ژن هەمیشە پێویستی بەهۆشیارییە

09:43 - 2022-11-28
نێرگز قادر
400 خوێندراوەتەوە

لە رۆژی 25ی نۆڤەمبەردا رێکخراوەکانی ژنان هەموو ساڵێک کەمپەین و پڕۆجێکتی تازە لەپێناوی بنبڕکردنی توندوتیژیدا رادەگەیەنن و پارەی خەیاڵیش بۆ ئەم مەبەستە خەرج و تەرخان دەکرێت، بەڵام ئایا رێکخراوەکانی ژنان هیچ لێکۆڵینەوەیەکیان کردووە تابگەنە ئەنجامێک تا هۆکاری خودی توندوتیژی بدۆزنەوە و دەستنیشانبکەن؟
پێموایە ئەوەی رێکخراوەکانی ژنان دەیکەن تەنها ئاسنی سارد کوتانە و هیچیتر نا، چونکە هەنگاوەکانی ئەوە جگە لەوەی چالاکییەک بووە بۆ خودی خۆیان، هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی بۆ دەرەوەی خۆیان و بەتایبەت ژنان نەبووە. هەمووشمان ئەو راستییە باش دەزانین هۆکاری هەڵکشانی توندوتیژی چییە، بەدیاریکراویش کرانەوەی کۆمەڵگە بەڕووی جۆرێک لە بەناو ئازادیدا کە نەریتی وڵاتانی دەوربەرە و جۆرێکیشە لە چاولێکەری و کاریگەریی لەسەر ژیاری زۆرێک لە خێزانە کۆمەڵایەتییەکان دروستکردووە.
بێ فلتەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کێشە و ئاژاوەی جۆراوجۆری بۆ تاک بەتایبەت و کۆمەڵگەش بەگشتی دروستکردووە، دەکرا لەسەر ئەم بابەتە  رێکخراوەکان کاری گرنگ و جدییان بکردایە و هەڵوەستەیەکی بابەتیانەشیان بکردبا، ئەمە جگە لە کێشەی ئابووری سەربەخۆش کە گرفتی گەورەی خێزانەکان و خودی ژنانە.
باسی جیابوونەوە هەر ناکەم، ئەوە خۆی لە خۆیدا بابەتێکی ترە پێویستە بەشێوەیەکی گشتگیرو فراوانتر باسی لێوە بکرێت.
بەشێک لە کەناڵەکانی راگەیاندن و ئاراستەی کارکردنیان و پابەند نەبوونیان بە ئیتیکی کاری میدیایی و بەدیاریکراویش بەپیشاندانی چەندین درامای بێ سەروبەری دۆبلاژکراو و بەرنامەی ناجۆر بەکۆمەڵگەی ئێمە نامۆن، ئەمانە و چەندینی تر هۆکارن بۆ نەگونجاندن و بەردەوامبوون و زۆربوونی رادەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە کوردستان.
ئەوەی دەمەوێت لەسەروبەندی دوو هەفتەی رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژبەژناندا باسی لێوە بکەم ئەوەیە کە بڵێم: ئیدی کاتی ئەوەیە رێکخراوەکانی ژنان شێوازی کارکردنیان بگۆڕن بۆ ئاشتکردنەوەی هەردوو رەگەزو لە بەرامبەر مافدا، ئەرکی ژنانیش دیاریبکەن، چونکە ژنان تەنها مافیان نییە، بەڵکو ئەرکیشیان لە ئەستۆدایە.
پێویستە ئەو رێکخراوانە ژنان رابهێنن ماف تەنیا بە زۆر وەرناگیرێت، بەڵکو پێویستە بە رێگەیەکی زانستی و تەندروست وەربگیرێت، هەروەک پێویستیشە چالاکی رێکخراوەکان تەنها بۆ ژنانی چالاکوان نەبێت، بەڵکو دەبێت بۆ ئەو ژنانە بێت پێویستیان بە هۆشیارییە، ئەمەش پێویستە لە رێگەی کۆبوونەوەی دایک و باوکانی خوێندنگەکان و بەرنامەی باش و تەندروستی کەناڵەکانی تەلەفزیۆنەوە بێت، کەسانی لەسەرخۆو خاوەن کەسایەتی ئەم پڕۆژەیە بکەن، چونکە رێکخراوەکان بەهاندانی دژایەتیی پیاو و ئایین و گۆشکردنیان بەڕێگەی وا چەوت و چێڵ، ناتوانن مافی راستەقینە بۆ ژنان وەربگرن.

وتارەکانی نوسەر