پەیامی یەكێتییانەی كەنارنشینەكانی ئەڵوەن!

11:01 - 2023-04-12
عەباس مەحمود
344 خوێندراوەتەوە

هەرچەندە خەڵکی خانەقین و دەوروبەری لە 20 ساڵی رابردوودا لە تەواوی راپڕسی و هەڵبژاردنەكان كە لەو سنوورە كراوە و دەنگی یەكلاكەرەوەیان لە بەرژەوەندیی و خواستی یەكێتی داوە و بۆ یار و نەیار و دۆست و دوژمن خاوەندارێتیی شارەكەیان بە پەنجەی مۆركراویان دیاریكردووە، كە تەنیا متمانە بە حزبێك دەبەخشن كە خواستی راستەقینەی خەڵكەكەی بەدیبهێنێت و ئەویش گەڕانەوەیە بۆ ئامێزی دایكی كوردستان.
ئاشكرایە لە نیو سەدەی رابردووشدا رۆڵەكانی ئەم سنوورە لە دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە مەشخەڵی رووناكی رێگای خەبات و تێكۆشانیان لە ریزەكانی هەڵگرتووە و لەپێناوی ئەم رێبازە پیرۆزەدا خوێنی ئاڵ و تەمەنی گەنجێتییان بەو حزبە خاوەن پەیام و تێكۆشەرە راستەقینەیەی ئازادی و سەربەخۆیی گەل بەخشیوە. 
مێژوو ئەو راستییە دەردەخات كە خانەقین و یەكێتی دوانەیەكن هەرگیز لەیەك دوور ناکەونەوە و لە دوایین پێشهاتیش لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ ئەوەی وەك زۆربەی كۆمەڵانی خەڵك بەڕۆژوو بوون، پێشوازییەكی بێوێنەیان لە سەردەمێكی نوێی یەكێتییەكەیان لە سنووری چالاكی مەڵبەندەكەیان كرد و دیسانەوە بە پەرۆش و حەماسەوە وەكو سەرەتای پڕۆسەی ئازادی عیراق و وەك چۆن لە 13-4-2003 كۆمەڵانی خەڵكی بە شەرەفی شارەكە بە پیر و گەنجەوە بە هەڵپەركێ و نوقل و شرینییەوە پێشوازییەكی بێ وێنەیان لە کەژاوەی ئۆتۆمبیلەكانی مامیان كرد.
لەو كاتەوە تاوەكو ئەمڕۆ دەنگ و رەنگیان بۆ یەكێتی بووە و پشتیوانییان لێكردووە و چاویان لە دەست و هیمەت و دڵسۆزیی و مشورخۆری ئەو حزبە بڕیوە. 
هەر بۆیە بەوپەڕی باوەڕەوە دیسانەوە جەماوەری شارەكە لە رۆژی 9-4 لە گۆڕەپانی مەڵبەند بۆ بەخێرهێنانی وەفدی باڵای یەكێتییەكەیان كۆببوونەوە، کە بۆ دەستبەكاربوونی لێپرسراوی نوێی مەڵبەند لە كەركوك و سلێمانی و شارەكانی تری كوردستانەوە هاتبوون و  دوا وتەی خۆیان بە دەنگی بەرز و یەكلاكەرەوە دایە بەر گوێی تەواوی لایەن و حزبی یار و نەیار و دۆست و دوژمن كە خانەقین سەوزە و ئەو پۆشاكەی لەبەریانە ناگۆڕنەوە بە رەنگێكی تر. 
 بە دەنگی زۆڵاڵەوە لەگەڵ كوڕانی سەرۆكی كوردان پەیمانیان نوێكردەوە كە تا ماون لەسەر رێبازی مامی گەورەیان سەرۆك مام جەلال دەمێننەوە و ئامادەی هەموو گیانفیداییەكن و درێژەپێدەری رێبازی شەهیدان و تێكۆشەرانی خۆیان دەبن و ئاڵای یەكێتییش بە شەکاوەیی و بە بەرزی لەگەڵ ئاڵای پیرۆزی كوردستان لە شارەكەیان تاماون هەڵدەكەنەوە و لە پەیمانی وەفای خۆیان پاشگەز نابنەوە.

وتارەکانی نوسەر