یەکێتی ئومێدی خەڵکە بۆ ئازادیی رادەربڕین

10:23 - 2024-01-28
عەباس مەحمود
181 خوێندراوەتەوە

لە مێژووی یەکێتیدا، لە هاوتەریبی سەرهەڵدانی شۆڕشی نوێ و خەباتی چەکداری دژ بە دەسەڵاتی بەعس و بەرنگاربوونەوەی دوژمنانی تری گەلی کوردستان، دروستبوونی جیاوازی بیروبۆچوون  رەخنە و دەنگی جیاواز و دەڕبرینی خواست و را دروستبووە و ئەوەش لەسەر دەستی رۆشنبیران و گەنجانی داینەمۆی شۆڕش بووە و بە پشتیوانی سەرۆک مام جەلال بووە و ئەو رێگەشی دابوو کە لەخۆیەوە دەستی پێبکەن، بەتایبەتی لەدوای ئەوەی پەرتووکی سەگوەر دەرچوو، نەیهێشت نووسەرەکەی پەلامار بدرێت و داوای کرد بە وشە و نووسین وەڵامی بدرێتەوە، چونکە وەڵامی وشە وشەیە نەک چەک و فیشەک، ئەم بۆچوونە بووە بنچینەی بنەڕەتی پەیڕەوی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و شارستانیی یەکێتییەکان.
لە دوای راپەڕینی گەلی کوردستان سنووری ئیدارەی زۆنی سەوز  بووە سەکۆی ئازادی و رادەربڕین و نووسینی وتاری گەرم و رەخنە و رادەربڕین، ئەم خەسڵەتەش هەر لەسەرەتای راپەڕینەوە بەدەست و هیممەتی سەرۆک مام جەلال، بنیاتنرا و گەشەی پێدرا و تەنانەت سەکۆی ئازادی لە پارکی ئازادی دامەزراند بۆ ئەوەی هەموو تاکێکی کورد لەوێ بە ئازادییەوە وتار و رای خۆی بڵێت، لەوکاتەوە رۆشنبیر و چالاکوانی مەدەنی و سیاسی و چین و توێژەکان، بەبێ ترس و تۆقاندن و کۆت و بەندکردن، بگرە لەو پەڕی ئازادییەوە وتار و  رای خۆیان دەربڕیوە و سلێمانی بۆتە ماڵی ئازادی و  رەخنە و مانگرتن و داوای مافکردن، هەر کوردێک لەکوێی ئەم هەرێمە کێشەی هەبێت، لێرەدا داوای رەوای خۆی بە دەنگ بەرزی و زوڵاڵییەوە دەردەبڕێت. بۆیە بوون و بەهێزیی یەکێتی بۆ گەلی کوردستان بە واتای زەمانەتکردنی ژیانی شەرفمەندانە و ئازاد و پڕ لە دادپەروەرییە و ئەوان بەچاوی ئومێدەوە بۆی دەڕوانن، خۆشحاڵن لەوەی یەکێتییەکەیان بە دەستی ئەمینی خۆیەتی و ئەویش بەو پەڕی ئەمانەتەوە سەرۆکایەتی دەکات و ناهێڵێت رەچەڵەکی بنیات و بنەمای دروستبوونی یەکێتی کە فراوانکردنی ئازادی و بیروڕا جیاوازەکانە، بگۆڕێت.
خەڵک دڵخۆشن لە پشتیوانیکردنی بەردەوامی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی بۆ رۆژنامەنووسان و رۆشنبیران و سەندیکا و یەکێتییە پیشەییەکان بۆ بەدەستهێنانی مافەڕەواکانیان، بۆیە بە راستی بە وتەی سەرۆک، سلێمانی زیندانی رۆژنامەنووسان نییە و بگرە ماڵی ئاوەدانیی ئازادییەکانە، ئەم سێبەرە ئازادییە چەترە لە باوکەوە بۆ کوڕ لە فراوانیدایە و رۆژ بە رۆژ لە گەشەکردندا دەبێت.

وتارەکانی نوسەر