وردتر

لە نێوان ڤاگنەر و رۆستۆفدا

10:56 - 2023-06-27
لەشکر حەمە ساڵح
299 خوێندراوەتەوە

ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە روسیا روویدا، بەر لەوەی نیشانە و ئاماژەی هەر شتێك بێت، نیشانەی ئەوەیە كە ئەو وڵاتە لە بارێكی ناهەمواری سیاسی و ئەمنی و تەنانەت ستراتیژیشدایە. 
شەڕی ئۆكرانیا نەك ئامانجەكانی بە خێرایی نەپێكا بەڵكو خەریكە دەبێتە لێكەوتەی ناوخۆیی زۆر مەترسیدار، كە بێگومانیش كاریگەریی دەبێت لەسەر هەژموون و وێنای روسیا وەك زلهێزێك لەسەر ئاستی جیهان!
سەرەڕای تێپەڕینی چەند رۆژێك بەسەر ئەو رووداوانەدا، بەڵام هێشتا روون نییە ئەوەی روویدا چی بوو. سیناریۆیەكی تایبەتی و نهێنی بوو یان رووداوێكی واقیعی بوو؟ فەرماندەی ڤاگنەر مەبەستی چی بوو؟ دەیویست نمایشێكی میدیایی و سیاسی پێشكەش بكات یان بەڕاستی دەیویست تەخت و تاراجی مۆسكۆ تێك و پێك بدات؟ یان وەك خۆی سەرەتا وتی مەبەستی وەزیری بەرگری و بەرپرسانی باڵای ئەو وەزارەتە بوو كە بە بەرپرسیاری دانان لە شكستهێنانی شەڕی ئۆكرانیا؟ ... ئەدی ڤلادیمیر مەبەستی چی بوو؟ ئیتر كاتی ئەو پرسیارەشە؛ ئەنجامی ئەوەی ئەو چەند رۆژە لە مۆسكۆ و ناوچە و شارەكانی تری روسیا روویدا، چی بوو؟
تا ئێستا چاودێرانی سیاسی و ستراتیژی بۆچوون و لێكدانەوەی دیاریكراویان نییە بۆ هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی بابەتی و بێلایەنانەی رووداوەكانی روسیا و لێكەوتە نزیك و دوورمەوداكانی، بەڵام هەموویان لەوەدا كۆكن كە ئەوەی لەو وڵاتە رووی دا، نیشانەی ئەوەیە كە وڵاتەكە لەبارێكی نا ئاساییدایە. شەڕی ئۆكرانیا نەك بە قازانجی هەیبەت و هەژموونی مۆسكۆ و خودی پوتین نەشكایەوە بەڵكو خەریكە كاریگەریی نێگەتیڤی زۆری لێدەكەوێتەوە.
هێشتا لێكدانەوەی تیۆری پیلانگێڕی لە دۆسێی روسیا و ڤاگنەردا رەواجی هەیە. كەم نین ئەو كەس و لایەنانەی گومانیان هەیە و رووداوەكانی روسیا، مۆسكۆ و رۆستۆف و شوێنەكانی تر بە سیناریۆ و كاری پێشتر بڕیارلێدراوی خودی كاربەدەستان و حوكمڕانانانی مۆسكۆ و هێزی ڤاگنەریش دەزانن . نموونەی ئەوەش دەهێننەوە كە پێشڕەویی كاروانی ئۆتۆمبیلە سەربازییەكانی ڤاگنەر بەرەو مۆسكۆ و تێپەڕاندنی نزیكەی 700 كم بەبێ بەرگرییەكی ئەوتۆ و راوەستانی كاروانەكە بەشێوەیەكی لەناكاو و هەروەها رێكەوتنێكی لەناكاو بۆ پاشەكشە و چوونەدەرەوەی فەرماندەی ڤاگنەر بەپێی رێكەوتنێكی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆكی بیلاڕوس، ئاو دەكەنە ئاشی لایەنگر و هەوادارانی تیۆڕی پیلانگێڕییەوە.
راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی ئاماژەی بەوە كردووە كە پێشتر دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتە ئاگاداری جموجۆڵەكانی ڤاگنەر و خودی فەرماندەكەی و تەنانەت نیازی یاخیبوونەکەشی بووە، ئەمەش لەبری ئەوەی نیشانەی واقیعیەتی یاخیبوونی فەرماندەی ڤاگنەر بێت رەنگە بە پێچەوانەوە بێت. چۆن ئەمریكا ئاگاداری شتێكی لەو جۆرەیە و ناتوانێت بە وردی و بە باشی مامەڵەی لەگەڵدا بكات؟ 
بەهەرحاڵ؛ ئەم پرسیار و پرس و دۆسێیانە و دەیانی دیكەش بەهۆی رووداوەكانی چەند رۆژی رابردووی روسیاوە هاتونەتە ئاراوە پێویستیان بە وەڵامدانەوە و لێكدانەوە و شرۆڤە هەیە لە لایەن كەسانی پسپۆڕ و شارەزاوە، بە تایبەتی لەو رووەوە كە هێزەكانی ڤاگنەر، كە لە بنەڕەتدا دروستكراوی خودی ئەو دەوڵەت و رژێمە حوكمڕانەی مۆسكۆیە، چۆن دەتوانێت بەشدار بێت لە ناشیرینكردنی وێنای مۆسكۆ ئەگەر نەڵێین دروستكردنی هەڕەشەی وجودی لەسەری؟

وتارەکانی نوسەر