لێكدانەوە جیاجیاكان بۆ هەڵبژاردنی كەركوك و سەركەوتنی یەكێتی

10:34 - 2023-12-20
لەشکر حەمە ساڵح
261 خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كرا، یەكێتی لە زۆربەی ناوچەكان، بەتایبەتی لە كەركوك سەركەوت و زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا بەوەش زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجومەنەكە و خودی كورسی پارێزگاری مسۆگەر كرد.
رەنگە خوێندنەوە و لێكدانەوە و شیكردنەوەی جۆراوجۆر هەبێت بۆئەوەی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا روویدا، بەڵام گرنگتر لە هەمووی سازكردنی خودی هەڵبژاردن و ئەنجامەكەی و سەركەوتنی یەكێتییە لە كەركوك؛ ئەو شارەی کە ساڵانێكی زۆرە بە بیانووی جۆراوجۆر هەڵبژاردنی پارێزگاكانی تێدا ناكرێت كە وای لە هەندێك كەس و لایەن كردبوو بە رێگەی جۆراوجۆر و بە ماكینەی میدیایی و بودجەی زەبەلاح وێنای واقیعی شارەكە بە جۆرێكی تر بكەن، تەنانەت ئەوەندەیان دووبارە كردبۆوە كە خۆشیان باوەڕیان پێكردبوو!
ئەم هەڵبژاردنە و ئەنجامەكەی زۆر چیرۆك و سیناریۆ و پیلانگێڕیی پووچەڵ كردەوە كە لەسەر چەند ئاست و تەوەرێك مانا و لێكدانەوە لە خۆدەگرێت كە شایانی هەڵوەستەكردن و نرخاندنن:
- لە رووی ناوخۆیی كەركوكەوە دووپاتی دەكاتەوە كە خەڵكی شارەكە و دەوروبەری، هەمیشە بە تەنگ شارەكەیانەوەن، هەمیشە لە ئاست خەم و ئاریشە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندان، هەروەها لە ئاست ئایندە و شەڕی چارەنووسدا لە زۆر كەس و لایەن تێگەیشتووتر و هۆشیارترن! بەرژەوەندی و چارەنووسی خۆیان ناكەنە قوربانیی هیچ لایەن و چەواشەكارییەك و بە گوتاری ساختە و رەوتی پۆپۆلیستی هەڵناخەڵەتێن، ئەوان دەزانن لە كوێوە لەگەڵ كێدا هاتوون و پێویستە بۆ كوێ و لەگەڵ كێدا بڕۆن.
- هەر لە رووی ناوخۆییەوە، ئەم سەركەوتنەی كەركوك و پڕۆسەكە و یەكێتی دووبارە ئاشكرای دەكاتەوە كە سەپاندنی واقیعێكی ئیداری و سیاسی دیاریكراو لە بارودۆخێكی دیاریكراودا ناتوانێت دەستكاریی واقیعی سیاسی و نەتەوەیی و نیشتمانی و لە هەمووشی گرنگتر، ناتوانێت دەستكاریی هەستی كەركوكێتی و خەمخۆری و تێگەیشتوویی خەڵكەكەی بكات! هەموو ئەو پیلانگێڕی و زوڵم و ستەمەی چەند ساڵێكە بەرامبەری دەكرێت، لە دەرفەتی گونجاودا (لێكدانی سفر) دەكات. ئەمە بۆ سەردەمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ و ئیدارەی ئەم چەند ساڵەی رابردووش هەر راستە.
- لەسەر ئاستی هەرێمایەتی، هەڵبژاردنی پارێزگاكان لە كەركوك و سەركەوتنی یەكێتی خۆی لە خۆیدا راستكردنەوەی رێڕەو و رەوتی راستەقینەی خەڵك و شارە، دووركەوتنەوە و پووچەڵكردنەوەی سیناریۆ جۆراوجۆرەكان و سەلماندنەوەی رەسەنێتی و هەقانیەتی مەسەلەی كەركوكە وەك بەشێك لە مەسەلەی كورد و كوردستان.
- بۆ یەكێتی، ئەم هەڵبژاردن و سەركەوتنە لە كەركوك مانای گەورە و ستراتیژیی هەیە. واتە؛ كەركوك باشتر و روونتر لە یەكێتی و سیاسەتەكانی لە قۆناغ و سەردەمەكاندا تێدەگات، ئەوانەی لە رۆژگارە ناخۆشەكاندا جێیان نەهێشتن و نەهامەتییەكانیان لەگەڵدا بەشكردن، شایستەی پاداشت و پێدانەوەی هەقێكی دواخراو بوون، نەك بڕواكردن بە چیرۆك و چەواشەكاریی دوور لە واقیعێک کە کەرکوکییەکان خۆیان تێیدا ژیاون و دەژین.
- ئەم خاڵانە و زۆر خاڵی دیكە هەن كە بەشێكن لە تێڕوانین و لێكدانەوەی هەڵبژاردن و كەركوك و یەكێتی، بەڵام ئەو قسەیەی ئێستا كاتێتی ئەوەیە كە دوای هەڵبژاردن چی؟ چۆن دەتوانین كێشەكانی كەركوك بە تایبەتی، كێشەی ناوچە دابڕێنراوەكان بە شێوەیەكی گشتی بەرەو چارەسەر بەرین؟ چۆن دەتوانین بە باشترین شێوە قەرەبووی ساڵانی رابردوو لە رووی خزمەتگوزاری و خزمەتكردن و ئاوەدانكردنەوەوە بكەینەوە؟ چۆن دەتوانین شوێنەواری پیلانگێڕییەكان، بڕیارە خراپەكان راست بكەینەوە؟ لە هەمووشی گرنگتر، چۆن دەتوانین كەركوك بكەینەوە بە كەركوكی هەموان، بەوانەشەوە كە نەیاندەویست ئەم شارە رێگە راستەكەی خۆی بگرێتەبەر!؟
لە راستیدا باشترین وەڵام و باشترین بژاردە بۆ كەركوك و خەڵكەكەی، پێویستیی گەڕانەوەی ئۆقرەیی كۆمەڵایەتی و سیاسی و دەرفەتێكە بۆ گەڕانەوەی هەق بۆ خاوەن هەقەكان! فۆرمۆڵەكردنی جۆرێك لە رێكەوتن و تێگەیشتنە لە نێوان خەڵك و لایەن و پێكهاتەكانی كەركوكدا كە هەریەكە و بەپێی قەبارە و بەرپرسیارێتی، بەڵام پێكەوە كار بۆ سبەی بكەن. كار بۆ كەركوكێكی جوانتر و ئاوەدانتر بكەن، خزمەتێك كە شایستەی خەڵكە تێگەیشتوو و هەڵنەخەڵەتاوەكەی بێت!

وتارەکانی نوسەر