمەکانی پشکنینی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، تایبەت بە چەکە کۆمەڵکوژەکانی عیراق لە سیمینارێکدا وتی: سوپای روسیا دەتوانێ شکست بە سوپای یەک بەیەکی وڵاتانی ناتۆ بێنێ جگە لە سوپای ئەمریکا و تورکیا. 

ئەگەر جەنگ درێژەبکێشیت، نرخی کەلوپەل و خۆراک و سووتەمەنی زیاد دەکات،  پارتی پارێزگاران لە هەڵبژاردندا دەدۆڕێ، دیموکراتەکان لە ئەمریکا لە هەڵبژاردنە تەواوکارییەکەی کۆنگرێسدا دەنگی پێویست ناهێنن و پانتایی بەرەکانی جەنگیش لە ئۆکرانیا فراوانتر دەبێت

بەردەوامی جەنگ
نزیکەی هەشت مانگە جەنگ بەردەوامە، قۆناغی یەکەمی دەرەنجامەکان لە ئەوروپا و ئەمریکا چین؟ گرانبوونی نرخی خۆراک، بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا و سووتەمەنی، بەتایبەتی بەنزین و دیزڵ و غاز، بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان، دابەزینی نرخی پاوەندی ئەستەرلینی و ئیۆرۆ بەرامبەر دۆلار بۆ ئاستێکی پێوانەیی، خەرجکردنی پارەیەکی زۆر بۆ کڕینی چەک و بەهێزکردنی سوپا، بۆ نموونە ئەڵمانیا پارەی تەرخانکراو بۆ بودجەی بەرگری لە پێنج ملیارەوە زیادکرد بۆ سەد ملیار، بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایی، دەست لەکارکێشانەوەی بۆریس جۆنسۆن لەبەر چەند هۆکارێک کە یەکێکیان ئەم جەنگەیە، لکاندنی هەرێمی دونباس و هەردوو ناوچەی خێرسۆن و زابۆرجیا بە روسیای فێدراڵ کە رووبەری هەموویان %15ی ئۆکرانیا دەکات و زیاتر لە شەش ملیۆن مرۆڤی تیادا دەژی، بردنەوەی هاوپەیمانی راستڕەوکان لە هەڵبژاردنەکانی سوید، بردنەوی راستڕەوە توندڕەوەکان لە ئیتالیا، بردنەوەی لایەنگرانی روسیا لە هەنگاریا، سەرکەوتنی راستڕەوەکانی فەرەنسا بۆ پلەی دووەم، کەمبوونەوەی بەرچاوی جەماوەریی جۆ بایدن، %56 ی ئەوانەی بەشداریی راپرسییەکەیان کردووە بایدنیان بە دڵ نییە. 
لە بەریتانیا کەسایەتی و سیاسەتمەدارە دیارەکانی پارتی پارێزگاران، داوایان لە لیز تراسی سەرۆک وەزیران کردووە دەست لەکار بکێشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت. 

لە باری درێژەکێشانی جەنگ
بە بڕوای بەندە، لە درێژەکێشانی جەنگەکەدا،  قۆناغی دووەمی دەرەنجامەکان بەم شێوەیە دەبێت: زیاتربوونی نرخی کەلوپەل و خۆراک و سووتەمەنی و رێژەی هەڵاوسان، دابەزینی زیاتری نرخی ئیۆرۆ و پاوەند، پارتی پارێزگاران لە هەڵبژاردندا دەدۆڕێن، دیموکراتەکان لە ئەمریکا لە هەڵبژاردنە تەواوکارییەکەی کۆنگریسدا دەنگی پێویست ناهێنن، زۆربەی ئەو حزب و هاوپەیمانییانەی ئێستا لە ئەوروپا لە دەسەڵاتدان لە هەڵبژاردنی وڵاتەکانیاندا پاشەکشە دەکەن، بەرفراوانبوونی پانتایی بەرەکانی جەنگ لە ئۆکرانیا، بەرفراوان بوونی بەرەی لایەنگری روسیا، بەرزبوونەوەی زیاتری دەنگی ناڕەزایی لە ئەوروپا تا ئاستی مانگرتن و خۆپیشاندان کە ئێستا سەرەتاکەی دیارە.

بەردەوامی جەنگی روسیا- ئۆکرانیا

وتارەکانی نوسەر