هەڵبژاردن‌ توركیا بەرەو قۆناغێكی‌ نوێ دەبات

10:48 - 2023-03-16
کانەبی باپیر
334 خوێندراوەتەوە

هەرچەنده شانۆكه جێگیر نییه بۆ دیاریكردنی‌ 13ــەمین سەرۆك كۆماری‌ توركیا، ئەو وڵاتەش  هەنگاو بەرەو هەڵبژاردنێکی‌ سەخت و دژوار دەنێت كه له رابردوودا وێنەی‌ نەبووه له نێوان هاوپەیمانیی‌ میللەت و هاوپەیمانیی‌ كۆمار و هاوپەیمانی‌ كار و ئازادی‌ بۆ هەڵبژاردنی‌ 600 پەرلەمانتار و سەرۆک کۆمار.
رێکەوتنی شەش لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆن
دوایی‌ چەندین كۆبوونەوه و دانیشتن، هاوپەیمانی میللەت کە بە شەش لایەنەكەی‌ سەرمێز ناسراون، گەیشتنە رێكەوتن كە كاندیدیان كەمال كلیچدار ئۆغڵو دەبێت بۆ هەڵبژاردنی‌ سەرۆكایەتی‌ كۆمار، ئۆپۆزسیۆن هێزیان لە یەكێتی‌ و یەكگرتندایه هەرچەنده لە بیر و بۆچوون و ئایدیۆلۆجیای جیاجیا پێكهاتوون، پەیوەندیی دەرەکیشیان باشە، چونكه داود ئۆغڵو سەرۆك وەزیرانی‌ پێشوو ماوەیەکە پەیوەندیی‌ باشی‌ لەگەڵ وڵاتانی‌ خۆرئاوادا هەیە، لەبەر ئەو هۆکارەش زۆرجار لەلایەن میدیایی‌ نزیک لە ئەردۆگان وAKP ەوە  تۆمەتبار دەکرێن بەوەی ئەمریكا و ئەوروپا پاڵپشتیانن و دەیانجووڵێنن.
كلیچدار ئۆغڵو لە تاقیكردنەوەیەكی‌ سەختدایە
كلیچدار ئۆغڵوی سەرۆكی‌ GHPو کاندیدی ئۆپۆزسیۆن، کە بەكردار دیموكراتخوازه و به سیاسییەكی‌ پشوودرێژ و بەحیكمەت ناسراوه، دەڵێت: «دەبێت گەلی‌ توركیا ئارامی هەبێت تا ئەردۆغان لە دەسەڵات دەهێنینە خوارەوه». 
ئۆغڵو کە بە سیاسییەكی‌ دووربین ناوی‌ دەركردووه، لە  1948 له دەرسیم لەدایكبووه بە مەزهەب عەلەوییه و له 2002ەوە چۆته ناو ریزەكانی‌ GHP ەوە، لە هەڵبژاردنی‌ 2007 بۆتە ئەندامی‌ پەرلەمان لەسەر بازنەی‌ دووەمی‌ ئیستانبوڵ و لە هەڵبژاردنی‌ 2009دا كاندیدبووه بۆ سەرۆكی‌ شارەوانی‌ ئیستانبوڵ كه 37 % ی دەنگەكانی‌ بردەوه،  بەڵام لە بەرامبەر كاندیدی‌ AKP قەدیر توباشدا شکستیهێنا. 
لە ساڵی‌ 2010ەوە بۆتە سەرۆكی‌ پارتی‌ گەلی‌ كۆماری‌ توركیا و  له هەڵبژاردنی‌ 2019دا توانی سەرۆكی‌ شارەوانی‌ ئیستانبوڵ و ئەنقەره بە پشتگیریی‌ HDP بباتەوه كە چارەكه  سەدەیەك بوو لەژێر دەستی‌ حزبەکەی ئەردۆغاندا بوو، کلیچدار ئۆغڵو ئێستا بەهێزترین ركابەری‌ ئەردۆغانە کە 21 ساڵه حوكمڕانی توركیایە.
بوومەلەرزەكەی‌ ناو ئۆپۆزسیۆن
مەڕال ئاكشنەر لەپڕ و لە 3/3/2023 مێزی‌ شەش قۆڵی‌ جێهیشت وتی: ئیتر جارێكی‌ تر من ناگەڕێمەوه و بڕیارم داوه نابێت بە هیچ شێوەیەك كلیچدار ئۆغڵو خۆی‌ كاندید بكات بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و  دەبێت ئەكرم ئیمام ئۆغلو یان مەنسور یاڤاش كاندید بكرێن بۆ ئەو پۆستە، بەڵام دوای ئەوەی ئاکشنەر لەگەڵ ئیمام ئۆغلو و مەنسور یاڤاش کۆبۆوە، ئەوان پێیان راگەیاند کە پشتیوانی تەواویان بۆ كاندیدبوونی‌ كلیچدار ئۆغڵوە و به سەرۆكی‌ خۆیانی‌ دەزانن، ئەوەش ئاکشنەری بێ هیواکرد.
لەكۆتاییدا بوومەلەرزە سیاسییەکە هیچ زیانی‌ بەناو ماڵی‌ ئۆپۆزسیۆن نەگەیاند، لە گۆشەیەكی‌ ترەوه دەنگدەرانی‌ ئیی پارتی‌ کە ماوەیەكه جۆش دراون بە دژایەتی كردنی‌  ئەردۆغان وAKP، بەشێكیان بڕیاریاندا دەنگ بە پێنج لایەنەكه بدەن كه دەنگەكانیان بە رێژەی‌ 5 ٪ مەزنده دەكرێت،   بەدەنگه جیاكانی‌ ئیی پارتی‌ و هەدەپەش دەرچوونی‌ كلیچدار ئۆغڵو مسۆگەر دەبێت،  بۆیه ئاكشنەر لە ترسی‌ دابەشبوونی‌ حزبەكەی‌ و ئەگەری‌ جیابوونەوە لێی پەشیمان بۆوە.
بە تایبەتیش کە تەمەڵ کارامول سەرۆکی پارتی‌ سەعادەتیش هەوڵی‌ زۆریدا ئاكشنەر رازی‌ بكات بۆ گەڕانەوە بۆ ناو ماڵی هاوپەیمانیی‌ شەش قۆڵی‌ بەم هەنگاوەش یەكڕیزیی‌ هاوپەیمانی‌ میللەت بە هێزتربوو، مەرجی‌ گەڕانەوەی ئاكشنەریش جێبەجێ کرا، به دانانی‌ ئیمام ئۆغلۆ ومەنسور یاڤاش به جێگرانی سەرۆك كۆمار لە ئەگەری سەرکەوتنی كلیچدار ئۆغڵو به سەرۆك كۆمار. 
ئەوەبوو رۆژی‌ دووشەممه 6/3/2023 له گردبوونەوەیەكی‌ فراواندا له بەردەم بارەگای پارتی‌ سەعادەت و به ئامادەبوونی‌ سەرۆکی هەر شەش حزبەکە، تەمەل کارامولی سەرۆكی‌ پارتی‌ سەعادەت بە رەسمی كەمال كلیچدار ئۆغڵو-ی وەکو کاندیدی رەسمی ئۆپۆزسیۆنی شەش قۆڵی راگەیاند. 
خاڵەكانی‌ رێكەوتن و بەرنامەی‌ هەڵبژاردنی ئۆپۆزسیۆن 
ئۆپۆزسیۆنی شەش قۆڵی هەوڵدەدەن بۆ گۆڕانكاری‌ له ژیانی‌ دەستووری‌ و سیاسی تورکیا و جیاکردنەوەی دەسەڵاتی‌ یاسادانان لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن و دەسەڵاتی‌ دادوەری‌، هەروەها سەربەخۆیی دادگاكان و باشکردنی بارودخی ئابووریی تورکیا.
راشیانگەیاندووە کە كاری‌ له پێشینەیان گۆڕینی‌ سیستمی‌ سەرۆكاتییە بۆ سیستمی‌ پەرلەمانی‌، کە ئەوە زیاتر لەگەڵ ژینگەی‌ سیاسیی توركیادا دەگونجێت و ناهێڵێت تاكڕەوی‌ دروست ببێت، کاریش كاردەكەن بۆئەوەی‌ توركیا ببێتە ئەندامی یەكێتیی‌ ئەوروپا، بەڵام دوور و نزیک باسی‌ مافی‌ كورد و زمانی‌ خوێندن ناکەن، هەرچەنده كلیچدار ئۆغڵو دەڵێت: پێوسته كێشەی‌ كورد لەناو پەرلەمان چارەسەر بكرێت و نابێت یاسای‌ قەیوم بمێنێت و دەبێت زیندانییه سیاسییه كوردەكان ئازاد بكرێن.
ئەردۆغان و هەڵبژاردن
روون و ئاشکرایە ئەردۆغان بە ئاسانی‌ دەستبەرداری‌ دەسەڵات نابێت، بە تایبەتی دوو دەیەیه حوكمڕانیی‌ توركیا دەكات، بۆیه هەرچی‌ له هەگبەیدایه دەریدەهێنێت، هەرچەنده پڕۆژەی‌ ستراتیژی‌ ئابووری‌ گەورەی دەست داوەتێ و كاری‌ لەسەر چارەسەرکردنی هەڵاوسان كردووە و مووچەی‌ فەرمانبەرانی‌ بە رێژەیەك زیادكردووە، بۆئەوەی‌ دەنگەکانی له هەڵبژاردن زیادبكات، بەڵام بەهۆی‌ بەرتەسككردنەوەی‌ ئازادییەکان و دیموكراسی‌ و کێشەی کورد و پڕكردنی‌ زیندانەكان لە گیراوان و كێشەی‌ ئابووری‌ و پەیوەندییەكانی‌ لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا و بوومەلەرزەكەی‌ 6ی شوباتی 2023 وا چاوەڕوان دەکرێت دەنگەکانی خۆی و حزبەکەی زیاتر داببەزێت.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەری هەیە بۆ مانەوەی له دەسەڵاتدا چەند هەنگاوێك به كردار بهاوێت له چوارچێوەی‌ داواكارییەكانی‌ HDP  بۆ ئەوەی‌ دەنگی‌ كورد مسۆگەر بكات.
گرنگیی هەڵبژاردن بۆ هەدەپە
 ئەم هەڵبژاردنه بۆ هەدەپه زۆر گرنگه،  چونكه دەتوانی‌ پۆستی‌ سەرۆك كۆمار بۆ یەکێک لە هاوپەیمانییەکانی ئێستا  یەكلایی بكاتەوه، 
هاوپەیمانیی‌ میللەتیش پێویستیان بە دەنگی‌ هەدەپەیە تا بتوانن ئەردۆغان له حوكمڕانی‌ دووربخەنەوه.
كاتەكەش بۆ كورد هەستیاره و لە رەوشێكی‌ سەختدا دەژی، بەهۆی‌ حكومڕانی‌ ئەردۆغانەوە و بەتایبەتی‌ دوای بوومەلەرزەکەی‌ روویدا، چونکە حكومەت وەکو پێوست فریایان نەكەوت و گوندی‌ كورد هەبووە 90 %ی خاپوور بووە، زیندانەكانیش پربوون لە پەرلەمانتار و سەرۆك شارەوانی و هاوسەرۆكەكان و كادر و ئەندام و دۆست و لایەنگرانی‌ HDP.
لەبەر ئەوانە دەبێت کورد لە باکوور زۆر ژیرانە مامەڵە بکات لەم هەڵبژاردنەدا و لە کێشمەکێشە سیاسییەی سەر گوڕەپانی سیاسی تورکیا،  بۆئەوەی لەم قۆناغەدا هەندێك ماف دەستەبەر بكات بۆ کورد لەو وڵاتەدا.

 

ململانێی هاوپەیمانیە سیاسییەکانی تورکیا پێش هەڵبژاردنەکان

وتارەکانی نوسەر