کوردستان و ترس لە بەڵێنەکان

10:07 - 2022-10-17
‎‎سۆزان حەمە تاتە
437 خوێندراوەتەوە

لە یەکەم وتاری دوای دەستنیشانکردنی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق، محەمەد شیاع سودانی وتی: «لە چوارچێوەی دەستووردا کاردەکەین بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی ناکۆکی و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان.»
ئەم لێدوانە ئەگەرچی نیازێکی باشە، بەڵام بەهۆی ئەزموونی تاڵی جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانەوە لە پێشتردا، ناتوانرێت زۆر هیوای لەسەر بنیاتبنرێت، بەڵکو پێویستە رێکەوتنی کۆنکرێتی لەبارەوە بکرێت و لە ئەنجومەنی نوێنەرانی  عیراقەوە مەرجدار بکرێت، هەر ئەوەش نا، بەڵکو بکرێتە مەرجی بەردەوامبوونی کابینەکەی سودانی، باشترە ئەگەر نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەشدار و چاودێریی هەر رێکەوتنێک بکەن.
سودانی ئەگەر سەرکەوتووش بێت لە پێکهێنانی کابینەکەی، بەڵام لەبەردەم کۆمەڵێک بەربەستی گەورەدایە، بۆ نموونە ئۆپۆزسێۆنێکی بەهێزی وەکو سەدرییەکان کە بێدەنگ لێی دانانیشن، بەڵکو بە بەردەوامیی لە کەمیندا دەبن بۆ سودانی و کابینەکەی.
ئەو دۆخە دەرفەتی ئەوە دەداتە کورد یەکگرتووانە لەگەڵ سودانی، گفتوگۆ لەسەر پاکێجێکی نیشتمانی بکەن، دوور لە چنینەوەی پۆستەکان و شەڕکردن لەسەریان، بەوپێیەی شیعەکانیش رەنگە بۆئەوەی کەمترین داوا بۆ کوردستان جێبەجێبکەن، هەوڵی یاریکردن و دروستکردنی ناکۆکی بدەن لە نێوان هێزە کوردییەکاندا.
یەکگرتوویی هێزی زیاتر دەداتە سەنگی کورد لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت و جێبەجێکردنی رێکەوتنی لایەنی کوردی و شیعی، ئەزموونی رابردوو ئەوە دەسەلمێنێ کەوا لە غیابی بێهێزیی پێگەی کورددا نەک رێکەوتنەکان، بەڵکو حکومەتی عیراق لەزۆر وێستگەدا دەستووریشی جێبەجێ نەکردووە.
لە بەرامبەر پابەندێتیی عیراق بە جێبەجێکردنی ئەرکە دەستوورییەکانی، هاوتەریب بەوەش، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکی دەستووریی دەکەوێتە سەرشانی و پێویستە بەتەواوەتی پێیەوە پابەندبێت، پێچەوانەی ئەوە بیانوو دەداتە دەست شیاعی و حکومەتەکەی تا بە رەوای  بزانێت کە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان جێبەجێ نەکەن تا ریسی رێکەوتنەکان ببنەوە  بە خوری.
داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان تەنها بە قسە و بەڵێندان ناکرێت، بەڵکو کرداری پێویستە، رەخساندنی دەرفەتی بۆ خزمەتکردن و جێبەجێکردنی ئەرکەکان دەوێت، بنبڕکردنی گەندەڵی و باشترکردنی ژیانی دەوێت ئەویش بۆ گەڕاندنەوەی متمانە لە نێوان خەڵک و حکومەت کە ئێستا زۆر لاوازە.
رێکەوتن لەگەڵ عیراق گرنگە، بەڵام بنیاتنانەوەی متمانەش گرنگە. 
کاری دروست ئەوەیە جێبەجێ نەکردنی رێکەوتنەکان ئۆباڵەکەی لەسەر هەرێمی کوردستان نەبێت، چونکە ئەگەر وابێت پێگەی هەرێمی کوردستان لاوازتر دەبێت و بەغداش دەستیکراوەتر دەبێت لە لەقاڵبدانی زیاتری دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان، خەڵکی کوردستانیش لەوە زیاتر بەرگەی مەینەتی  زیاتر ناگرێت.

وتارەکانی نوسەر