خوێندنەوەی بارودۆخەکە وەک خۆی

10:20 - 2022-10-30
‎‎سۆزان حەمە تاتە
378 خوێندراوەتەوە

محەمەد شیاع سودانی، کابینەی حکومەتەکەی پێکهێنا و کوردیش تیایدا بەشدارە، بگرە بەشێکی سەرەکی پێکهێنانی پڕۆسەی پێکهێنانەکەش بووە، کارنامەی حکومەتەکەش خاڵی زۆر باشی پەیوەندیداری بە هەرێمی کوردستانەوە تێدایە، بەڵام لە عیراق و جیهانیشدا نەبینراوە هەموو خاڵەکانی کارنامەی حکومەت سەرلەبەری جێبەجێبکرێت، خۆ ئەگەر وابوایە، ئەوا هیچ هێزێکی دەسەڵاتدار بە ئاسانی نەیدەدۆڕاند و بەردەوام براوە دەبوو، چونکە ئەوەی بە خەڵکی وتبوو وەکو خۆی جێبەجێی دەکرد، لێرەدا مەبەستم ئەوەیە بڵێم باشترە لەبارەی  جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی سودانییەوە نە زۆر گەشبین بین نە رەشبین، بەڵکو واقیعیانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و لە رێگەی بەهێزکردنی پێگەی کوردەوە هەوڵبدرێت زۆرینەی مافەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەربکرێت. 

لەبارەی  جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی سودانییەوە نە زۆر گەشبین بین نە رەشبین، بەڵکو واقیعیانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و لە رێگەی بەهێزکردنی پێگەی کوردەوە هەوڵبدرێت زۆرینەی مافەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەربکرێت

سیاسەت، ئایین نییە تا چاوەڕێی مژدەی لێبکەی، سیاسەتمەداریش پەیامبەر نییە تا بە رێنوینی و هەڵنان بۆ چاکەکاری و دوورکەوتنەوە لە بەرژەوەندیی سیاسی و کەسێتی لێی بڕوانیت، بەڵکو بەردەوام لە پشت سیاسەتمەدار و سیاسەتکردنەوە، بەرژەوەندی و هێز خۆی مەڵاس داوە، ئەوەی دەتوانێت لە هاوپەیمانێتی سیاسیدا بەرژەوەندییەکانی خۆی بپارێزێت، هێز و یەکگرتوویی و راگرتنی هاوسەنگییە، لە دنیای سیاسەتدا رەش و سپی نییە، بەڵکو پڕۆسەی نمایشکردنی هێز و رێکەوتن و چنینەوەی زۆرترین بەرژەوەندییەکانی خەڵکە، ئەمەیان بڕیار لە بەردەوامیی هێزە سیاسییەکان لە دەسەڵاتدا دەدات.
سودانی و حکومەتەکەی دەرفەتی بەردەمیان ساڵێکە بۆ جێبەجێکردنی کارنامەکەیان، بە هەر پێوەرێک لێی بڕوانیت، ساڵێک کەمە بۆ جێبەجێکردنی ئەو کارنامە فراوانە، بەڵام ئەگەر ویستی باش و راستگۆیی لە کارکردندا هەبێت، ئەوا ساڵێک زۆرە بۆ جێبەجێکردنی کارنامەیەکی خزمەتگوزار بە ئاراستەی کەمکردنەوەی گەندەڵی و دەرکردنی کۆمەڵە یاسایەکی بنەڕەتی کەوا بکات خەڵک متمانەی پێی هەبێت.
ئەوەی پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، دەبێت کارکردنی لەگەڵ سودانی لەسەر بنەمای رەشبینی و گەشبینی نەبێت، بەڵکو مامەڵەیەکی واقیعیانە بکات لەگەڵی، بەپێی ئاست و پێگەی بەشداریی خۆشی کاریگەریی لەسەر دروستبکات بۆ ئەوەی ئەو خاڵانەی کارنامەکەی جێبەجێبکات کەوا پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە. 
لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمی کوردستان ئەرکی دەستووریی دەکەوێتە سەر بەرامبەر حکومەتی عیراق و پێویستە هاوکاربێت بۆ ئەوەی سودانی خاڵەکانی کارنامەکەی جێبەجێبکات.
دەنگدان بە حکومەتەکەی سودانی لەلایەن هێزە بەشدارەکانی کوردەوە نەنگی نییە، هەروەها ناکاتە ئەوەش ئەگەر سودانی مافەکانی کوردی دەستەبەر نەکرد ئیتر وا بزانرێت کۆتایی دنیایە، بەڵکو گرنگتر لەوە بەهێزکردنی پێگەی کورد و یەکگرتووییەتی هەم بۆ دروستکردنی گوشار لەسەر سودانی و هەمیش بۆئەوەی ئەو  هێزانەی کورد حکومەتی لەگەڵ پێکهێناون، ناچاربن بەوەی خواست و داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێبکەن.

وتارەکانی نوسەر