سلێمانی شوێنی زیندانیكردنی رۆژنامەنووسان نییە

10:10 - 2022-10-17
عەباس مەحمود
572 خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان وەك یەکێک لە كاریگەرترین حزبەكانی  عیراق بە گشتی و  هەرێمی كوردستان بە تایبەتی، لە مێژووی 32  ساڵەی حكومڕانیدا، بینیومانە سلێمانی گۆڕەپانێكی كراوە بووە  بۆ تەواوی حزب و گروپ و چالاكوانانی مەدەنی و سیاسی و رۆژنامەنووس و نووسەر بە بیروڕا جیاوازەكانەوە لەوپەڕی چەپەوە بۆ راست و لە عەلمانی و بۆ ئایینی، بەوپەڕی ئازاداییەوە بارەگا و ئۆفیسیان هەیە و تەنانەت هەندێكیان ركابەری سەرسەختی یەكێتین و سڵیان لە هیچ رەفتار و گوفتارێك نەكردۆتەوە بە دروستكردنی پشێوی و شێواندنی سەقامگیرییشەوە لە ناو سلێمانی و شێواندنی وێنەی دیموكراسی و كراوەیی و یەكتر قبووڵكردن. 
هەرچەندە باش دەزانن تەنیا لەم سنوورەدا دەرفەتیان بۆ رەخساوە، وەكو نەیار و ركابەر كار بۆكۆكردنەوەی دەنگی لایەنگر بۆ خۆیان بكەن و بە ئازادییش مافی دیموكراسی خۆیان پیادە بكەن. 
لەم ساڵانەدا دۆست و دوژمن یار و نەیار، شاهیدی بۆ ئەم دۆخە دیموكراسییە دەدەن كە لەسەر رێبازی سەرۆك مام جەلال بنیاتنراوە و یەكێتی بۆتە زامنی. 
لەسەر رێچكەی مام جەلال، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی جەخت لەوە دەكاتەوە كە وەڵامی نووسین بە نووسین بدرێتەوە و وەڵامی كتێب بە كتێب.
 لە دوایین هەڵوێستی بەرامبەر ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەگەری و نووسینی بیروڕا، كەفالەتكردنی دوو رۆژنامەنووسە راگیراوەكەی بوارنیوزە کە جێگەی دەست خۆشییە و وتی: سلێمانی شوێنێك نییە بۆ زیندانیكردنی رۆژنامەنووسان. 
هەڵسەنگاندنێک دەكەین بۆ رادەی كراوەیی و  نەفەس درێژیی قبوڵكردنی دەنگی جیاواز و بەتایبەتی لە ململانێی هەڵبژاردندا.
1- یەكێتی دەرفەتی داوە بە تەواوی نەیار و ركابەرەكانی، ئازادانە كاری سیاسی خۆیان بكەن و فرە حزبی و دروستبوونی رای جیاواز و ئازادی راستەقینە لە ئامێزی یەكێتی هاتۆتەكایەوە، ئەمە یەكێكە لە ئامانجە سەرەتاییەكانی سۆشیال دیموكرات كە یەكێتی پەیڕەوی دەكات. 
تەواوی حزبەكانی كوردستان لە سلێمانی بارەگای سەرەكی و سەركردایەتییان هەیە و زۆر ئازادانە لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا ململانێی خۆیان دەكەن و لە سەبەتەی دەنگەكانی یەكێتی بۆ خۆیان دەبەن.
2- خۆپێشاندان و گردبوونەوە و رێپێوان و كەمپینەكانی ناڕەزایی خەڵكی ئاسایی و چالاكوان و حزبەكان لە سلێمانی دەكرێت، تەنانەت ئەگەر هۆكاری ناڕەزاییەكان لە جێیەكی تری ئەم دونیایە بێت، ئەمەش لە دونیا بینی مامی گەورەمانەوە هاتۆتە كایەوە لە دانانی سەكۆی ئازاد لە پاركی ئازادی و دەربڕینی بیرڕوای ئازاد.
3- لۆژێكی تەوافوق و رێكەوتن و رای گشتیی لە ئیدارەدانی وڵات بەلای یەكێتییەوە زۆر گرنگ بووە، بۆیە تەواوی رەخنەكانی پێ قبووڵە و بە هەندیان وەرگرتووە بۆ باشتركردنی ئەدای حكومی و حزبی.
4- ئاستی كراوەیی و یەكتر قبووڵكردنی بیروبۆچوون و ئایدیۆلۆجیا لەم سنوورە، بە جۆرێكە تەواوی خاوەن هزرەكان لێرەدا بیری خۆیان پیادە دەكەن لەكایەی سیاسی و كۆمەڵایەتیشدا ئازادانە بنكە و بارەگای خۆیانیان هەیە.
5- بەشداری پێكردنی بە رێژەیەكی بەرچاو لە ژنان و گەنجان لە دەسەڵاتی حزبی و حكومی، بنەمایەكی بنیاتییە لە مافەكانی مرۆڤ و دیموكراسی، یەكێتی لە تەواوی سێكتەرەكانی ئیدارەدانی حزب و حكومەت سوودێكی زۆر لە توانا و كارامەیی ئەو دوو توێژە وەردەگرێت.
6- دەستوەرنەدان لە دەسەڵاتی دادوەری و كۆت و بەند نەكردنی نەیاران و چالاكوانانی سیاسی و مەدەنی، هەروەها رێگەدان بە دەربڕینی بیروڕای ئازاد لەم سنوورە بابەتێكی حاشاهەڵنەگرە، لەپێشتریش لە سەردەمی شاخ و لە چاپدانی سەگوەڕ لەلایەن محەمەدی موكری، لێبوردەیی و قبووڵكردنی رەخنە و ئازادی بیروڕا لەلایەن مام، لەو كاتەوە بەردی بناغەی ئازادی نووسین و چالاكی مەدەنی و سیاسیی لە سنووری دەسەڵاتی یەكێتی دانرا و ئێستاش باوەشی بۆ نووسەران و چالاكوانانی سنوورەكانی دیكەش كردۆتەوە کە بەوپەڕی ئازادییەوە دەنووسن.

یەكێتی دەرفەتی داوە بە تەواوی نەیار و ركابەرەكانی، ئازادانە كاری سیاسی خۆیان بكەن و فرە حزبی و دروستبوونی رای جیاواز و ئازادیی راستەقینە لە ئامێزی یەكێتی هاتۆتەكایەوە

وتارەکانی نوسەر