تاڵەبانی ئایکۆنی پاراستنی مافەکانی خەڵکە

10:12 - 2024-02-19
عەباس مەحمود
338 خوێندراوەتەوە

عەباس مەحمود 

لە فەرهەنگی بنیاتنانی بنەمای دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر لە سەرەتاوە دەستدرێژیکردنە سەر خەڵک هێڵی سوور بووە، یەکێتی ژیانی ئارام و ئاسودە و پارێزراو و پڕ لە دادپەروەریی بۆ کۆمەڵانی خەڵک بە ئەرکی خۆی زانیوە، بۆ سلێمانیش جگە لەوەی پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستانە، کە جێی ئاوەدانی و خزمەتکردن و وەبەرھێنانە، نابێت رێگە بدرێت هەندێک کەسی بەرژەوەندیخواز بەناوی جیاجیایەوە دەست بۆ قووتیان ببات.
یەکێتی دەبێت پشتوپەنای ئەو دەستانەش بێت کە سەروەت و سامانی خۆیان خستۆتە خزمەتی شارەکەیانەوە و دەبێت زەمینەیەکی ئارام و ئاسایشی زیاتریان بۆ دەستەبەر بکرێت، بۆئەوەی بەبێ نیگەرانی و دڵەڕاوکێ لەو کارەی خۆیان بەردەوام بن و مافی خۆشیانە لە وەبەرهێنانی یاساییدا قازانجی حەڵاڵ بکەن.
ئەم هەڵمەتەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ بەدەنگەوەچوونی بڕیاری دادگا بەرامبەر لەیاسا دەرچوویەک، دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە تەواوی کوردستاندا بەدوای خۆیدا هێنا، نەک تەنها لای ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڵکو دانیشتووانی کوردستان بەگشتی و زۆنی سەوز بەتایبەتی دەستخۆشی و پێزانینیان هەبوو بەرامبەر بەو رێوشوێنەی لەسەر بڕیاری دادگا گیرایەبەر بۆ بنبڕکردنی مافیاگەریی و سزادانی ئەو کەسانە کە پێگە و پۆستەکانیان لە نێو ریزەکانی یەکێتیدا بەکاردەهێنن بۆ گیرفان پڕکردن، کە داوا لە سەرۆک بافڵ  دەکەن بەردەوام بێت لە ئەرکی خۆی وەکو مەرجەعی راستەقینە بۆ بنبڕکردنی ئەو دیاردەیە و سزادانی ئەو کەسانەش کە بە ناشەرعی و چاوسوورکردنەوە خۆیان دەوڵەمەند دەکەن و مۆڵکی گشتی داگیر دەکەن و پشکی خەڵک نادەن و پێگەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی بۆ خۆیان دروست دەکەن. 
هاووڵاتیان داواشیان وایە سەرۆک بافڵ دەستی واڵا بکات لە سنوورەکانی تریشدا و لەیاسادەرچووەکان سزابدات و بەچاوی ئومێدەوە دەڕواننە کارەکانی، چونکە ئەو لەم چەند ساڵەی رابردوودا بەهۆی هەڵسوکەوتی دڵسۆزانە و خەمخۆرانەیەوە چاوپۆشی لە هیچ جۆرە لەیاسادەرچوون و ستەمێکی لە خەڵک نەکردووە، بگرە بە شەونەخوونی و مشورخۆری ئەرکی سەرۆکایەتی خۆی جێبەجێ کردووە و واتایەکی نوێی بە دەستەواژەی سەرۆک و سەرکردایەتیکردن بەخشیوە، ئەمەش وایکردووە لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا بە سەرۆکێکی خاکی و پارێزەری مافەکانی تاکی کورد و ئایکۆنی پارێزەری مافەکانیان لێی بڕواننرێت.

وتارەکانی نوسەر