یەکخستنەوەی ‌هێزەکانی پێشمەرگە

11:10 - 2022-10-13
هەستیار مارف ئاغا
468 خوێندراوەتەوە

دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ‌هیزەکانی پێشمەرگەی کوردستان  لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدا بەگشتی یەکبخرێنەوە، کە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا ئەم پڕۆسەیە بەڕێوەدەچێت.
سەردانی  سیلێست واڵاندەر یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی، واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا- پەنتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان، هەنگاوێکی گرنگە و قۆناغیکی نوێ دێنێتە ئاراوە.

پێدانی فڕۆکەی جەنگی بە هێزی پێشمەرگه پاراستنی ئاسایشی عیراق پتەوتر دەکات

خانمی بە توانا و بەئەزموون و شارەزا، پڕۆفیسۆر سیلێست واڵاندەر یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی، چەندین ساڵە لە بواری ستراتیژیی کارکردن لەسەر بەرژەوەندییەکانی روسیا و چۆنێتی زیادکردنی دەسەڵاتی روسیا لە ئۆکرانیادا کاردەکات، هەروەها ئەم خانمە پێشووتر بەڕێوەبەری باڵا و راوێژاکاری بایدن بووە بۆ کاروباری روسیا و ئەوروپا و ئاسیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا.
سەرەڕای بوونی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ بەشێوەی فەرمی و سەربازی لە هەرێمدا، ئێستا پێداگرییەکی زۆر هەیە لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ چاکسازی گشتی و یەکگرتنەوە و بە نیزامیکردنی سەرجەم هێزەکان و یەکخستنەوەیان بە شێوەی رەسمی.
ئەگەرچی یەکخستنی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە بە شێوازی نیزامی لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، درەنگ کەوتووە و بووە بە مایەی نیگەرانی هێزەکانی هاوپەیمانان، بەڵام سەبارەت بە کورد، پێویستی بە یەکدەنگی و یەک بڕیاری و دڵنیایی زیاتر هەیە، چونکە تائێستاش هەژموونی حزب زاڵە بەسەر فەرمانی دروستکردن و جووڵەپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگەدا و حکومەت کەمتەرخەم بووە لە یەکلاکردنەوەی ئەم پرسەدا بە رەسمی.
هەوڵەکانی سیلێست واڵاندەر لەم کاتەدا، ئاماژەیەکی گرنگە کە کورد و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەوری کارایان هەیە و بڕواپێکراون لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانەوە و ئامادەن بۆ چاکسازی، دابینکردنی بڕێک لە بودجە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن هاوپەیمانانەوە گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەر ئەمەش وادەکات هاوپەیمانان دڵنیایی زیاتر دەکەنەوە لە کەڵک وەرگرتنی هێزەکانی پێشمەرگە لە تواناکانی هاوپەیمانان، هەروەها ئەم هەنگاوە دەیسەلمێنێت کە ئەم هێزە کوردییانە دەستوورین و ئامانج لێیان پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان و عیراقە بەگشتی لە سەرجەم مەترسی و هەڕەشەکان، لە هەموو کات و ساتێکدا ئەم هێزانە ئامادەن بۆ پاکتاوکردن و راوەدوونانی چەکدار و پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکەدا.
کارکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا لەسەر پرسی چاکسازی هێزەکانی پێشمەرگە و هەوڵدان بۆ رێکخستن و یەکگرتنەوەیان بە شێوەی نیزامی، گەورەترین خزمەتە بەم هێزانە، سیستمی بەرگری و سەربازی هەرێم بەهێز دەکات، بۆیە شانبەشانی ئەم هەوڵە نێودەوڵەتییانە دەبێت حکومەتی هەرێم و سەرۆکی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە و سەرجەم دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەم گرنگیپێدانە بەدەرفەت بزانن و زۆر بە باشی بیقۆزنەوە بۆ بەهێزکردنی هێزی پێشمەرگە و پتەوکردنی پەیوەندیی لایەنەکانی پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە و هەوڵدان بۆ بەدەستووری کردنی سەرجەم بڕگەکانی شێوازی بەرگریکردن لە وەزارەتی پێشمەرگەدا تا بتوانرێت هێزێکی نیزامی یەکگرتوو بهێنرێتە کایەوە کە نوێنەرایەتی هەموو رەنگەکان بکات و بەنیشتمانی بکرێت.
دەبێت هەوڵبدرێت لە رووی  مووچە و کەرەستە و دیسیپلینی سەربازی و هەبوونی تانک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان  و زرێپۆش و زانیاریی سەربازی و بنکە و سەربازگە و رەبییەوە، سەرجەم هێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگە هیچیان کەمترنەبێت لە هێزەکانی سوپای عیراقی فیدراڵ. 

وتارەکانی نوسەر