کۆبوونەوەکانی دوکان و بەغدا، بۆ کۆکردنەوەی هەموان

09:59 - 2022-12-01
هەستیار مارف ئاغا
391 خوێندراوەتەوە

پەند وەرگرتن لە ئەزموون و سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال زۆر بەباشی رەنگی داوەتەوە لای سیاسەت و پەیوەندییەکانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی.
وەک دەوترێت ناوچەکامان بە گشتی بارگاوی بووە بە گۆڕانکاری و گۆڕانکارییەکانیش ئەگەری زۆری هەیە مەترسیداربن.
بەکارهێنانی دەسەڵات لە کاتی خۆیدا و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە مەترسییەکان، یەکێکن لە تایبەتمەندییەکانی تیمی یەکێتی، ئەو تیمەی بە سەرۆکایەتی سەرۆک بافڵ، سەرجەم ئاراستە جیاوازەکان بانگهێشت دەکات، بە باوەشێکی دۆستانە و بە دڵێکی پڕ لە تەبایی، لەپێناوی دۆزی رەوای گەلدا هەموان کۆدەکاتەوە.
بەرلەوەی هانگاو بنرێت بۆ لای لایەنەکان لە بەغدا، دووبارە هاوینەهەواری دوکان، وەک سەردەمی پڕ شکۆی مام، زۆربەی سیاسەتمەدارەکانی گەلی کوردی کۆکردەوە، کۆکردنەوەیەک لەپێناوی یەکخستنی دەنگی کوردی هەمەلایەنە و رەتکردنەوەی تاکڕەوی و پێکهێنانی بەرەیەکی گشتی بۆ چارەسەری گشتگیر لە کوردستاندا، بناغەی بۆ دانرایەوە.  
ئەگەرچی برا عەربەکان هەمیشە دەڵێن کورد داواکاری زۆرە، بەڵام بێ سڵەمینەوە و دوودڵی سەرۆک بافڵ لە ماڵی مام لە بەغدا سەرجەم لایەنەکانی دەسەڵاتی کۆکردەوە و پێی راگەیەندن کە ئێمە سوورین لەسەر داواکارییەکانمان و مافی خۆمان بە گوێرەی دەستوور دەبێت زیندوو بکرێتەوە.
هەوڵی بێوچان درا تاوەکو لە بەرنامەی کاری حکومەتی نوێدا ئەجێندای ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان و ئارامی سنوورەکان و دانانی نەخشەڕێگا و بودجە بۆ لیژنەی باڵای مادەی 140 جێگیرکرا.
هەوڵەکانی سەرۆک بافڵ چ لە ئاستی هەرێم یاخود لە ئاستی عیراقدا بە گشتی ئاماژەیەکی گرنگە بەوەی هیچ کەس دەسەڵات نادات بە یەکێتی، یەکێتی و سەرۆکەکەی خۆیان بەباشی لە بەرپرسیارێتی دەگەن.
تیمی یەکێتی لە هەر بابەتێکی نیشتمانی و نێوخۆییدا بەشداری بکەن، ئامانجیان پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی بووە و هەمیشە خەمیان خەمی گەورەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیان بووە، هیچ کات و زەمانێک ئامادە نەبوون یاری بە چارەنووسی میللەتەوە بکەن و زۆر بە وریاییەوە دەستیان بۆ بابەتە چارەنووسسازەکان بردووە.

بەکارهێنانی دەسەڵات لە کاتی خۆیدا و هەستکردن بە پرسیارێتی بەرامبەر بە مەترسییەکان، یەکێکن لە تایبەتمەندییەکانی تیمی یەکێتی، ئەو تیمەی بە سەرۆکایەتی سەرۆک بافڵ، سەرجەم ئاراستە جیاوازەکان بانگهێشت دەکات

وتارەکانی نوسەر