وەڵامێكی نوێ بۆ پرسیارە كۆنەكان!

10:20 - 2024-02-28
لەشکر حەمە ساڵح
212 خوێندراوەتەوە

رۆژ بە رۆژ گۆڕانكاری لە بارودۆخی میدیادا، بەتایبەتی لە میدیای نوێدا، روودەدات. پێشهات و رووداوە جیهانی و هەرێمایەتییەكان، تەنانەت ناوخۆییەكانیش، دەرخەری ئەوەن کە میدیا لە چ ئاستێكدایە و بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت، ئاڵەنگاری و گرفتەكانی كامانەن و پێوەر و دەرچەكانیش لە كوێدان. 
بەستنەوەی میدیا (بە میدیای نوێ و سۆشیال میدیا و ناو و دەستەواژەكانی دیكەوە)، لەگەڵ رووداو و پێشهاتەكان، بەتایبەتی جەنگ و ململانێكان، لەسەر دوو ئاست هاوكار دەبێت بۆ ئەوەی باشتر لە وێنەكە تێبگەین، هەم دەتوانین بارودۆخی میدیا ببینین بەوەی تا چەند كاریگەرە و لەم سەردەمەدا چۆن كاردەكات و چۆن مامەڵە دەكات و چۆنیش رووماڵی پرسە جیاوازەكان دەكات.
هەروەك ئەوەش زیاتر روون دەبێتەوە كە ئیتر میدیا تەنها سەكۆی گواستنەوە و بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیارییەكان نییە، بەڵكو بۆتە چەكێكی كاریگەر و لە چەندین بوار و لە كات و سەردەمی جیاواز و بە شێوازی جیاوازیش بەكاردێت!
لە دوو ساڵی رابردووی جەنگی ئۆكرانیا و روسیا و هەروەها جەنگی چەند مانگەی كەرتی غەزە، لەسەر ئاستی جیهانی و مشتومڕ و ناكۆكی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر ئاستی ناوخۆیی، چەند بابەت و دۆسێیەكی گرنگن كە دەكرێت لە رێگەیانەوە زیاتر ئاشنای ئاست و شێواز و چۆنێتی كاركردنی میدیا بین. هەروەك دەشكرێت جارێكی تر بە دوای وەڵامی پرسیارەكانی كۆنترۆڵكردنی میدیادا بگەڕێین، یان بە داڕشتنێكی دیكە، ئایا سۆشیال میدیا كۆنترۆڵ دەكرێت؟ ئایا راست و ناڕاستی تیادا دەوترێت؟ 
ئایا دەتوانێت رای گشتی دروستبكات؟ یان چۆن كۆنترۆڵ دەكرێت و چۆن راستیی تیادا دەسكاریی دەكرێت و چۆنیش دەتوانێت رای گشتی ئاڕاستە بكات!
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە و چەندین پرسیار و گومانی تر، رەنگە زیادەڕەوی نەبێت كە بڵێین میدیا بەگشتی، بەتایبەتی سۆشیال میدیا جارێكی تر سەلماندیەوە كە كۆنترۆڵ ناكرێت، بەتایبەتی لەو وڵات و كۆمەڵگەیانەی ئاشنای پێوەرەكانی را و رای جیاواز بوون و هەمیشە بە دیدگای گومان و دوو دڵییەوە دەڕوانن و بڕیار دەدەن. 
واتا لەو سەردەمەی جەنگ بەرپایە و خوێن دەڕژێت و ماڵ و شارەكان خاپوور دەبن، یان لەو كاتەی بیستنمان سیخناخ دەكرێت بە ژاوەژاوی رێكەوتن و بودجە و مووچە و ئەكاونتی بانكی، سۆشیال میدیا دەرچەیەكە بۆ گوزارشتێكی راستگۆیانە لەبارەی بار و گوزەرانی خەڵك و دووركەوتنەوە لە گوتاری ئاڕاستەكراوی دەسەڵات و ئۆرگانە رەسمی و بەرپرسیارەكان.
لە راستیدا چەندین جار هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە دراوە، بەڵام هەر سەردەمە و هەر پێشكەوتن و پێشهاتێك سەرلەنوێ ئەو مشتومڕانەی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێتەوە كایە كە ئێستاش بە جۆرێك لە جۆرەكان لە دامێنی سەردەمێكی نوێداین و بینەری پێشهات و گۆڕانكاریی نوێین، كورت و پوخت و بەبێ رۆچوون بۆ ناو قووڵایی تیۆریی دەتوانین بڵێین، میدیا بەتایبەتی سۆشیال میدیا، كۆنترۆڵكردنی زەحمەت و مەحاڵە، مەگەر وەك ئەو وڵاتانەی هەر لە بنەڕەتەوە سۆشیال میدیا و میدیای نوێیان قەدەغە كردووە یان لە رووی تەكنیكییەوە سنوورداریان كردووە، بۆیە دەرفەتەكە گونجاوە بۆ ئەوەی راست و ناڕاستی تێدا بوترێت، ئیتر ئەوە وەرگری هۆشیارە كە راستی دەناسێتەوە و جودای دەكاتەوە لە زانیاریی ناڕاست و هەڵبەستراو یان شێوێنراو! بەڵام لە هەر بارێكدا، سۆشیال میدیا و میدیای نوێ بەگشتی، دەرفەتی دروستكردن و خوڵقاندنی رای گشتی، یان دروستكردنی كاریگەریی لەسەر وەرگر و جەماوەر لە بەردەمیاندا كراوەترە!

وتارەکانی نوسەر