ئامادەکاری هێزە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی‌ داهاتووی‌ توركیا

11:21 - 2022-11-22
کانەبی باپیر
314 خوێندراوەتەوە

ئەمجاره جیا له جارەکانی پێشوو گەرم و گوڕییەكی‌ زۆر هەیە بۆ هەڵبژاردنی‌ سەرۆكایەتی‌ و پەرلەمانی‌ توركیا کە بڕیارە لە 18 یونیوی 2023 بکرێت.
هەڵبژاردنەکەش دەبێته دووەم هەڵبژاردن کە بەم سستەمه بکرێت، دوای‌ گۆڕینی‌ دەستوور كه دەوڵەتی گواستەوە بۆ سستمی‌ سەرۆكایەتی‌، كه رەجب تەیب ئەردۆگان و ئاك پارتی‌ كاریان بۆ كرد و راپرسی لەسەر كرا لە 2017 دەستوور گۆڕا  و سیستمی‌ پەرلەمانی‌ كرا به سستمی‌ سەرۆكایەتی‌، ژمارەی‌ ئەندامان پەرلەمان له 550 زیادکرا بۆ  600 ئەندام، دەسەڵاتی‌ سەرۆك كۆمار رەها كرا به یاسا و ماوەی‌ هەڵبژاردن له چوار ساڵەوە کرا بە پێج ساڵ جارێك.
هەڵبژاردنێکی یەکلاکەرەوە
یەكەمجاره دوایی‌ بیست ساڵ، هەڵبژاردنی‌ وا یەكلاكەرەوه بكرێت، چونكه پێشتر AKP زۆرینەی دەنگەكانی‌ بەدەست دەهێنا و حكومەتی‌ پێكدەهێنا، بەڵام له ھەڵبژاردنەکانی دواییدا لەگەلMHP  بە هاوبەشی‌ حكومەتیان پێکهێناوە، لەگەڵ ئەوەش هەڵبژاردنەکە زۆر سەخت و دژوارە چونكه دوو بەرەی‌ دژ به یەك ركابەری‌ یەكتر دەكەن  کە ئەوانیش:
*هاوپەیمانی‌ سێیەم کە بە هاوپەیمانی‌ كار و ئازادی‌ ناسراون، له كۆتایی‌ مانگی‌ سێپتەمبەری‌ 2022 خۆیان راگەیاند له شەش حزبی‌ كوردی‌ و چەپ و پێشكەوتوخوازی‌ توركیا پێكهاتووه،
HDP  و پارتی‌ كرێکارانی‌ توركیا و حزبی‌ كار و پارتی‌ ئازادی‌ كۆمەلایەتی‌ و بزوتنەوەی‌ كرێكاری‌ و یەكێتی‌ ئەنجومەنی‌ سۆسیالیستی‌.
*هاوپەیمانی‌ گەل کە له AKP وMHP  پێكهاتووه، كه ئەردۆگان كاندیدی‌ سەرۆك كۆماریانه.
لەبەرامبەردا بەرەی‌ ئۆپۆزسیۆن هەیه، كه ركابەرێكی‌ بەهێزەو داوای گەڕانەوەی‌ سستەمی‌ پەرلەمانی‌ دەكات، كه له شەش حزبی‌ گەوره پێكهاتووه، به هاوپەیمانی‌ میللەت ناسراوه
 كەمال كیلیچدار ئۆغلۆ سەرۆكایەتی‌ دەكات ئەزمونیان هەیه لە حوكمرانی‌ و ئۆپۆزسیۆندا و هەرچەنده كیلیچدار ئۆغلۆ سەركردایەتی‌ ئۆپۆزسیۆن دەكات ئەوا حزبەكەی‌ ركابەری‌ سەرەكی‌ ئاك پارتییەو دەستكەوتی‌ هەبووه له هەڵبژاردنەكانی‌ شارەوانیەکانداو شارە گەورەكانی‌ ئەنقەره و ئیستانبوڵ و ئەزمیر و ئه نتالیای له AKP بردەوە به پشتگیری‌ هەدەپه و ئەوکات ئەردۆگان و AKP تووشی‌ شۆك کرد.
ناکۆکی ناو ئۆپۆزسیۆن
تاكو ئێستا بەرەی ئۆپۆزسیۆن لەسەر كاندیدی‌ سەرۆك كۆماری‌ هاوبەش رێکنەكەوتوون و ناكۆكی‌ له نێوانیاندا ھەیه لەسەر كمال كیلیچدار ئۆغڵۆی سەرۆكی‌ پارتی‌ گەلی‌ كۆماری و ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆی ئەندامی‌ GHP له هەڵبژاردنی‌ شارەوانییەكاندا له 2019 سەرۆكایەتی شارەوانی‌ ئەستانبۆڵ بردوتەوە ئەو سەركەوتنه خوێندنەوەی‌ زۆری‌ بۆ كرا کە به پشتگیری‌ كوردبوو،
چونکە ئاكەپه و ئەردۆگان له 1994ەوە ئیستانبوڵیان نەدۆڕاندبوو،  بۆیە شكستەکە كاریگەر بوو بۆیان، کاندیدی سێهەم مەنسور یافاشی ئەندامی‌ GHP یه کە پێشتر لە بزوتنەوەی‌ نەتەوەپەرستەكان بوو  لە هەڵبژاردنی‌ سەرۆك شارەوانییەكاندا ئەنقەرەی پایتەختی‌ له ئاك پارتی‌ بردەوە، ئەردۆگان سوودمەند دەبێت بەكاندیدكردنی‌ ئەو دووانەی دواتر، چونكه یەكێکیان كورد
دەنگی‌ پێ نادات، ئەوەی‌ تریش شارەوانی‌ ئیستەنبوڵ له دەستدەدات. 
له مانگی‌ ئابی رابردوودا هەر شەش حزبەكه لەسەر مێزی‌ گفتوگۆ رێكەوتن لەسەر ئەوەی كاندیدکردنی سەرۆك كۆمار دەبێت بە تەوافوق‌ بێت تاکو ببێتە كاندیدی‌ هەمووان،
خاڵی‌ گرنگ لایان کێشەی ئابووری‌ و پاراستنی‌ مافی‌ مرۆڤ و بێکاری بوو، 
بۆ ئەوەی سەركەوتن مسۆگەر بكەن و 13 هەمین سەرۆك كۆمار ببەنەوه.
بۆیه دەرفەتێكی‌ زێرینیان لەدەستدایه تاكو ئەردۆگان لەسەر عەرشی‌ ده سەڵات لابەرن كه بیست ساڵه بێ دابڕان حوكمرانی توركیا دەكات.
کورد لەم هەڵبژاردنەدا
لە تورکیا ناكرێت دڵی‌ HDP رانەگیرێت و داواكاریەکانی جێبەجێ نەكرێت، چونكه هەدەپەیه ئەم هەڵبژاردنه یەكلادەكاتەوە و نوێنەرایتی کورد دەکات، بەڵام تاكو ئێستا هاوپەیمانی‌ میللەت نەیتوانیوە ھاوپەیمانی لەگەڵHDP بکەن و هەدەپه بکەنە بەشێك لەو شەش لایەنەی‌ كە مێزی‌ شەش قۆڵی كۆیان دەكاتەوه، ئەمەش ناكۆكییەكی‌ گەورەیه و مشتومڕ هەڵدەگرێت، بەتایبەت کە حزبەكانی تورکیا هەموو سنوورێكیان بەزاندوەو ھەموو ئامرازێک بەکاردەھێنن بۆ لێدان له بزوتنەی‌ رزگاریخوازی‌ كورد، هەرچەنده HDP  له گۆڕەپانەکەدا رسمی‌ سیاسەتی جوانی كێشاوه و زۆر بەرگری‌ له ئازادی‌ و دیموكراتی‌ و پاراستنی‌ مافی‌ مرۆڤ و مافی‌ ژنان و سەربەخۆیی‌ دادگاكان و کێشەی کورد دەكات و متمانەی‌ باشی‌ دروستكردوه لە پەرلەمان و لەگەڵ لایەنەکان، بۆیه دەیەوێت پەیوەندی‌ باشی‌ لەگەڵ سەرۆك كۆماری‌ داهاتوو هەبێت،
هەردوو بەرەكەش پێویستیان بە دەنگی‌ HDP هەیه تاكو بتوانن سەرۆك كۆمار یەكلابكەنەوه كه دەسەڵاتێكی‌ رەهای هەیه
بۆیه پێویسته هەدەپە زۆرترین دەستكەوتی‌ بۆ گەڵەكەی‌ بچنێتەوه و كێشەی‌ كورد بەرەو كەناری‌ ئارام ببات.
راپرسییەکان چی دەڵێن
دەزگا راپرسییەكانی تورکیا رێژەی‌ دەنگی حزبەکان و ئەو كاندیدانەی دەیانەویت خۆیان بپاڵێون بۆ سەرۆك كۆماری ئاشكرا كردووە بەم شێوەیە. ئەردۆگان و AKP دەنگەكانیان دەگاته  %40 لەگەڵ هاوپەیمانەكەی‌ MHP رەوشیان باش نییه، هاوپەیمانی‌ شەش ۆڵی‌ كه GHP سەركردایەتی‌ دەكات و دەنگەكانیان %35،  HDP  و هاوپەیمانەكانی‌ دەنگەكانیان لەسنوری‌ %13دایە.
دابەزینی‌ دەنگەكانی‌ ئاك پارتیش بۆ چەند هۆكارێك دەگەرێتەوه:
-1تاكڕەوی‌ رجب تەیب ئەردۆگان.
-2كاڵبونەوەی‌ ئازادی‌ رادەربڕین و تاك.
-3نەبوونی‌ سەروەریی‌ یاسا.
-4خراپی‌ رەوشی‌ رۆژنامەنوسانی تورکیا له جیهاندا دەنگی‌ داوەتەوه.
-5ئەردۆگان لە ناوخۆ و دەرەوەدا كار بەهەردوو كارتی‌ ناسیۆنالیزم و ئیسلامی‌ ده كات، بۆیه پاشەكشەی‌ كردووه له بوون بە ئەندام لە یەكێتی‌ ئەوروپادا.
-6لەبواری‌ ئابووریدا بەرزبونەوەی‌ رێژەی‌ هەڵئاوسان له مانگی‌ ئۆكتۆبەر گەیشتۆته %85/5 كه بەبەرزترین ئاست هەژماردەكرێت له 24 ساڵی‌ رابردوودا.
هەرچەنده بانكی‌ ناوەندی‌ توركیا له سێ مانگی‌ رابردوودا نرخی‌ زیادەی‌ دابەزاندووه، بەڵام نرخەكان هەر بەرزدەبێتەوە
پەیمانگای ژمێریاری‌ توركی‌ دەڵێت نرخی‌ كەلوپەل بەرزدەبێتەوه بەرێژەی‌ %3/54 لهماوەی‌ مانگێكدا بۆیه پێشبینی‌ دەكرێت بەرزبونەوەی‌ ریژەی‌ هەڵئاوسان له نرخی‌ بهكاربەر بگاته %85/6 له ساڵیكدا.
بەرزبونەوەی‌ بەرهەمی‌ ناوەخۆی‌ توركی‌ به ریژەی لە %7/83 له مانگێكدا، کە دەكاته %157/69 له ساڵێكدا، بۆیه ئەو هەڵئاوسانه گەلانی‌ توركیای به خێزان و تاكەوە هەراسان كردووە.
دەستكاری‌ جومگەكانی‌ وڵات
ئەردۆگان دەستكاری‌ هەموو جومگەكانی‌ وڵاتی‌ کردووە به بانكی‌ ناوەندیشەوه، ھەر لەسەر داوای ئەویش نرخی‌ زیادە
كەمكرایەوه بەڕیژەی‌ %10/5، لیرەی‌ توركیش لەم ساڵدا %28 بەهاكەی‌ لەدەستدا.
بۆیه نرخی‌ وزه و خۆراك بەرزبوونەوەێكی‌ سەرسوڕهێنەری تۆمارکرد. ئەوەی‌ بەلای‌ خەڵكەوه گرنگه نان و ئازادییە کە گەورەترین سەرمایەی‌ مرۆڤن بە هەناسه و ژیان دادەنرێ،
بۆیە دەنگی‌ ئەردۆگان و پارتەکەی دابەزیوە. 
ئەردۆگان له شەڕی‌ ئۆكرانیا و روسیادا توانی‌ هەردوو وڵات لەسەر مێزی‌ گفتوگۆ لە توركیا كۆبکاتەوە و گەنمی‌ ئۆكرانیا و بەڕەزامەندی‌ روسیا بە بەندەری بۆسفۆری‌ توركیا هەناردەی‌ جیهان بكرێت. هەر لەسەردەمی ئەردۆگان بۆری‌ غازی‌ روسی‌ بۆ توركیا و ئەوروپا راکێشرا و تورکیا بەدوای‌ سەرچاوەكانی‌ وزه له دەریای‌ رەش و دەریای ناوەڕاستدا گەڕرا و توركیا گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای روساتۆمی‌ روسی بۆ بەرھەمھێنانی وزەی‌ ئەتۆمی بەبڕی‌ 20 ملیار دولار له 2010 به بەست کە تاکو ئێستا سێ قۆناغی‌ تەواوکراوە بڕیاره لە  2023له 100 ساڵەی‌ دامەزراندی‌ دەوڵەتی تورکیا تەواو بێت، بەم كارانەش ئەردۆگان دەیەوێت خۆی‌ سودمەند بێت و  ببێته دەستكەوتێك بۆ خۆی‌ و ئاكەپه تاكو له هەڵبژاردنی‌ داهاتوو سودیان لێوەربگرێت، بەڵام تاكو ئێستا ئەردۆگان نزیك نەبۆتەوه له هەدەپه بۆ ئەوەی‌ دەست لەسەر برینەكانی‌ پرسی كورد دابنێت و چارەسەریان بۆ بدۆزیتەوە، چونكه ستراتیژییەت و بیركردنەوەی ئەردۆگان گێرانەوەی‌ زەوییەكانی‌ عوسمانییە نەک كورد بكاته هاوبەشی تورکان لە توركیا.
بۆیه حكومەتی‌ توركیا رێگایی‌ نەداوه هەدەپه هەناسه بدات و پڕبوونی‌ زیندانەكان و دانانی قەیومەكان و هەڵكوتانه سەر بارەگاكان، گەواهیدەری ئەو ناحەقیانەن سەرەڕای‌ ئەو هەموو غەدرەی‌ بەرامبەر هەدەپه دەكرێت، هەر کوردە برگە دەگرێت و سەرەرای ئەمانە ھەدەپە بەردەوامی بە سیاسەتێكی‌ نەرم دەدات، ئەمەش وای‌ كردووه سەرنجی‌ ئەوروپاو ئەمریکا بۆلای‌ خۆی‌ راكێشێت، گۆڕەپانی ھەڵبژاردنیش له بەرژەوەندی‌ هەدەپەیه، بۆیه ئاماده نییه دەست بەتاڵ بچێته دەرەوه.
ئاكەپەش باش دەزانیت هەدەپه له ناو كورددا ریژەیی‌ دەنگەكانی‌ نزیكەی %80 و خاوەنی‌ كێشەی‌ كوردە و زیاتر له شەش ملیون دەنگی‌ لەهەگبەدایه، تەنها هەدەپەشە چارەنووسی‌ هەڵبژاردنی‌ سەرۆك كۆمار یەكلادەكاتەوه چ لەگەڕی‌ یەكەم یان لە گەڕی دوومی هەڵبژاردن.

وتارەکانی نوسەر