حکومەتەکەی سودانی و پێچەوانەبوونەوەی هاوکێشەکان

10:00 - 2022-11-13
‎‎سۆزان حەمە تاتە
375 خوێندراوەتەوە

بەپێی لێدوانی عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عیراق داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە، وەفدێک بنێرنە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەمە پێشهاتێکی نوێیە و پێویستە بەوردی قسەی لەسەر بکرێت، هەروەها نرخی بدرێتێ و واقیعییانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، نەک وەکو خاڵی لاواز لێی بڕوانرێت و بەدەم داواکەی بەغداوە نەچن یان کاتی پێوە بکوژن.
چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ئاسان نییە، بەڵکو هەندێکی مێژووکردە، هەندێکی رووی یاسایی و دەستووری هەیە، هەشیانە پەیوەندیی بە سیاسەتی رۆژ و هەژموونی سیاسەتی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەوە هەیە، بەڵام چەند کێشەکان زۆر و گەورەبن، هەر گفتوگۆ میکانیزمە راستەقینە و ئەرێنییەکەی چارەسەرکردنە و ئاشتی و سەقامگیریی سیاسی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
کێشە هەڵواسراوەکان، بەتایبەتی کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی 140ی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، دەکرێ لەو گفتوگۆیانەدا لە ریزبەندیی یەکەمدا بێت، دەزانم جێبەجێکردنی مادەی 140 کارێکی ئاسان نییە، هەروەها تەنها پەیوەندیی بە حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو رەهەندێکی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیشی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبینی بارودۆخی کەرکوک پێویستی بە چارەسەرکردنە هەرنا بۆ ئەوەی رێگە لە تەعریبکردنی زیاتری شارەکە بگیرێت، تا دەرفەتی گونجاو دەڕەخسێ بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکە.
بەدوای ئەوەدا کێشەی پێشمەرگە و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری جینۆسایدکراوانی کوردستان، داوای لێبووردن و دانانی رێوشوێنی وا کە رێگە لە ئەگەری چەندبارەکردنەوەی بگرێ لە هەر دۆخ و لەژێر کاریگەریی هەر پاساو و سیاسەتێکدا بێت. 
راستە بەدەستهێنانی هەموو ئەوانە ئاسان نییە، بەڵام خۆلێبواردنیشی خراپە، بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان زۆر راشکاو و جەسوورانە بچێتە گفتوگۆوە و دەرفەت نەداتە بەغدا لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان خۆی ببوێرێت.
پێش رۆیشتنی وەفدی  هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، سازانی ناوخۆیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان گرنگە، لەوەش گرنگتر پشوو درێژییە لە گفتوگۆکردن و بەردەوامیدان، لەگەڵ بەهێزی و باڵایی ئەندامانی وەفدەکە کە توانای بڕیاردانیان هەبێت و دەستکراوەبن لە دیاریکردنی میکانیزمەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
ئەوەی بەغدا داوایکردووە، پێچەوانەکردنەوەی هاوکێشەکان و نەریتی دەوڵەتدارییە، بە پێچەوانەی پێشووترەوە کە هەرێمی کوردستان داوای گفتوگۆی دەکرد، بەڵکو ئەو داوا و ویستەی بەغدا بۆ چارەسەکردنی بنەڕەتیی کێشەکان بێت کە ئەوەش دەبێتە پاڵپشتێکی باش بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی نێوان هەردوولا.

وتارەکانی نوسەر