ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆژەی ستراتیژی

09:42 - 2022-10-18
هەستیار مارف ئاغا
569 خوێندراوەتەوە

سەرجەم پڕۆژە ستراتیژییەکانی کەرتی تایبەت و وەبەرهێنان گرنگن بۆ پتەوکردنی ژێرخانی ئابووری وڵات. بە گشتی پڕۆژە ستراتیژەکان پێکدێن لە بوارەکانی وەک کەرتی نەوت و غازو وزە، کەرتی پیشەسازی و کانزاکان، کارەبا، گواستنەوە و ریگاوبان، کەرتەکانی تەندروستی و زانست و پەروەردە، کەرتی بازرگانی، گەشتوگوزار، کشتوکاڵ و بەنداوەکان، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون. 
بێجگە لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، کە لەلایەن وەبەر‌هێنانەوە مۆڵەتی پێدەدرێت، سەرجەم پڕۆژەکانی تایبەت بە کردنەوەی کارگەی پیشەسازی و کیمیایی و پلاستیکی و خزمەتگوزارییەکان لەلایەن گەشەپێدانی پیشەسازییەوە مۆلەتی پێدەدرێت. 
لە پارێزگای سلێمانیدا بە گشتی، کەرتی تایبەت و وەبەرهێنان گرنگی سەرەکیان پێدەدرێت، لە رێگەی دلسۆزانی شارەوە وابڕیارە سەرجەم کێشە و ئاستەنگ و دەست تێوەردانەکان بنبڕبکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین رێوشوێنی کاریگەر گیراونەتەبەر، بەم هەنگاوانەش دڵخۆشی و دڵنییایەک لای زۆربەی وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانەوە درووست بووە، تا پڕۆژەی ستراتیژی نوێ پێشکەشبکەن. سەرەڕای ئەو گرنگیپێدانەش، هێشتا چەندین کێشەی بنەڕەتی بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم هەندێک پڕۆژەی پیشەسازیی ستراتیژیدا.
کەمی فرۆشتن و ساغکردنەوەی کاڵاکان لە بازاڕی ناوخۆدا بەهۆی زۆری کاڵا و بەرهەمە دەرەکییەکان لە بازاڕدا.
 لە کاتی هەناردەکردن بۆ دەرەوەی وڵات سەرەڕای هەبوونی بەخشینی گومرگ، بە بیانووی رسوماتی گومرگی جیاواز بۆ هەرتەنێک لە هەناردەکردن بڕێک پارە وەک گومرگ وەردەگیڕێت کە بەمەش نرخی تێچوون و گواستنەوە و گەیاندن زیاتردەکات.
لە هەموو دونیادا ئەو کارگانەی بەرهەمهێنن و لەتوانایاندایە هەناردە بکەن لەلایەن حکومەتەوە کارئاسانی تەواویان بۆ دەکرێت چونکە بە چوونەدەرەووەی کاڵای ناوخۆیی ژێرخانی ئابووری پتەوتردەبێت، پارە دەگەڕێتەوە بۆ وڵات، بەرهەمی ئەو وڵاتە لە دەرەوە ناوبانگ و بەها پەیدادەکات.
لەکاتی هەڵسەنگاندن بۆ پێداویستی کەرەستەی سەرەتای کارگەکان کە لەدەروەی وڵات هاوردەدەکرێن و لە ناوخۆدانین، چەندین لیژنەی هەڵسەنگاندن و رۆتین دروستدەکرێت بۆ کەمکردنەوە و لێبڕینی توانای پێداویستی کارگەکان بە بیانووی دزەکردنی کەرەسەتە بۆ بازاڕی رەش یاخود جیانەکردنەوەی تایبەتمەندی کارگەکان لە یەکتری و کاتەکانی کارکردن و فرۆشتن و نەبوونی کامێرا، کە ئەمەش دووبارە بەرتەسککردنەوەی هاوکارییەکانی حکومەتە بۆ وەبەرهێن.
پلان و بەرنامەیەکی درووست نییە بۆ پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژە ستراتیژییەکان بە جۆرێک هەماهەنگی نییە لە نیوان دەزگاکانی وەبەرهێنان و پیشەسازیدا کە جاری وا هەیە لە یەک ناوچەی پیشەسازی مامناوەنددا زیاتر لە شەش کارگە بە هەمان تایبەتمەندی و بەرهەم، مۆڵەتی پێدەدرێت.
درووستکردنی ریگاو بان و دابینکردنی ئاو، راکێشانی هێڵی کارەبا و درووستکردنی وێستگەکانی ئالوگۆڕکردنی وزە لە ئەستۆی خاوەنکارگەکاندایە، سەرەڕای زۆری تێچوونی ئەم ئیشانە چەندین مانگ دەخایەنێت تاوەکو مۆلەتیان بۆ وردەگیرێت.
نرخی یەکەی کارەبای نیشتمانی بۆ پڕۆژەکان زۆر گرانە و هەندێک کارگە کرێچی خانووبەرەی میرییە و ساڵانە کرێیەکی زۆر دەدات بە حکوومەت لە کاتێکدا هیچ ئینشورانس و دلنێاییەک نییە بۆ خاوەن کارگەکان کە وەک دەبیستین و دەبینین بە بچووکترین کێشە، گەورەترین کارگە دەسووتێت و وەبەرهێن سەرمایەکەی بە فیڕۆدەچێت.
سیستمی بانکی نییە، قەرزکردن نییە، وەبەرهێن هەموو سەرمایەکەی بە کاش دابیندەکات لە کاتی فرۆشتنی کاڵاکانی بەدەرەووەی وڵات زۆر بە ئەستەم پارەکەی بۆ دەگەڕێتەوە و چەندین وڵات و بانک دەکات، تا دەستی دەکەوێتەوە. 

وتارەکانی نوسەر