پشێوییەكانی عەفرین و ئەگەرەكانی لەمەودوا

09:47 - 2022-10-27
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
347 خوێندراوەتەوە

ماوەیەكە تەحریری شام (بەرەی نوسرەی كۆن) كە گروپێكی توندڕەوی ئیسلامیین، دەستیان بە پەلاماردانی بەرفراوان كردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ژمارەیەك ناوچە لە باكووری سوریا بەری خۆرئاوای فورات. 
پێدەچێت ئەو گروپە توندڕەوە دەستبەسەر زۆربەی ئەو ناوچانەدا بگرن كە پێشتر بە هاوكاری توركیا لەلایەن گروپی دیكەی ئیسلامییەوە داگیركراوە، لە نێوانیشیاندا دەوروبەری عەفرین و شارەکە خۆیەتی. 
هێشتا دیار نییە دەرئەنجامی ئەو پەلامارانە بەتەواوی چی دەبێت، هەروەك روون نییە ئەو جموجۆڵ و گۆڕانە نوێیەی ناوچەكە لەكوێوە سەرچاوەی گرتووە و ئامانج لێی چییە، بەڵام بەپێی خوێندنەوەی سەرەتایی بەمشێوەیە شیكردنەوەی بۆ دەكرێت:
یەكەم: هەندێك پێیانوایە هەڵبژاردنەكانی توركیا نزیكبۆتەوە كە بڕیارە لە حوزەیرانی 2023 بكرێت، ئەردۆغان دەیەوێت لانیكەم ملیۆنێك ئاوارەی سوریا كە لە توركیا نیشتەجێن و بوونەتە بارێكی گرانی ئابووری بباتە ئەو ناوچانە و لێیان نیشتەجێ بكات، بۆیە دەیەوێت ناوچەكە رادەستی گروپێكی دیكەی رێكخراوتر و دڕتر بكات، تاوەكو بتوانێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئەم پرسە بۆخۆی بەكاربهێنێت.
دووەم: هەندێكی دیكە پێیانوایە ئەم خۆشلكردنەی توركیا بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو ناوچانە لەلایەن گروپی تەحریری شام بۆ گفتوگۆكانی نێوان توركیا و سوریا دەگەڕێتەوە. 
یەكێك لە مەرجەكانی سەرگرتنی گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان ئەسەد و ئەردۆغان چۆڵكردنی بەشێك لەو ناوچانەی سوریایە كە لەلایەن توركیا داگیركراوە، بۆیە رەنگە ئەنقەرە ئەو ناوچانە رادەستی گروپێكی دیكە بكات وەك رێگەخۆشكردن بۆ كۆنترۆڵكردنەوەیان لەلایەن دیمەشق و دواتر سەركەوتنی دیداری ئەردۆغان و ئەسەد.
سێیەم: گروپی تەحریری شام گروپێكی عەقائیدی توندڕەوی تیرۆرستین، كەمتر لەژێر ركێفی وڵاتانی ناوچەكە و ئەجێندا نێودەوڵەتیەكانن، بەڵام گفتوگۆی ئەمریكایان رەتنەكردۆتەوە. 
ساڵی 2017 كە ناوی خۆیان گۆڕی لە بەرەی نوسرە بۆ تەحریری شام و گروپی دیكەش هاتنە ناو ئەو بەرەیە، بۆ ئەوە بوو خۆیان رزگار بكەن لە پاشناوی تیرۆرستی كە پێیانەوە لكابوو، بۆیە ئەمریكا ناڕاستەوخۆ هاوكاریی كردن. 
ئێستاش كە ئەم دۆخە نوێیە هاتۆتەپێش، هەندێك پێیانوایە ئەمریكا ناڕاستەوخۆ ئەو گروپە دەجوڵێنێت وەك وەڵامدانەوەیەك بەرامبەر هەوڵ و لێدوانەكانی ئەردۆغان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ رژێمی سوریا، واتە ئەمریكا هانی ئەو گروپە دەدات دەست بە جموجۆڵ بكات لە ناوچەكە، بەم هۆیەوە توركیا گرفتی نوێی لەناو خاكی سوریا بۆ دروستدەبێت.
هێشتا روون نییە ئەم گۆڕانە نوێیەی ناوچەكە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە پەیوەندی بە دۆخی ناوخۆی توركیا و ئەو هەوڵەی توركیاوە هەیە كە ماوەیەكە دەدرێت بۆ نزیكبوونەوە لە رژێمی ئەسەد و دواتر هەماهەنگی كردن بۆ دژایەتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە خۆرهەڵاتی فورات.

وتارەکانی نوسەر