لەڕاستیدا دەمێكە دەمەوێت چەند پەیڤ و وشەیەك لەسەر ئەم كەڵە پیاوە بنووسم، بەحوكمی نزیكیم لێیەوە، سەرەتای ناسینم لەگەڵ گەشمەردە جەبار فەرمان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانی هەشتاكان، لەپێش راپەڕین و دوای راپەڕینیش لە زۆر وێستگە و دەزگا و شەڕ و هەڵوێستدا، نزیك بووم لێیەوە، ئەمە جێدەهێڵم بۆ نووسینێكی تر.
ئەوەی من دەمەوێت لەم یادەدا ئاماژەی پێبكەم، هەندێك سیفات و رەوشت و خولیای ئەو پیاوە بوو كە لای زۆر كەس شاراوە و نەزانراو بوو.
زۆر كەس وای ناسیبوو كە تەنیا پیاوێكی عەسكەری و توندوتیژ و بكوژ و ببڕ بوو، لەكاتێكدا هەستێكی زۆر ناسك و نەرم و نیانی هەبوو، هەمیشە خۆشەویستی گوڵ و گوڵزار و بولبول و باڵندە و ئاژەڵان بوو، تەنانەت لەشاخیش لە ماڵەكەی و خێمەكەیدا گوڵ و بولبول و ئینجانەی جوانی هەبوو.
جەبار فەرمان، شاعیرێكی هەست ناسك و ئەدەب دۆست بوو، خاوەنی چەند كۆپلە شیعری جوان و هەست بزوێن بوو .
پیاوێكی وەرزشوان بوو، هەموو بەیانییەك دوو سەعات وەرزشی قورسی دەكرد، زیاتر لە چارەكە سەعاتێك لەسەر سەر دەوەستا، لە رۆیشتندا كەس نەیدەتوانی پێشی بكەوێ، لە كاتێكدا خواردن و خواردنەوەی زۆر كەم بوو.
دژی پەخشان و تەخشانی پارەی یەكێتی و حكومەت بوو، بۆ پەیداكردنی وەلائ و تەكەتول و دەستەگەری، هەر لەسەر ئەمەش ناكۆك بوو لەگەڵ ئیدارەی سلێمانی حكومەتی هەرێمی كوردستان .
لە هەمووی گرنگتر، جەبار فەرمان، زۆر دژی گەندەڵی و دزی و راوڕووت و شڕەخۆری و بەهەدەردانی پارە و موڵكی گشتی بوو، نەخاوەنی مۆڵ و دوكان و بازاڕ و بەنزینخانە و كۆمپانیا و پاڵێوگەی نەوت و دۆنم و باخ و زەوی بوو، تەنانەت ئەو خانووەی كە ئێستا خێزانەكەی تێدایە، موڵكی فەرمانگەی كشتوكاڵە و تا ئێستا تاپۆ نەكراوە لەسەریان.
پیاوێكی دەستپاك و راستگۆ، حەق و رەق بوو، موجامەلەی درۆی كەسی نەدەكرد، بە فەرز لەكەس نەدەترسا و حسابی دوارۆژ و ناحەزی و دوژمنایەتی نەدەكرد.
پیاوێكی ئازا و چاونەترس و جەربەزە و بە هەڵوێست بوو، تەنانەت لەزینداندا بەگژ پیاوانی رژێمدا چۆتەوە و لەئەمنێكی رژێمی داوە، هەر وەك لەكتێبەكەی كاك فەرەیدون عەبدول قادردا باسی كردووە.
جەبار فەرمان چیایەك بوو لە ورە و خۆڕاگری، كڕنوش دەبەم بۆ هەڵوێستەكانت، مەرگت زوو بوو، هەزاران چەپكە گوڵی رازاوە لەسەر گۆڕەكەت دادەنێم.
لەڕاستەوە: پێشڕەو ئیسماعیل و جەبار فەرمان