وتەکانی سەرۆک بافڵ، باشترین پێوەرن بۆ هەڵسەنگاندن

01:12 - 2022-11-17
هیوا محەمەد
344 خوێندراوەتەوە

لە دوای ئەو دیمانەیەی سەرۆک بافڵ لەگەڵ کەناڵی رووداو، ئیتر کێرڤی سەرۆک زیاتر بەرەو سەر هەڵدەکشێت، زۆرێک بە تاسەوە بوون کە گوێیان لەو قسانە روونکردنەوانە بێت، ئێستا زۆر شتیان بۆ دەرکەوتووە.
وتەی هەر سەرۆکێک خۆی، گەرەنتی راستی و دروستی هەیە، چونکە لە ناوەندی بڕیاردا یەکەمین کەسە، بۆیە دەکرێت وتەکانی سەرۆک بافڵ وەک رای گشتیی یەکێتی و جەماوەرەکەی وەربگیرێت، ئەمە جگە لەو زانیارییانەی کە باسیکردن.
ئێستا دەبێت خەڵک لایان روون بێت کە یەکێتی لە رابردوودا چۆن مامەڵەی لەگەڵ پارتی کردووە، دەبێت بزانن کە چۆن هەنگاوی بۆ یەکڕیزیی و گفتوگۆ ناوە، کاتێک دەڵێت 15 جار رۆیشتووە بۆلای سەرۆکی پارتی و لەگەڵی دانیشتووە، بەڵام کاردانەوەی باشی لای ئەوانەوە نەبووە، ئەمە بەو مانایە دێت کە لایەنی بەرامبەر نە خەمخۆری یەکڕیزیی و پاراستنی پێگەی هەرێمە، نە هاوڕێیەتی و دۆستایەتی لەگەڵ یەکێتی بەلاوە گرنگە.
پێویستە خەڵک بزانن کە بۆچی دەڤەری سەوز دەست لە بینی نراوە؟ بۆچی ئابووری ئەم دەڤەرە سستە و گەشە ناکات، ئەی ئەوە نییە سەرۆک باسی مایەپووچ بوونی نزیک بە هەزار کۆمپانیا دەکات، دەزانن هەزار کۆمپانیا واتا چەند هەلیکار؟ 
نەمانی هەلیکار واتا بێکاری، ئەمەش گرفتە نێگەتیڤە کۆمەڵایەتییەکان دەخوڵقێنێ، بەمەش کۆمەڵگە دەشێوێت و ئیدارەدان و سومعەی ئەو حزبەش کە بەڕێوەی دەبات دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، ئەمە ئەو پلانە داڕێژراوەیە کە ماوەیەکە لە هەولێرەوە گیراوەتە بەر بەرامبەر بە سلێمانی و زۆنی سەوز.
ئێمە لە زاری سەرۆکەوە بیستمان کە مافیای داواکراو لەم زۆنە هەڵدێت و دەچێتە لای ئەوان پلەی لیوای پێدەبەخشن، ئەمە راستییە و قسەی ناو سۆشیال میدیاکان نییە، کەوابوو دەبێت بپرسین ئامانج لەمە چییە؟ ئەگەر خۆشکردنی ئاگری بن کا نەبێت! ئایا حکومڕانیی مەدەنی بەم شێوەیە دەڕوات بەڕێوە؟
هەندێک لێدوان دەدرێت، کوێرانە هەرکات باسی پارتی و پێشێلکارییەکانی بکرێت، وشەی یەکێتیشی لەگەڵدا دێت و بە دەسەڵاتی دوانەیی لە قەڵەم دەدرێت، ئەمەش دەرکەوت وانییە، چونکە سەرۆکی ئەو حزبەی ئەم دەڤەرە بەڕێوە دەبات راستییەکانی وت، ئەو دەڵێت کە ئێمە نامانەوێت جیابینەوە، ئەمە بەو مانایە دێت کە گلەییان لەو شەراکەتە هەیە کە خەڵک پێی وایە یەکسانە و هەردوو وەک یەک لێێ بەرپرسیارن.
دەڵێن لە هەرێم حکومڕانی نییە بەڵکو رژێم هەیە و لەلایەن کەسانی ئەمنییەوە بەڕێوەدەربرێت، بەڵام ئایا ئەوەی لە سلێمانی دەگوزەرێت لە رووی ئازادییەوە، دەسەڵاتی ئەمنییە؟
 42 حزب لە سنووری سلێمانی هەن، حوسەینییە و سەدان مزگەوتی جۆراوجۆری جیاواز لە بیرکردنەوە هەن، خۆپیشاندان بە چەندین شێواز دەکرێت بێ ئەوەی کەسێک بکوژرێت، دەیان کەناڵی تیڤی و سۆشیال میدیا کار دەکەن بەبێ سانسۆر و سنوور، یەک رۆژنامەنووس لە زینداندا نییە، ئیتر بۆچی تەڕ و وشک پێکەوە دەسووتێنن؟ کاتی ئەوە هاتووە ویژدانتان بخەنە گەڕ و بزانن کێن لە پشت تێکدانی دۆخەکەوەیە.

وتارەکانی نوسەر