ئیتیکی میدیا و رووماڵی پرسە

10:05 - 2022-10-30
نێرگز قادر
383 خوێندراوەتەوە

میدیا، بەو دەزگا بیستراو و بینراوانە دەوترێت کە رۆژانە رووماڵی هەواڵ و زانیاری و پێشهاتی نوێ دەکەن و بۆ وەرگری دەگوازنەوە، بەڵام زۆرجار ئەو کەناڵە میدیاییانە بێ هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، دەکەونە داوی کۆکردنەوەی لایک و ڤیوی زۆر، ئەویش لەسەر بنەمای گواستنەوەی گریان و شین و شەپۆڕی ئەو خێزانانەی تووشی کارەساتێک بوون، واتە بەشێوەیەکی گشتی کار لەسەر جووڵاندنی هەستی خەڵکی دەکەن، بەجۆرێکیتر کار لەسەر کار و کاردانەوەی کەسانێکی کارەساتبارو کەسانێکی تری وەک خەڵکی ئێمەی عاتیفی دەکەن کە میدیای راستەقینە ئەرکی ئەوە نییە و کاری تری لە ئەستۆدایە.
بێگومان میدیا دەبێت کۆمەڵێک بنەمای هەبێت بۆ رووماڵکردن، وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، رێزگرتن لە داب و نەریت، ئاین، کەلتور .. هتد.
پرسەش یەکێکە لە داب و نەریتەکانی کۆمەڵگەی کوردی، بۆیە دەبێت زۆر بە وردی کار لەسەر رووماڵکردن و گواستنەوەی بکرێت لە لایەن میدیاوە، لەوانە:
1-میدیاکار تا ئەو شوێنە مافی رووماڵی هەیە کە نەریتی پرسەکە تێکنەدات، بردنی کامێرا بۆ نێو هۆڵەکانی پرسەگێڕان.
2-پرسە دەربڕینی ماتەمینییە بۆ خێزانێک کە تووشی رووداوێک بوون، زۆرجار کوژراوەکە یا مردووەکە کە خانەوادە و دۆست و نزیکانی دڵیان گەرمە، نابێت میدیا لە پرسەکەدا بچێت بڵێت ئێوە چی داوا دەکەن و چی روویداوە و سەر لەبەری رووداوی بەتایبەت کوشتنەکەیان پێ باس بکەن!
لێرەدا زۆرجار خێزانی قوربانییەکە، لە ژێر کاریگەریی رووداوەکە و هەستی ناجۆری ئەو چرکەساتەیاندا دەدوێن، ئەمەش لەبری چارەسەر زیاتر کێشەکە گەورە دەکات.
3-گەر کەسێک لە پلەیەکی زۆر بەرزی حزبی یان حکومیدا بێت، کات بۆ هەموو پرسیار و بابەتێک دەتوانێت دابنێت (جگە لە پرسە)، چونکە ئەو کەسە دیارە بۆ دەربڕینی ماتەمینی دەچێت نەک وەڵامی میدیا بداتەوە.
4-دەکرێت میداکار دوای تەواوبوونی پرسەکە و گەڕانەوە، پرسیارو وەڵامی لە دەرەوەی هۆڵی پرسە دەستبکەوێت.
5-لە پرسە خراپتر رووماڵی هەستی ئەو کەسانەیە کە کتوپڕ تووشی رووداوێک دەبن، منداڵە خنکاوەکەی لافاوی هەولێر بە نموونە.

بەپێی ئەو خاڵانەی لێرەدا باسم کردن دەردەکەوێت کە:
-میدیا زانیاری هەواڵ دەگوازێتەوە، نەک کار لەسەر هەست و سۆزو دەروون ئاڵۆزیی خاوەن کێشە و کارەساتەکان بکات.
-میدیاکار پێویستە رەچاوی کات و شوێنی پرسیارەکانی بکات.
-پێویستە میدیا بزانێت چی دەگوازێتەوە، گرنگترە لەوەی چۆن دەیگوازێتەوە.
-میدیا ئەخلاق و ئیتیکە و پێویستە پێش هەر پرسیارێک کە دەکرێت، ئامادەکاری بۆ دۆخی بەرامبەر بکرێت.
-رووداوەکە چۆن روویدا؟ ئەوە باشترە لەوەی پرسیاری ئەوە بکرێت کە ئایا لەم کاتەدا هەست بەچی دەکەیت؟

وتارەکانی نوسەر