وردتر

یەكێتی گرەوەكەی بردەوە

10:41 - 2022-12-06
لەشکر حەمە ساڵح
278 خوێندراوەتەوە

دواجار لە پێكهێنانی حكومەتی عیراقدا بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، بیر و بۆچوون و پلانەكانی یەكێتی سەركەوتنیان بەدەستهێنا؛ گرنگترین سەرکەوتنیش مانەوەی پرەنسیپی تەوافوق بوو لە پڕۆسە سیاسی عیراقدا، بەو پێیەی لە بەرژەوەندیی کوردە و هەر ناونیشانێکی بریقەدار، تەنانەت حکومەتی زۆرینەش هەڵیناخەڵەتێنێت. 
لە دوای هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەمی 2021ەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جەختیكردەوە لەسەر پێكهێنانی حكومەتی تەوافوقی و رەتكردنەوەی پڕۆژەی حكومەتی زۆرینە كە هاوپەیمانیی سێ قۆڵیی رەوتی سەدر و پارتی و سیادە كاریان بۆ دەكرد کە بە پێی لێکدانەوە و بۆچوونەکان دواجار بە زیانی بەرژەوەندی و مافەکانی كورد دەشكایەوە.
لە راستیدا مەسەلە یان پرسی زۆرینە پرسێکی تەواو سیاسی و هەروا یاساییە، لە سیستمە دیموکراتییەکاندا بۆ بڕیاردان لە بابەتە گرنگەکان، بە پێکهێنانی حکومەتیشەوە، هەر بە رێگەی زۆرینە یەکلا دەکرێتەوە. بەڵام ئەو زۆرینەیەی ویسترا لە عیراقدا و لەو کاتەدا جێبەجێ بکرێت، بەرلەوەی باسی نەگونجانی بۆ نموونەی عیراقی تێدا بکرێت، دەرکەوت زۆرینەیەکە بۆ تۆڵەکردنەوە و وەدەرنانی هەندێک لایەنی سەرەکییە لە پرۆسەی سیاسیدا، ئەمە جگەلەوەش کە زۆرینەکە زۆرینەیەکی میدیایی بوو نەک زۆرینەیەکی راستەقینە کە بتوانێت هەر بە زۆرینە و لەناو پەرلەماندا پرسەکان، بەتایبەتی مەسەلەیەکی گرنگی وەک پێکهێنانی حکومەت یەکلایی بکاتەوە.
دوای ماوەیەكی زۆر و شكستهێنانی هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە لە عیراقدا، دواجار تێزی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان سەركەوت و حكومەتی تەوافوقی پێكهات و ئێستا زۆرینەی لایەنەكان و هەموو پێكهاتەكان بەشداری کابینە وەزارییەکەی محەمەد شیاع سودانی بوون.
دوای سەركەوتنی تێزی حكومەتی تەوافوقی، یەكێتی سەركەوتنێكی دیكەشی بەدەستهێنا كە ئەویش بریتی بوو لە جێكردنەوەی ئەولەویەت و خواستەكانی گەلی كوردستان لەناو كارنامەی حكومەتەکەدا، كە گرنگترینیان بریتییە لە كاراكردنەوەی مادەی 140ی دەستوور کە لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیرادەی دەوڵەت لە ماڵی سەرۆک مام جەلال لە بەغدا بڕیاری جێبەجێکردنی لەسەر درا و هەڤاڵ خالید شوانی وەزیری دادی عیراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وردەکارییەکەی خستەڕوو.
ئەمە جگە لە چڕکردنەوەی هەوڵەکان بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەبارەی بودجە و نەوت و بابەت و کێشە و بوارەكانی دیكەوە.
سەركەوتنەكانی یەكێتی بەردەوام بوون، سەرەڕای کۆشش و تەگەرەیەكی زۆری نەیارەكان و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ ئەملا و ئەولا، دواجار یەكێتی سەركەوتوو بوو لە هێشتنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار لە لای كورد و لەناو كوردیشدا لە لای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
دیارە یەكێتی لە سەركەوتنەكانی بەردەوام بوو، لە كابینەكەی محەمەد شیاع سودانیدا هەردوو وەزارەتی داد و وەزارەتی ژینگەی وەرگرت لە كاتێكدا هەوڵ دەدرا یەكێتی پەراوێز بخرێت و تەنها وەزارەتێكی بدرێتێ. 
یەکێتی لە زاری ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسییەوە هەر زوو ئەوەی راگەیاند کە شایستەکانی لە حکومەتی فیدراڵ لای محەمەد شیاع سودانییە نەک لەلای پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەبارەی پۆستەکانی یەکێتییەوە، لێرەشدا راوبۆچوونی یەکێتی سەرکەوت.

وتارەکانی نوسەر