ترەمپ دەگەڕێتەوە!

09:48 - 2024-03-19
لەشکر حەمە ساڵح
158 خوێندراوەتەوە

بەر لە كۆتایی ئەمساڵ، خولێكی تری كێبڕكێ و ركابەری لە نێوان جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ، لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەڕێوەدەچێت، ترەمپ دەبێتەوە كاندیدی كۆمارییەكان و بایدنیش دەبێتەوە سوارچاكی دیموكراتەكان.
پێدەچێت خولی ئەمجارە؛ هەر تەنها ركابەریی دیموكرات و كۆمارییەكان نەبێت، بەڵكو ركابەرییەكە دووراییەكی شەخسیشی هەبێت لە نێوان ئەو دوو كاندیدەدا، بەتایبەتی كە پێناچێت چیرۆكی لەو جۆرە روویدا بێت؛ دوو كەس، كە پێشتر هەر یەكەیان خولێك سەرۆكی ئەمریكا بووبن، بیانەوێت بگەڕێنەوە كۆشكی سپی و بەر یەكتری بكەونەوە!
سەنتەرەكانی راپرسی و پێوانەكردنی رای گشتی و دەنگی گریمانەكراوی هاووڵاتیانی ئەمریكا هەڵبەز و دابەزی زۆر بەخۆیانەوە دەبینن، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی بارودۆخەكە، بەتایبەتی ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بكرێت، ترەمپ لە بایدن دەباتەوە و دەگەڕێتەوە كۆشكی سپی، لێ ئەوە روونە كە ئێستا هەڵبژاردن ناكرێت، بەڵكو بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمدا بكرێت كە تا ئەو كاتە زۆر پێشهات و دۆسێ و بابەتی جۆراوجۆر دێنە پێشەوە، كە پێدەچێت بە شێوەی جۆراوجۆر كاریگەری لەسەر ناوخۆی ئەمریكا و پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ و شەقامی ئەمریكی دروست بكەن، بۆیە گەرەنتییەكە لەسەر ئێستا نییە بەڵكو لەسەر ئەو چەند مانگەی داهاتووە.
ترەمپ دەبێت بیسەلمێنێت كە دۆسێكانی دادگا دەباتەوە یان دروستتر، دادگا دەخاتە بەرژەوەندیی خۆیەوە، هەروەك بایدنیش دەبێت بیسەلمێنێت كە نەخڵەفاوە، بگرە سەرۆكێكی ژیر و وریایە و (هەموو كەسێك دەناسێتەوە).
زۆرجار دەوترێت هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا یەكێكە لەو هەڵبژاردنە دەگمەنانەی كە لێكەوتە و كاریگەرییەكانی لەگەڵ دەنگدەرەكانی زۆر لە یەكتری جودان، واتە دەنگی هاووڵاتیانی ئەمریكا سەرۆكی وڵاتەكەیان یەكلایی دەكاتەوە لە كاتێكدا ئەو سەرۆكە زۆرترین كاریگەریی لەسەر دەرەوە و جیهان هەیە تا ناوخۆی وڵاتەكە!
بۆ ئەمجارەش مەسەلەكە هەر بەو جۆرەیە، ترەمپ و بایدن هەر كامیان بیبەنەوە، خوولی دووەمی سەرۆكایەتییەكەیان دەبەنەوە. بەڵام بۆ ترەمپ مەسەلەكە بڕێك جیاوازە و جۆرێكە لە كەلەڕەقی و سەرسەختی. بەو جۆرەی نایەوێت بە دڵێكی شكاو و هەستی دۆڕاندنەوە كایەی سیاسی بەجێبهێڵێت، بەڵكو وەك دەوترێت دەیەوێت جێپەنجەی خۆی بە تۆخی لەسەر تخوبی لاپەڕەكانی مێژوو و كاریگەرییە سیاسی و ستراتیژییەكانی واشنتۆن بهێڵێتەوە.

بۆ عیراق و كوردستان، گەڕانەوەی گریمانەكراوی ترەمپ كاریگەری گەورە لەسەر بارودۆخی ئەو وڵاتە دروست دەكات، بەتایبەتی لەم كاتەدا كە عیراق بە تاكتیك بێت یان ستراتیژ بوێریی ئەوەی هەیە، باسی كشانەوەی ئەمریكا و هاوپەیمانەكان بكات لەسەر خاكەكەی


هەر چۆنێك بێت، ئەو مەسەلە ناوخۆییەی ئەمریكا؛ بە جۆرێك لە جۆرەكان مەسەلەیەكی جیهانیی زۆر گرنگ و هەستیارە، ئێستا نا بەڵكو چەند مانگێكە سەنتەرەكانی توێژینەوە و چاودێرانی سیاسی و ستراتیژی لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی ترەمپەوە بیر دەكەنەوە و بیرۆكەكانیان دەخەنە سەر رووپەڕی رۆژنامەكان، چونكە گەڕانەوەی ترەمپ رووداوێكی ئاسایی نابێت، وەك چۆن هاتنی یەكەمجاریشی هەر ئاسایی نەبوو، بەڵكو لەگەڵ خۆیدا شەپۆلێكی لە شڵەژان و راچەنین لەسەر كایەی سیاسی و ستراتیژی لە ناوچە جیاجیاكانی جیهان دروستكرد.
 ئەو یەكەم سەرۆكی ئەمریكا بوو پشتیوانی واشنتۆنی بۆ دۆستەكانی لە پرسی ستراتیژی و لە قاڵبدانی دوژمنەوە گۆڕی بۆ مەسەلەی پارە و بزنس! ئیتر چۆن گەڕانەوەكەی تەژی نەبێت لە مەیلی تۆڵەسێنی و ترشاندنی ئەوەندەی تری دۆسێ جیاجیا گەرمەكانی جیهان وەك شەڕەكانی ئۆكرانیا و غەزە و دۆسێ گرنگەكانی تیرۆر و چین و ئەوانی تر كە هەر یەكەیان بە جۆرێك لە جۆرەكان كاریگەرییان لەسەر جیهان هەیە.
بۆ عیراق و كوردستان، گەڕانەوەی گریمانەكراوی ترەمپ كاریگەری گەورە لەسەر بارودۆخی ئەو وڵاتە دروست دەكات، بەتایبەتی لەم كاتەدا كە عیراق بە تاكتیك بێت یان ستراتیژ، بوێریی ئەوەی هەیە باسی كشانەوەی ئەمریكا و هاوپەیمانەكان بكات لەسەر خاكەكەی وەك یەكێك لە لێكەوتەكانی ئەوەی لە غەزە دەگوزەرێت.
بەهەرحاڵ دۆسێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا و ئەگەری گەڕانەوەی ترەمپ بۆ كۆشكی سپی چەند مانگێكی ماوە، لەو ماوەیەدا ئەگەرەكان كراوەن لە بەردەم پێشهات و دۆسێ جیاجیاكان و كاریگەری لەسەر ناوخۆی ئەمریكا و هەڵبژاردنەكانی دەنگدەر.

وتارەکانی نوسەر