عیراق، خاکی نماییشکردنی هێز

09:53 - 2022-11-28
سۆزان حەمەتاتە
352 خوێندراوەتەوە

لەبەرئەوەی عیراق بە ویستی زۆرینە دروستنەکراوە، بۆیە لە دروستبوونییەوە تا ئەم چرکەیە ئارامی و سەقامگیریی بەخۆیەوە نەبینیوە، تەنانەت لە سەردەمی حوکمی بەعسییەکانیشدا ئەوەی ھەبوو ئارامی و سەقامگیریی نەبوو، بەڵکو بێدەنگ کردن بوو بە زۆری ھێز کە ئەنجامەکەشیمان بینی چۆن کەوتەوە. 
کۆتاییەکی ترسناک کە زۆرینەی عیراقییەکان تێیدا بوونە قوربانی، بووە وڵاتێک کە ھاوڵاتییەکانی سۆزیان بۆی نەمێنێت. 
ململانێ بەردەوامەکانی ناوخۆی عیراق وایانکرد، دەرفەت بڕەخسێ بۆ دەستتێوەردانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، دوای 19 ساڵ لە کۆتایی حوکمی بەعس، ھێشتا بڕیاری چارەنووسساز لای عیراقییەکان نییە، بگرە بڕیاریان لەسەر دەدرێت، ئەوەش نیشانەی شکستە. 
ئێران و ئەمریکا لەسەر ھێز و بەرژەوەندییەکانیان لە عیراق، ململانێی توندیانە، ھێزی سیاسی، ھەواڵگری، سەربازیی خۆیان بۆ زاڵبوون بەسەر یەکتردا تاقیدەکەنەوە، شەڕی بەوەکالەت لە دژی یەکتر دەکەن، بلۆکبەندی لە دژی یەک پێکدەھێنن، ھێزی سیاسیی عیراقیش توانای ئەوەی نییە بیانوەستێنێ، ئەمەشیان ھەر کارەساتە. 
ھەر وڵاتێک توانای پاراستنی سەروەریی خەڵک و خاکەکەی نەبوو، دەبێتە سەر زەمینی شەڕ و کارەسات، دەبێتە جێی تاقیکردنەوەی ھێزی ئەوانی تر، دەرەنجام خەڵکەکەی تووشی نائارامی و شڵەژانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دەبن، درزی متمانەش لە نێوانیان زیاتر دەبێ، ئیتر ھیوایەک بۆ ژیان نامێنێ و خەڵک لێی ھەڵدێن. لە عیراقی ئێستادا ھەموو ئەو وێنانە رۆژانە خۆیان نمایشدەکەن،  ئیرادەی سیاسی و بوونی کاریزما بۆ رزگاربوون لە دۆخی وادا پێویستن، لە عیراقدا ھیچ یەکێک لەو دووانە نین، بۆیە سیاسەت بۆنی خوێنی لێدێت، خەڵکانی دیکەش ئاگرەکە خۆش دەکەن و سامانی عیراقییەکان لەژێر ناوی جیاجیا دەبەن. ھەژارییش دەگاتە لووتکە.  
تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێران بە بەردەوامی، نەبوونی حکومەتی دامەزراوەیی و ژێرخانی پەروەردەیی و ئابووری، بوونی میلیشیای سەربە وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، سوپای لاواز، ھێزی سیاسی بێ ئیرادە، سەرکردەی کزۆڵ و بەرژەوەندیخواز، نەبوونی خزمەتگوزاری، ھەڵئاوسان و بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری، دەرەنجامی ئەوەیە عیراقێکی خاوەن سەروەریی نییە، بەڵکو جوگرافیایەکە بۆ ململانێی ھێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، ئەوەش داھاتووی عیراق 
نادیارتر دەکات.

کێشە و قەیران لە عیراق خزمەتگوزارییەکانی پشتگوێ خستووە

وتارەکانی نوسەر