بەرەو حکومڕانییەکی باشتر

10:01 - 2022-11-13
هەستیار مارف ئاغا
449 خوێندراوەتەوە

ئەزموونی گەلەکەمان بە دەستی کۆمەڵە کەسێکی خەمخۆر و شۆڕشگێڕ هاتۆتە ئاراوە، بەڵام بە نەفەسی کورتی حزبایەتی تاکڕەوانە خەریکە دەکەوێتە مەترسییەوە.
پاراستنی تەبایی کەڵکی هەبووە لە دروستکردنی قەوارەی هەرێمێکی یەکگرتوودا.
قەوارەی هەرێم بەتەنها موڵکی یەک کەس نییە و  یەک حزب و یەک ناوچە خاوەنی نییە، بەڵکو موڵکی سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە و لایەنە سیاسییەکان خۆیان بە خاوەنی دەزانن و پاراستوویانە.
گرنگە بۆ دەستەڵاتدارانی هەرێم لە خۆیان بپرسن بۆچی خەباتیان کرد؟ بۆ دژی داگیرکەران وەستانەوە؟ بزانین چۆن پەند لە مێژووی خەباتی میللەتەکەمان وەربگرین، چۆن بزانین کێ دۆستمانە و کێ بە درێژای مێژوو بە دوژمنی زانیوین، چی هۆکارێک وایکردووە تا ئێستا نەبووین بە دەوڵەت.
بپرسین و بزانین خەمی میللەت لە کوێی هاوکێشە و ململانێ سیاسییەکاندایە؟ 
کێ پشتیوانی راستەقینەی میللەتە؟ خەڵکی کوردستان تا چەند رەزامەندە لە خزمەتگوزارییەکان؟ کێ دڵسۆزی خاک و خەڵک و نیشتمانە.
ئەگەر خەباتکراوە بۆ ئازادی و رزگاری، ئەوا بۆ خەڵکی هەرێم بووە، بەڵام ئێستا لە زۆر بواردا بەرژەوەندیی خەڵک پشتگوێخراوە و بەرژەوەندیی تەسکی حزبایەتی و قۆرخکردنی دەسەڵات لەم هەرێمەدا گرنگی پێدراوە. 
تەبایی و سەرخستنی ئەزموونی گەلەکەمان بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە و لە ئەستۆی هەموو تاکێکی کوردە، میللەت قوربانیی زۆری داوە، کەچی رۆڵەکانی بەدەست کێشەی خزمەتگوزاریی و نەبوونی دەرامەت و دەرمان و سووتەمەنییەوە دەناڵێنن.
زۆر دەمێکە هاووڵاتیانی هەرێم بەگشتی و سەرکردایەتیی یەکێتی بە تایبەتی، داوای حکومڕانیی دادپەروەر  دەکەن و دەیانەوێت شێوازی حکومڕانی باشتر بکەن، بەڵام سەرجەم هەوڵەکان بێهوودەن و مەلیش بە باڵێک نافڕێت.
چەندین جار و لە چەندین بۆنەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی راستەوخۆ داوای لە لایەنی بەرامبەر کردووە کە وەک دوو هێزی سەرەکی، ئەم بارودۆخە چاک بکەین و دڵی خەڵک و هاووڵاتی ئاشتبکەینەوە و سیستمی حکومڕانی بگۆڕین بۆ باشترین ئاست و خزمەتگوزاریی گشتی پەرەپێبدەین و واز لە پشک پشکێنە بهێنین و بەرژەوەندیی گشتی میللەت بپارێزین. 
بەداخەوە ئێستا دەسەڵاتی تاکڕەویی لە هەرێمدا، گوێ ناگرێت و تەنها هەوڵ بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی دەدات، بەرامبەر بە هاوخەبات و شەریکەکانی  تەنها سیاسەتی خۆی پەیڕەو دەکات و بە ویستی خۆی هەیکەلی حکومڕانیی هەرێم دادەڕێژێت و سەرجەم پۆستە باڵاکان بە موڵکی خۆی دەزانێت.
ئەم شێوازی حکومڕانییە بەری کورتە و ئایندەی نابێت و لەلایەن هێزێکی شۆڕشگێڕ و هەڵقوڵاوی نێو جەماوەری وەک یەکێتییەوە قبووڵ ناکرێت.
هۆشداری لایەنە سیاسییەکان لە جێگەی خۆیدایە و دەبێت هەموو هێزەکان بگەڕێنەوە بۆ بنەمای رێزگرتن لە شکۆی یەکتر و یەکتر قبووڵکردن و ئەولەویەت بدرێت بە خزمەتگوزاری.
لە کاتێکدا باری سیاسی و ئەمنی گرنگن کە یەکگرتوو بین و هەوڵنەدرێت بۆ  تێکدانی قەوارە، چونکە  بنیاتنانەوە و یەکگرتنەوەی هەرێم جارێکی دیکە زۆر ئەستەم دەبێت و تاوانەکەی لە ئەستۆی ئەو لایەنەدایە کە مۆنۆپۆلی دەسەڵات دەکات و خواستی تاکڕەوانەی هەیە.

وتارەکانی نوسەر