سیستمی حوكمڕانی شانشینی بەریتانیا

10:06 - 2022-10-18
مامۆستا پێشڕەو
780 خوێندراوەتەوە

بەریتانیا وڵاتێكی ئەوروپییە كەوتۆتە باكووری خۆرئاوای ئەوروپاوە، بەو پێیەی دوورگەیە و هەر چوار دەوری ئاوە، تەنیا سنووری وشكانی لە رێگەی ئیرلەندای باكوورەوە لەگەڵ كۆماری ئێرلەندادا هەیە، بەڵام سنووری ئاوی هەیە لەگەڵ هەریەك لە  فەرەنسا و ئیسپانیا و بەلجیكا و هۆڵەندا و ئەڵمانیا و دانیمارك و نەرویج.

پێگەی جوگرافی
ناوی بەریتانیا كە لەسەر پاسپۆرت دەنووسرێ بەم جۆرەیە: The United Kingdom of Great Britannia and Northern Ireland. واتە شانشینی یان مەملەكەتی یەكگرتوی بەریتانیا مەزن و ئیرلەندەی باكوور، هەروەها بەم هێمایەش دەنووسرێت(GB) بەریتانیای مەزن (UK). بەریتانیا بەشێوەیەكی گشتی لەدوو دوورگەی گەورە و چەند دوورگەیەکی بچووك و كۆمەڵێك كەناڵی ئاوی پێكهاتووە. پایتەختی بەریتانیا شاری لەندەنە كە دەكەوێتە باشووری هەرێمی ئینگلاندەوە، گەورەترین شاری بەریتانیایە لەڕووی  ژمارەی دانیشتوان و رووبەری خاكەوە، پێنج فڕۆكەخانەی تێدایە و رووباری تایمز شارەكەی كردووە بە دوو بەشەوە (باكوورو باشوور)، لەندەن 32  شارەوانی هەیە. 
بەریتانیا لە چوار هەرێم پێكهاتووە، هەر هەرێمەش پایتەخت و پەرلەمان و حكومەتی خۆی هەیە: هەرێمی ئینگلەند (England ) بەشە گەورەكەیەتی، هەرێمی سكۆتلەندە (Scotland ) پایتەختەكەی شاری ئەدنبەرەیە، هەرێمی وێڵز (Wales) پایتەختەكەی شاری كاردیفە، هەرێمی ئیرلەندەی باكوور (Northern Ireland ) پایتەختەكەی شاری بڵفاستە.
ئاڵای بەریتانیا بریتیە لە سێ رەنگ: شین و سور و سپی، رووبەری ئاڵاكە شینە و چوار هێڵی كرۆسی(cross ) سوری پیا تێپەڕیوە كە دەوری هێڵەكان یان كرۆسەكان سپین، ئەم چوار كرۆسە نیشانەیە بۆ هەر چوار هەرێمەكەی بەریتانیا یان ئاماژەیە بۆ هەر چوار نەتەوەكەی بەریتانیا (ئینگلیز، سكۆتش، وێڵش، ئیرلەندی) بێجگە لەوەی كە هەر هەرێمێكیش ئاڵای تایبەتی خۆی هەیە و بەپێی رەنگەكان و شێوە و هێڵەكانی ماناو مەبەستی خۆی هەیە. 
هەر 10 ساڵ جارێك  بەبێ دواكەوتن سەرژمێری لەم وڵاتەدا دەكرێت، بە پێی دوایین سەرژمێری بێت، دانیشتوانی بەریتانیا لە 70 ملێۆن كەس نزیك بۆتەوە، شارە گەورەكانی بەریتانیا ئەمانەن: لەندەن، بێرمنگهام، مانچستەر، كاردیف، بڵفاست، ئەدنبەرە، لیڤەرپوڵ، گلاسگۆ، نیوكاسڵ، ئۆكسفۆرد، لیدز، هەڵ، شەفیڵد، كامبریج، ساوسامتن، پۆرتسمۆس، پلی مەس، بریستۆڵ و زۆر شار و شارۆچكە تر. 
بەریتانیا كەناڵ و كەناری  ئاوی زۆری هەیە  لەسەر دەریاكان، ئەمە وایكردووە ئەو شارانەی كە كەوتونەتە سەر دەریاكان ببنە شوێنی گەشتوگوزار و گەڕان و سەیران، وەكو شارەكانی (بلاك پوڵ و برایتن و پلەی مەس و ئەدنبەرە و كاردیف و لیڤەرپوڵ و بڵفاست) و زۆر شارو شارۆچكەی تر.

وڵاتی باران
لە رووی جیۆلۆجییەوە ناوچەكانی باكووری بەریتانیا شاخاویی و بەردەڵانییە و زەویەكەی رەقە و بەرزی و نزمییە، واتە شاخ و گرد و  گردۆڵكەی تیایە، بە پێچەوانەوە زەویەكانی  ناوەڕاست و خواروی بەریتانیا  نزم و  تەختە و زیاتر لەبارترە بۆ كاروباری كشتوكاڵ و ئاودێری. بەشێوەیەكی گشتی ئاووهەوای خاكی بەریتانیا مامناوەندیە، واتە لە هاویندا زۆر گەرم نییە و لە زستانیشدا زۆر سارد نییە بە بەراورد بە وڵاتانی تری ئەوروپا، هاوینی كورتە و نزیكەی مانگ و نیوێك هاوینە، زستانی ساردە و لە ناوچەكانی باكوور بەتایبەتی لە هەرێمەكانی سكۆتلەندە و ئیرلەندەی باكوور بەفر دەبارێت، بەڵام ناوچەكانی باشوری بەریتانیا زۆر بە كەمی بەفری لێ دەبارێت، بەریتانیا وڵاتێكی هەمیشە بارانە، واتە لە هەر چوار وەرزەكەی ساڵدا باران دەبارێت، وەرزێك نییە بەناوی وەرزی باران بڕان، بەریتانیا چونكە دوورگەیە و چوار دەوری ئاوە، ئەمە وایكردووە هەمیشە شێدار بێت، وڵاتێكی تاڕادەیەك سەوزە و گژوگیا و درەختی زۆرە، هەروەها هەواو بای زۆرە، جاری وا هەیە لە رۆژێكدا  هەر چوار وەرزەكەی ساڵ پیشان دەدات، تاوێك بارانە و تاوێكی تر هەتاوە یان هەورە یان رەشەبایە، بۆیە ئینگلیزەكان دەڵێن: dont forget your work,women and weather :واتە کار و ژنەكەت و ئاووهەوات بیرنەچێت، بۆیە دەبێت هەمیشە چەتر و بلوزت پێبێت.، هەر چوار وەرزەكەی ساڵ هەیە و بەڵام هاوینی كورتە، بەشێوەیەكی گشتی ناوچەكانی باكوور2-3پلە ساردترن لە ناوچەكانی باشوور.

شاری لەندەن سەعاتی بیگبین

بەریتانیا رووباری گەورەی نییە كە لە جیهاندا بەناوبانگ بێت، بەڵام دەریاچە و كەناڵی ئاوی و رووباری بچووك و كانی و سەرچاوەی ئاوی زۆرە، كەناڵە ئاوییەكان زۆربەی شار و شارۆچكەكانی بەیەكەوە  بەستۆتەوە، ئەم كەناڵە ئاوییانە كاتی خۆی رۆڵی گرنگ و كاریگەری بینیوە لە كاروباری هاتوچۆكردن و بازرگانی و ئاڵوگۆڕكردندا پێش پەیدابوون و پێشكەوتنی هۆیەكانی تری هاتوچۆكردن لە بابەتی ئۆتۆمبێل و شەمەندەفەرو فڕۆكە، هەرچەندە ئێستاش رۆڵیان هەیە، بەڵام كەمتر بۆتەوە و زیاتر ئێستا ئەم كەناڵە ئاویانە بۆ مەبەستی گەشتوگوزار و گەڕان و سەیران بەكاردێن.
هەرچەندە هەرێمەكانی بەریتانیا  لە رووی  زمان و دابونەریتەوە  جیاوازن، بەڵام لە زۆربەی مەسەلەكانی تردا یەكگرتوون، واتە لە مەسەلە نیشتیمانی و نەتەوەیی و ستراتیژیەكاندا یەكگرتون و هاوهەڵوێستن، بەریتانیا وڵاتێكی فیدراڵییە و خاوەنی چوار هەرێمی ئۆتۆنۆمیدارە و هەریەكەیان پەرلەمان و حكومەتی خۆی هەیە، بەڵام وەزارەتەكانی دەرەوە و بەرگریی و دارایی و باج سەر بە دەوڵەتی ناوەندە.

سیستمی حوكمڕانی شانشینی بەریتانیا 
سیستمی حوكمڕانی بەریتانیا پاشایەتی پەرلەمانی دیموكراسیە، پەرلەمان لە كاتی ئاساییدا پێنج ساڵ جارێك هەڵدەبژێرێ، دەنگدەران لە هەر ناوچەییەك بە كاندیدەكان دەنگ دەدەن، هەر كەسێک زۆربەی دەنگی بە دەستهێنا دەبێتە ئەندامی پەرلەمان (MP) لە(House of Common ) دادەنیشێ. زۆربەی كاندیدەكان سەر بە پارتە سیاسییەكانن، ئەو پارتەی كە زۆربەی دەنگەكانی بە دەستهێنا، حكومەت پێكدەهێنێ كە پێی دەوترێت كابینەی حكومەت (Cabinet)سەرۆكی پارتی براوە  دەبێتە سەرۆك وەزیران، دووەم پارتی براوە لە پەرلەماندا دەبێتە پارتی بەرهەڵستكار(Opposition ).
كابینەی حكومەت لە كۆمەڵێك خەڵكی شارەزا و بەتوانا و خاوەن بڕوانامە پێكدێت، ژمارەیان نزیكەی 20 كەسە و پێیان دەوترێت وەزیرەكان(Ministers) كە هەریەكەیان دەبێتە  وەزیری وەزارەتێك یان دەزگایەكی گرنگ لەم وڵاتەدا.
شێوەی حوكمڕانێتی بە پێی دەستوور بەسەر سێ دەسەڵاتدا دابەشكراوە: پەرلەمان (Parliament)، حكومەت (Government )دەسەڵاتی دادوەری(یاسا و دادگا) كە دەزگایەكی سەربەخۆیە و كەس بۆی نییە دەستوەردان لە ئیش و كاریان بكات.

شا یان شاژن
شا سیمبوڵی  یەكێتی وڵات و میللەتە،، خێزانی شا (Royal Family)، خێزانێكی دێرین و بەناوبانگ و دەوڵەمەندی بەریتانیان، رێزو تەقدیرێكی زۆریان لە لای خەڵكی هەیە و خۆشەویستی ناو خەڵكن، خێزانی شاژن  یان شا  زۆر دەوڵەمەندن، خاوەنی چەندین كۆشك و تەلارو مۆڵ و بازاڕ و قەڵا و مۆزەخانە و زۆر شتی ترن، شاژن بۆ خۆشی خاوەنی16ملیار پاوەنە. شاژن یان شا  بە یاسا دەسەڵاتی سنووردار كراوە، ئەمەش لە ئەنجامی ململانێیەكی خوێناوی  بەدەستهاتووە.
 بەریتانیا لە سەردەمی شارلی یەكەمدا رووبەڕووی چەندین جەنگی دەرەکی  و ناوخۆ بۆوە، هاوسەرە كاسۆلیكەكەی شارل و هەندێك لە وەزیرەكانی هانی شارلیان دەدا ستەمكاری بكات و زەبر لەگەڵ گەل و پەرلەمان بەكاربهێنێ، بۆیە هەموو ماف و دەسەڵاتێكی لە پەرلەمان سەندەوە، ئەمەش بووە مایەی بەرپابوونی جەنگێكی ناوخۆیی و حەوت ساڵی خایاند، ئەم جەنگە لە نێوان  شا و لایەنگرانی پەرلەمان بوو، بە ڕێبەری كرۆموێڵ، سەرئەنجام جەنگەكە بە سەركەوتنی لایەنگرانی پەرلەمان كۆتایی هات، ساڵی 1649ز كرۆموێڵ سیستمی كۆماری  راگەیاند و شارلی یەكەمیش لە سێدارە درا، پاش كۆچی دوایی كرۆموێڵ و شكستی لایەنگرەكانی، جارێكی تر دووبارە سیستمی پادشایەتی گەڕایەوە بۆ بەریتانیا. شۆڕشی ساڵی 1688لە ئینگلتەرە دەسەڵاتی تاكڕەوی پادشایەتی روخاند و لایەنە لیبراڵەكان شا ویلیەمی سێیەم و  ماریای هاوسەریان لە هۆڵەنداوە هێنا، ماریا كچی شا جێمسی دووەم بوو، ئەم شۆڕشە بە شۆڕشی پیرۆز ناودەبرێت و كۆتایی بە دەسەڵاتی تاكڕەوی پادشایەتی هێنا و یەكێك لە دروشمە هەرە بەناوبانگەكانی بریتی بووە لەوەی كە لە لایەن خوداوە دەسەڵات نەدراوە بە شا، بەڵكو پەرلەمان دەسەڵاتی بۆ دیاری دەكات.

دەستورێكی بەهێز
هەروەكو پێشتر وتمان بەریتانیا وڵاتێكی شانشینییە، بۆیە دەستورێكی شانشینیشی هەیە، هەروەكو دانیمارك و هۆڵەندا و نەرویج و ئیسپانیا و سوید، بەپێی دەستورو یاسا دەسەڵاتی شا  یان شاژن سنووردار كراوە، هەروەها لە بەریتانیا بە پێی یاساو رێكەوتنیش شا پێویستە بڕیارەكانی حكومەت و پەرلەمان قبوڵ بكات، بەڵام بۆی هەیە باری سەرنجی خۆی دەربارەی بڕیارەكان بەتایبەتی لەگەڵ سەرۆك وەزیراندا دەرببڕێ. شا  رێنمایی بە حكومەت دەدات بە شێوەی ئامۆژگاریی و هاندان نەك دەستوەردان لە كاروباری حكومەت، لەكاتی بوونی قەیراندا قسەی خۆی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و هەندێك جاریش لێدوان دژی سیاسەتی حكومەت دەدات. 
شاژنەی پێشو (Elizabeth ئێلیزابێسی دووەم لەو كاتەی كە لە ساڵی 1952 باوكی مردووە تەختی شاهانەی بۆ بەجێماوە، كە مانگی نۆی ئەمساڵ كۆچی دوایی كرد، كە بە یەكێك لە درێژترین ماوەی شاهانەی بەریتانیا دائەنرێ، میراتگری شاژنەش كوڕە گەورەكەیەتی بەناوی(Charles) كە ئێستا  میرزادەی(Prince) هەرێمی وێڵزە. شا سەرۆكی شانشینی یەكگرتوی بەریتانیایە، سەرۆكی یەكێتی دەوڵەتانی كۆمۆنوێڵسە و لەهەمانكاتیشدا سەرۆكی كەنیسەی ئینگلەندیشە. شا رۆڵی گرنگی هەیە لە بۆنە و رووداوەكاندا، بەتایبەتی لە كردنەوەی پەرلەمان و داخستنیدا، هەركاتێك كە خولی پەرلەمان تازە دەكرێتەوە و پەرلەمانی نۆی دەكەوێتە كار، سەرەتا وەختی قسەكردنی شا لەسەر تەختی شاهانە لە House of Lords  پەرلەمان دەكاتەوە و بڕیاری دەست بەكاربوونی پەرلەمانی نۆی دەدات، هەروەها شا نامە و نووسراو دەدات بەو كەسانەی كە دەستنیشانی دەكات بۆ پۆستە حكومییە گەورەكان، وەكو سەركردەكانی سوپا یان سەرۆكی كەنیسەكان، بەڵام بە راوێژ و وتووێژكردن لەگەڵ سەرۆك وەزیراندا، بێجگە لەمانە ئیمزای (Bill) بێڵ و یاسكان دەكات و مافی بەخشینی مەدالیای رێز و ستایشی بۆ خەڵكی داهێنەر و خزمەتگوزار و سەركردەكانی سوپا هەیە. هەروەها شا  لەهەمانكاتدا كە شای شانشینی یەكگرتووی بەریتانیایە، شای وڵاتانی ئوستورالیا و نیوزیلاند و كەنەداشە. شا لێپرسینەوەی لەگەڵ ناكرێ  و  مامۆستای تایبەت وانەی لە ماڵەوە پێدەڵێت ئەگەر بیەوێت زمانێكی تر فێر ببێت یان لە هەر بابەتێكی تر بیەوێت فێر بێت.
شایانی باسە ئەمڕۆ هەندێك كەس گفتۆگۆی ئەوە دەكەن كە پێویستە بەریتانیای نوێ ببێتە وڵاتێكی كۆماریی و سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێ، وەكو زۆر لە وڵاتانی تری دنیا هەیە، هەرچەندە گلەیی و رەخنە لە هەندێك لە ئەندامانی خێزانی شاهانە  هەیە، تا ئێستا ناوناوبانگ و رێز و خۆشەویستییەكی  زۆریان هەیە و  وەكو سیمبوڵێكی نیشتیمانی و یەكگرتن تەماشایان دەكرێت.

سەرچاوەكان:
1-
Life in the United Kingdom.Ajourney to Citizenship. Published on behalf of the Life in the UK. Advisory Group.Crown Copyright 2004.
2- Britain.James Odriscoll Oxford 1995.

وتارەکانی نوسەر